331661019_702129194928109_1250075964008655203_n

2023/02/23

کتێبێک بۆ تێڕامان و بیرکردنەوە

ئارام سدیق
بۆ دەنووسیت؟ هۆکاری ئەوەی دەتەوێت لاپەڕە ڕەش بکەیتەوە چییە؟ ئایا پاڵنەرەکەت تەنها نووسەربوونە؟ یان دەیەوێت لە گۆشەنیگای خۆتەوە سەیری ژیان بکەیت و ئەو ڕوانینانەت بۆ ئەوانی دیکەش بە سوودە، بۆیە دەیتەوێت بنووسیت؟ چیت لە نووسەربوون دەوێت؟ دەتەوێت لەڕێیەوە دەوڵەمەند بیت؟ یان دەتەوێت لە ڕێیەوە خۆت باشتر بناسیت؟ تۆ پێویستت بە نووسینە؟ یان نووسین پێویستی بە تۆیە؟
ئەم پرسیارانەی سەرەوە و چەندین پرسیاری دیکە پێویستە هەموو نووسەرێک ناوە ناوە لە خۆی بکات و هەوڵی ئەوەش بدات کە وەڵامی بداتەوە. هەموو نووسەرێک گرنگە بزانێت بۆ دەنووسێت؟ ئایا نووسین پێویستی بەوە؟ یان ئەو پێویستی بە نووسینە؟ نووسەرە داهێنەرەکان ئەوانەن، کە نووسین پێویستی بەوانە و لێیان دەخوازێت کە تێکستی نەمریان پێشکەش بکات. لە بەرامبەریشدا خۆبەنووسەرزانەکان پێویستیان بە نووسینە بۆ ئەوەی بەردەوامی بە شاعیربوون و نووسەربوونی خۆیان بدەن و لە ڕێیەوە بەو ئامانجە ڕۆژانەییانە بگەن، کە مەبەستیانە. نووسین بۆ ئەم جۆرەی نووسەر پلیکانەیە، یان پردی پەڕینەوەیە بۆ شتێک کە دوورە لە ئامانجە ڕاستەقینەکەی نووسینەوە. نووسەربوون سووتانە لەگەڵ وشە. دۆستایەتییە لەگەڵ ڕستە و هاوسێبوونی هەمیشەیی تێکست و کتێبەکانە. تێکستی داهێنەرانە لە هەناوی تێکستەکانی دیکەوە دێتە دەرەوە. هیچ تێکستێکی داهێنەرانە نییە لە بۆشاییەوە بێتەدەرەوە. ئەوەی ئەم بۆچوونەی هەبێت دەیەوێت ڕۆڵی پێغەمبەرایەتی بە نووسەران ببەخشێت کە ڕۆڵێکی هەڵەیە.
حەسەن بەلاسم؛ بەو چەند بەرهەمە کەمەی من خوێندوومەتەوە ئەوەی لا جێگیرکردووم کە نووسەرێکی ڕاستەقینەیە و ئەو وشە فڕێ نادات، بەڵکو وشە لە ناوکۆیی خۆیدا و لەو جێگەیەی کە پێویستە دەخولقێنێت. بەلاسم پابەندی ژانرێکی دیاریکراو نییە، یان دروستتر بڵێم ئەو نایەوێت پابەندی بە ژانرەکانەوە بۆ خۆی دروست بکات، بەڵکو ئەو خولقێنەری ژانری دیکەیە کە لەو ژانرانە ناچێت کە پێشتر هەبوون. ئەو بەهۆی ئەوەی سینەمای خوێندووە لەنێو چیرۆک و دەقەکانیدا ڕەنگدانەوەیەکی وردی ئەم هونەرە بە نووسین و فەرزای تەواوی دەقەکانییەوە دیارە.
کاتێک بۆ یەکەمجار ساڵی 2000 کورتە فیلمی “کۆتاییەکان”م بینی، کە لە نووسینی جەسەن بەلاسم بوو، ئەوە یەکەمجار بوو بەر ناوی ئەم نووسەرە بکەوم، هەر ئەوکات زانیم کە نووسەرێکی عەرەبیزمانە، بەڵام لە کورستان دەژی. ئەو کورتە فیلمە ئەگەرچی لە فیستیڤاڵی کورتە فیلمی ئەو ساڵەدا خەڵاتی وەرگرت، بەڵام تا هەنووکەش یەکێکە لە کورتە فیلمە گرنگ و پڕماناکان و چیرۆکێکی بەهێز و تاڕادەیەکی زۆریش جیاوازی هەیە و ناوە ناوە سەیری دەکەمەوە.
هەر لەو یەکەم بەرکەوتنەمەوە بەناوی بەلاسم ئیدی هەستم بەوە کرد من لەبەردەم نووسەرێکی جیاوازنووسدام، نووسەرێک، کە لە تەقلیدییەت هەڵدێت و دەیەوێت گۆشەنیگای دیکە بۆ گێڕانەوە بدۆزێتەوە، یان دەیەوێت ئەو سەرزەمینانە بپشکنێت کە ئەوانی دیکە حەوسەڵەی پشکنینیان نییە. کاتێکیش کتێبی “فەرهەنگەپیاو”م خوێندەوە هەستم کرد ئەو بۆچوونەی کە لەو کورتە فیلمە و چەند چیرۆکێکی پەرتەوازەیەوە بۆم دروست بوو بوو بۆچوونێکی هەڵە نەبوو. کتێبی “فەرهەنگەپیاو” لە وەرگێڕانی زانیار عەلی و لە بڵاوکراوەکانی وەشانی نووسیارە، کە بڕیارە ئەم وەشانخانەیە سەرجەم بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە بە کوردی بڵاو بکاتەوە و تا ئەو جێگەیەشی ئاگاداربم ئەم کارە بە ڕەزامەندی خۆیەتی و بە فەرمی گرێبەستیان لەگەڵدا بەستووە.
کتێبی “فەرهەنگەپیاو”؛ زەحمەتە لەژێر ناونیشانی ژانرێکی دیاریکراودا پۆلێن بکرێت، چونکە دەقەکان هەم چیرۆکن و هەم پەخشانی گێڕانەوەیین، هەم شیعریەت تێیاندا باڵادەستە و هەم ڕامانی قووڵن لە زمانی بوونەوەرێکی تەنیای بێلانەوە. بە دیوێکی دیکەدا هەم یادداشتن، هەم تێکستی فەنتازین. بۆیە ئەوەی گرنگی ئەم دەقانە زیاتر دەکات کراوەیی و پۆلێن نەکردنیانە، بەڵام ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە کە هەموو دەقەکان هەڵگریی گوتاریی تایبەت و جازبییەتی خوێنەرن. خوێنەر کاتێک ئەم کتێبە دەخوێنێتەوە بەدەستی بەتاڵ کتێبەکە داناخاتەوە، بەڵکو پڕ دەبێت لە پرسیار و گومان و بیرکردنەوە. تێکستەکانی بەلاسم تێکستگەلێکن کە وروژێنەری بیرکردنەوەن. ئەو هێزەیان هەیە مەنگی هزری خوێنەر بشڵەقێنن. دوای خوێندنەوەی هەر تێکستێکی ئەم کتێبە مەودایەکم وەرگرتووە بۆ ئەوەی بیری لێ بکەمەوە و لێی ڕابمێنم. کتێبی “فەرهەنگەپیاو” کتێبێکە بۆ تێڕامان و بیرکردنەوە. کتێبێک بۆ بەرکەوتن بەو چەمکانەی فەرامۆشمان کردوون، بۆ قسەکردن لەسەر ئەو شتانەی لامانوایە بڤەیە و نابێت بیریان لێ بکەینەوە و باسیان بکەین. هاوکات دەتوانم بەلاسم بە نووسەری بێڕتووش ناوبەرم، کە بێ پەردە و لە قووڵاییەوە دەنووسێت.
دەمەوێت کەمێک لەسەر ئەم کۆتا ڕستەیە هەڵوەستە بکەم. بەشێک لە نووسەران کاتێک دەیانەوێت بێ پەردە بنووسن لەنێو فەزایەکی ڕووکەشگەرادا دەنووسن و کاتێک باسی “عەشق، جوانی، ناشرینی، سێکس، پیسایی، شار” چەندین چەمکی دیکە دەکەن ناتوانن لە قووڵاییەوە باسی ئەم چەمکانە بکەن، بەڵام لای بەلاسم کاتێک کاراکتەرێک ڕستەیەک فڕێ دەدات هەست بە قوورسایی و قووڵایی ڕستەکە دەکەین، نەک هەست بکەین لە بۆشاییەوە لە دایکبووە. بە گشتی تێکستەکانی “فەرهەنگەپیاو” لە قووڵاییەکی مەعریفییەوە لە دایکبوون، بۆیە ئەو خوێنەرەش دەتوانێت چێژیان بکات کە بگاتە ئەو قووڵاییە و هەست بە جوانی و گرنگیان بکات.
دەستخۆشی بۆ وەشانی نووسیار و زانیار عەلی، بەهیوام بەردەوام بێت لە وەرگێڕانی کارەکانی دیکەی بەلاسم.