318640911_5854771364580582_8309279828193685559_n

2022/12/07

چیرۆکێک کە هەرگیز تەواو نابێت

سەیوان محەمەد

“داپیرەم لە ساڵی ١٩٩٥ لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا کوژراوە. بەناو ئەو هەموو گوللە و هاوەن و تۆپەدا تێپەڕیوە، های باپیرەم چەند بە جۆش دەیگێڕێتەوە. . . کەس بە کەس نییە؛ پاس وەردەگەڕێن، پەپوولە بەر پێلەقە دەدرێن، کلووەبەفر دەست بەسەر دەکرێن، وتەی (ئەگەر گوڵ نیت، دڕکیش مەبە)، ئەم وتە بەستەزمانە، گەرچی لەو کاتانەدا زۆر باویش بووە، کەچی لەگەڵ پێنج شەش هاوڕێی دیکەی خۆی لە دەشتێکدا گوللەباران دەکرێن. جا داپیرەم بەناو ئەو داڵانە تاریک و قوڕبەسەرانەی شەڕدا هەڵتەک هەڵتەک خۆ دەربازی بووە،
کەچی باپیرەم دەیکوژێت.” ل١٤.
بۆ ئەوەی دەقێک بە ئاسانی ڕێگای خۆی بۆ ناو خوێنەر بدۆزێتەوە پێویستە پاش خوێندنەوەی بناسێنڕێت، ئەگەرنا نادادییە بەرامبەر کتێبەکە و خوێنەریش کە بهێڵین دەقێک بە بێدەنگی تێپەڕێت.
ئەم ڕۆمانەی ڕێبین خدر لەو دەقانەیە کە شایانی خوێندنەوە و لەسەر وەستانە. «زمان پایسکلێکی شکاو لێدەخوڕێت» لە کەشێکی سوریالی و خەیاڵئامێزدا بە تێڕوانینێکی رەخنەییانە کۆمەڵێک کێشەی وجودی و بونیادیی ئینسانی ئێمە بەیان دەکات، بە زمانێکی ئەدەبی جوان و بەسەر پایسکلێکەوە هاوڕێ لەگەڵ (ئارەزوو) بەناو هەولێردا، کە دواجار نمایەکی بچووککراوەی دونیای ئێمەیە، دەمانگێڕێت و پێکەوە چێژ لە شیرینی هاوڕێیەتی و ئازادی و ئەدەب دەبینین و تامی تاڵیی پلار و تەشەر و گێچەڵ و ستەمی کۆمەڵگا دەکەین. کیژێک بە هاوڕێیەتی سێ لاو دەیانەوێت پێ بە نەریت و کولتوردا بنێن، لە کۆمەڵگایەکدا کە سەرەتا بە چاڵە تاقانەکەی باوکی ئارەزوو دەست پێ دەکات، کە هەمیشە داوا لە کەسانی دەوروبەری دەکات «زمان لە سورەتی ڕەحمان بدەن»، بەڵام لەکۆتاییدا پاش دەرکەوتن و بەهێزبوونی زەبەلاحەکانی نەریت و ئاین ژمارەی چاڵەکان هێندە زۆر دەبن کە هەموو مرۆڤەکان، کە هەریەکە و دەموچاوێکی دیی پۆشیوە، تەنیا و تەنیا دەتوانن لە چاڵەکاندا و چەشنی مردوو مات و بێدەنگ پەنا بگرن.
بەناو شارێکدا کە چی دی هیچ سیمایەکی شارەکەی پێشوو نییە، بەناو وێرانەیەکدا، ئارەزوو سەرەڕای لەدەستدانی یەکێک لە هاوڕێکانی و کەمئەندامبوونی خۆی و ئەوانی تریان، هێشتا لە گەڕان بەردەوامە تا خۆی لە چنگی زەبەلاحەکان بپارێزێت، کە ئیدی لە هەموو شوێنێکن، ئەو بە سواری پایسکلێکی شکاوەوە کە بە ئەستەم دەتوانێت لێی بخوڕێت، هێز دەداتە بەر خۆی لە گەڕان بەدوای ماڵ و خێزانەکەی کۆڵنادات. لە گەڕانیدا تەنیا ڕۆحی مردووی منداڵیی خۆی و تارماییەکانی دایکی خەندەی بەڕوودا دەکەن و بە گۆرانی و بەسەرهاتی خۆش یاریدەرین تا ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە و چیرۆکەکەی لەسەر چەندین پارچە کاغەز بنووسێت بییاندات بەدەم باوە، تا دواتر ئێمە کۆیان بکەینەوە و پێکەوەیان بنێین و چیرۆکی ئەو بخوێنینەوە. . . چیرۆکێک کە هەرگیز تەواو نابێت.