لە چاوەڕوانی قوژبن-دا
خەلیل سەلیم
لەو سەردەمەدا کۆی شتەکان بەرەو ڕووکەشییەکی بێمانا فۆڕم دەگرن. ئەو هەڵومەرجەش بەشێکی زۆری شتەکانیان وەک بابەتی بێ بەها وێناکردووە و وای کردووە بە پاڵپشتی سۆشیال مێدیا و مێدیای ڕووکەشانە بازاڕییان بۆ گرم ببێت. یەکێک لەو بابەتانەش کە ڕووکەشی و بێ مانایی گرتوویەتەوە شیعرە، کە لەجیاتی ئەوەی پەیام و تەکنیکێکی شیعرییانەی هەبێت، بۆخۆی بووەتە ڕابەری ئەو بێ بەهاییە. ئەگەر وەها بیرکردنەوەیەکیش ڕاست نەبێت! چلۆن نمونەی شاعیری وەک نەوژین سۆران و هاوشێوەکانی دەبنە فیگەری نێو ئەدەبیاتی کوردی و بەرهەمە بەتاڵەکانیان دونیای کتێبخانە داگیر دەکەن؟
لەگەڵ ئەو ڕووکەشییەشدا هەندێ جار وەک ئەوەی ڕێکەوت ڕێکیخستبێت بەرهەمێکت بۆ دێتە پێش کە هیوا لەدەستچووەکان دووبارە زیندوو دەکاتەوە.
بەهۆی هاوڕێییەتیم لەگەڵ سۆران، ئەگەر هەموو شیعرەکانی ئەو دیوانە نەبێت، بەشێکی هەرە زۆری شیعرەکانم بەر لە چاپبوون خوێندۆتەوە، ئەویش تەنیا لەبەر ئەوەی خوازیاری شیعرەکانی بوومە و داوای خوێندنەوەم بۆ کردووە. بۆیە ئەوەی گەرەکمە بیلێم قسەیەک نییە لە بۆشاییدا خول بخواتەوە.
بەهەمەحاڵ سەرەڕای ئەوەی چاوەڕوانی ئەوەم کات خێرا تێپەڕێت چاپی کتێبەکەم هەبێت، پێشنیار دەکەم کە هاوڕێکانم ئەو دیوانە تژی سیمبولیکە لەدەست خۆیان نەدەن، ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک؛
1/ئەو دیوانە سەر بە نەریتی شیعری لاسایی کردنەوە نییە و جۆرێکە لە تەکنیکێکی پۆستمۆدێرنانەی شیعر.
2/ زمانی شیعری کاکە سۆران، زمانێکی کوردی تێکەڵ لە هەموو زاراوەیەک کە ئیستاتیکای زمانی تێیدا پانتاییەکی گەورە داگیر دەکات.
3/ زمانی شیعری جۆرێک لە شێتیەتی وەک ڕوحی خۆی تێدایە، کە تەنێ لە خوێندنەوەی هەستی پێدەکەی.
4/ سایکۆلۆژیەتی شیعرەکان بەجۆرێک تەکنیک کراوە، کە بەشێوەیەکی نائاگاییانە هەست دەکەی تۆ شیعرەکەت نووسیوە، یان باشترە بلێم بەجۆرێک ڕێکخراوە کە وەک ئەوەی چیرۆکی هەموو خوێنەرانی زانیبێت و بە شیعر دووبارە بۆمان بگێڕیتەوە.
5/ لەڕووی پەیام و ناوەرۆکی شیعرییەوە، هەڵگری خەمی کۆیە و خود تەوەری و نووزانەوەی شاعیر بەدەوری بابەتی بچوکدا لە شیعرەکاندا پێشچاو ناکەوێت.
6 / لە یەک کاتتدا دووشدامانی خۆمانمان پێشاندەدات و لە هەمان کاتیشدا ڕووحی بەرەنگاریمان تێدا دەفراژێنێ.
7/ ڕچکە شکێنی و بوێری لە شکاندنی تابۆکان، وێنایەکی دیکەیە کە لە شیعرەکاندا بەرچاو دەکەوێت.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش هێشتاش بەرچاوڕوونییەک لەو شیعرانەدا، وەک ڕوحی خۆی بە پەنهانی دەمێننەوە و وەک وێردی سەر زمانی خۆی، لە زمانی سیلانەوە کە ئێژیت “وەرە گۆڕێک لە هەوا هەڵکەنین ئەوێ تەنگەبەر نییە” (هەڵەتە ئەگەر بەتواوی نووسیبێتم) دەبێت گۆڕێک لە تێڕامان درووست بکەین، هەتا فانتازیای شیعری دیوانی قوژبنیش تەنگەبەر نەبێت…