شیعر گرێیه‌كی ئۆدیپۆسییه
پەیامی براوەی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم ٢٠٢٢
سۆران محه‌مه‌ده‌سووره
1
شیعر گرێیه‌كی ئۆدیپۆسییه، ئه‌م گرێییە شاعیر ده‌توێنێته‌وه، هه‌رگیز جگه له نائارامییەکەی، كه خودی شیعره، بۆ هاوماڵیی و هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵی كه‌سی تر ناناسێت؛ تا ئه‌وه‌ی ئه‌م ژانره به‌م نائارامییەوە سه‌ری پێدهنێتهوه، ئارامیی ئه‌و: ئازارێكی دهستلێههڵنهگیراوه.
بۆیه ئەو کەسەی ژانری “شیعر”ی هەڵبژاردووە، خۆی خستووەتە ژێر بەرپرسیاریی و ئەرکێکی مەزنەوە، بەرپرسیاریی و مەزنیی لەژێر ناوی ئەم ژانرەدا، بەرترس و مەترسییدارە، لێرەوە من هەرتم بە ترس و دڵەڕاوکێوە لەگەڵ ئەم ژانرەدا ژیاوم و دەژم. ژانرێک کە هەوڵمداوە تەواوی ژیانمی بۆ تەرخان بکەم.
شیعر ڕادەستی شاعیر نابێت، بەڵکوو ئەوە شاعیرە کە دەبێ خۆی بەدەست شیعرەوە بدات، شاعیر لەژێر شیعردا دەبێت وەک ئەو نەمامە بێت، کە بەفر، گەرما و بڕکی وەپشتسەر داوە و با هێناویەتی و بردوویەتی، تا ڕەگ و ڕیشەی دابکوتێت و هەرتم چەکەرە بکات و لە دڵەکوتەی نوێبوونەوەدا بێت.
لێرەوە شیعر ئه‌و ترووسکاییەیه هەمیشە بوونم دەهاڕێت و یەکێکی نوێتر، دوورتر و بێگانەترم پێ ناس دەکات. شیعر ده‌بێ بیربكرێته‌وه، بۆیە شیعر بۆ من لە هەر شتێکی تر، هەردەم و بێپسانەوە بێگانەئاسا دهێتە ژیانمەوە و هەرتم هڤالەک ب هاوڕێیەتییم سرک و ناسازە، لەپێناو زیندووهێشتنەوەی خۆی و مکوڕبوونی منی بێدەنگیی لێگرمۆڵەبوو.
2
پرسیارێک کە مێشکی زۆربەی نووسەرانی بەخۆیەوە خافڵاندووە، ئەوەیە کە ئایا شیعر ئەمڕۆ لەپاشەکشەدایە؟ خەڵک نایخوێنێتەوە؟ بازاڕی نییە؟ و چەند پرسیاری تری ئا لەم جۆرە، وەڵامەکەی من سادەیە، بەڵام نایگشتێنم، ناکرێت ئێمە ئەو چاوەڕوانیییەمان لە شیعر هەبێت، کە مانگ و ساڵانە کۆمەڵێک دەنگی شیعریی بەدونیا بهێنێت، بەڵکوو چاوەڕوانیی ئەوەمان لێی هەیە، شاعیرێک یان شیعرێکی نەمر بە ڕێگەی نەمریی بسپێرێت. هەر بۆیە سەری دونیای ڕۆشنبیری ئەمڕۆی کوردیی جمەی دێت لە شیعرنووسین و شیعریش پەرێزی گرتووە لەم بازاڕە تێکچڕژاوەی کە ئەمڕۆ بەنێوی شیعر ههڕمێنراوه و دهههڕمێنرێت.
ئەمڕۆ شیعر نە لە پاشەکشەدایە و نە له پێواری خوێنەری شیعرە، بەڵکوو شیعر خۆی ژانرێکی نەگیرە، ژانرێکە بەدوای بازاڕ، دەنگۆ و لێشاوه‌وه نییە، ئەوە بازاڕی چاپخانە و ڕۆشنبیری پارەدۆستی کوردیییە کە وەها تێگه‌یشتن، یان پرسیار و چاوەڕوانیییەکیان لەم ژانره هەیه. به‌درێژایی مێژوو مامه‌ڵه‌كردنی شیعر له‌گه‌ڵ به‌رده‌نگێكی كه‌م بووه، نه‌ك ده‌م ههراشیی، ئه‌م كه‌مه‌ش ئه‌مڕۆ وه‌ك خوێنه‌ری شیعر به‌رده‌وامیی هه‌ر هه‌یه. به‌ڵام ئه‌م به‌رده‌وامییه، یان ئه‌م به‌رده‌نگه، به‌رده‌نگی شیعری بازاڕیی و هه‌ڵگره‌وه‌ی چه‌پڵه‌ی هاوڕێیانه نییه، هه‌ر بۆیه‌شه ناكرێت ببه‌سترێته‌وه به نه‌بوونی ده‌قی ڕژد و شاعیریش.
له‌لایه‌كی تره‌وه بەشێکی ئه‌و شیعره‌ی ئەمڕۆ، كه له‌نێو بازاڕدایه نه‌یتوانیووه نیشتەجێ ببێت، بۆیه نیشته‌جێش نابێت چونكه ئه‌م نووسه‌رانه شیعر بەپێی خواستی برەوی بازاڕ دەنووسن. به‌ڵام شتێك كه له شیعریان داماڵیووه، ئه‌و په‌یوه‌ندییه دووسه‌ره‌ی شیعره كه له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه هه‌یه‌تی، شیعر هه‌ر ته‌نێ كه‌فوكوڵ، هه‌ست و سۆز نییه، شیعر ده‌مودووی هزره، چاوێكی ڕه‌خنه‌ی سه‌رده‌می خۆیه‌تی به‌سه‌ر ته‌واوی ژیانی مرۆڤه‌وه، كه ده‌یه‌وێت بیركردنه‌وه و ئاگاییی مرۆڤ وه‌ربچه‌رخێنێت، به پشتبه‌ستن به تێگەیشتن و خوێندنەوەی سەردەم لەڕووی دۆخی فه‌رهه‌نگیی، کۆمەڵایەتیی، دەروونیی، ئابووریی، زمانیی و ڕامیاریییەوە، هەر ئەمەش وادەکات شیعر جێ‌نشین بێت و ئەرکە کارییگەرییەکەی بگێڕێت و ڕێگە بە کەلێن و بۆشایی نەدات هەر بەم جۆرە بمێنێتەوه. واته شیعر ئه‌ركی ناوه‌خن، كهلێنكاریی؛ كه‌لێن سازاندن و هه‌ڵدانه.
3
ئایا شیعر بەگژ دەسەڵاتدا دەچێتهوه؟
نامەوێت سیاسیەکانمان بەو ڕاستییە وەپەلەقاژە بخەم کە شیعر پەڕوباڵکردن، کەوڵکردن و هەڵپاچینی سیاسەتە و لەنوێوە دەیسازێنێتەوە. چونکە لە کوردستان و باشوور بەتایبەتیی دەسەڵاتگەیلی نەگۆڕ،؛ ساڵانێکە کەوتوونەتە دژایەتیکردنی شیعر و شاعیر، جا لەڕێگەی بەکارهێنانی خەڵک و پیاوانی ئایینییەوە بووبێت، یان لەڕێگەی بەخشینی تۆمەتی سیاسیی و ڕەوشتییەوە، ویستوویانە خەڵک لە شیعر و شاعیر بێزەوەر بکەن، لە بازاڕی کار و کەسابەتی سیاسیشیاندا بە شیعر مرد و شاعیر خەڵەفاوە ب ڕێیا دەمڕاست و پارێزەرانیان تا ئاستێکی زۆر ئەمەیان بۆ چووەتە سەر. بەڵام لایەکی زیندووی شیعر و ڕاستینەی شاعیر ئەوەیە کە دەیڵێم:
سیاسەت لێرە نە درزی تێکەوتووە نە قەڵشیش بردوویەتی، بەڵکوو داڕماوە و خەرەندێکمان لەبەردەمدایە، ئالێرەوە
شیعر بەگژ دەسەڵاتێکی جێگیر و داپڵۆسێنەردا دەچێتهوه، کە ناتوانێت خۆی بگۆڕێت و نوێ ببێتەوە. لەبەر ئەوەیه سروشتی شیعر هەردەم نوێبوونەوەیە. هەر شتێک لەنێو خۆیدا بکوڵێت، ناتوانێت جێگیر بێت، ئەو شت و کەسەی جێگیر نییە و ناحەجمێت هەڵگری دووانەیییەکانی ژیانە، واتە بەردەوامیی لە نوێبوونەوەدا. چونکە ئه‌م کوڵانە پڕۆسە و دۆخێکی وەبەرهێن و بووژانەوەیییە. بوون و ژیانی كوردیش دۆخێكی ناجێگیر و هه‌رده‌م له كوڵانه، له‌م كوڵانهدا دوو ده‌مار هه‌یه، ده‌ماری خه‌یاڵاندن و ده‌ماری شێتیی، هه‌ردووكیان ده‌ماری هه‌میشه‌ییی شیعرن. شیعر بەبێ خەیاڵ و شێتیی دنیای لێ تەنگە. کوردیش پەیوەندییەکی ڕووحیی لەگەڵ ئەم دووانەیییەدا هەیە، بەشێوەیەک ڕستەی یەکەم ئەوهای لێدێت: “کورد بەبێ خەیاڵ و شێتیی دنیای لێ تەنگە”. دونیای کوردیی ئەو خەیاڵ و شێتییەی لێ بستێنیتەوە دەمرێت، دەتوێتەوە، دهقورمچێت. هەربۆیە زمان، ژیان و چالاکییەکانیشی بەرهەمی زاناندنی ئەم دووانەیییەن.
ئەگەر ڕستەی یەکەم و دووەم بەم شێوەیە بنووسینەوە؛ “دایک/سروشت خەیاڵ و سەرشێتیی فڕێ نادات، بەڵکوو دەیزێنێت”، ئەوە کورد هەمیشە لە فیچقاندنی دادەژێت. ده‌مه‌وێت بڵێم: شۆڕشی ئازادیی ئه‌مڕۆی ڕۆژهەڵات لەژێر جاڕی “ژن، ژیان، ئازادیی” زاندنی ئەم دووانەیییەیە، چونکە ڕووحی ڕەسەنی کوردیی فرچکی پێدەدات. هەر بۆیەش ئەم شۆڕشە شۆڕشێکی شیعریییە کە خەون، خەیاڵ و شێتییەکی بۆ ئازادیی/ بۆ بەیانیی پێیە، شیعریش هەر ئەوەیە کە مکوڕە لەپێناو ئازادیی مرۆڤ کە دەستەمۆ نەکرێت. بۆیە هەردەم دونیای کوردیی دوونیایەکی شیعریییە و بەبێ ژیانێکی شیعرییش ئازادییمان لێتەنگە.
ئەمڕۆ شیعر بۆ کورد جەختکردنەوەیە لە بێماڵیی و بێناسنامەیییەکەی، لەم بەستێنەوە ئازادیی و نوێبوونەوە کە ڕەگەزە سەرەکییەکەی شیعرن، بەرەو زایەڵاندن دەهاوێژرێن، لەڕێگەی قیژە و جاڕدان دژی ئەو دەسەڵاتەی جلک و چوارچێوەیەک دادەتاشێت و خەیاڵ و ویستی تاک داگیر دەکات و دەیەوێت بیهاڕێت، شیعر دێت ئەو قیژەیە بەردەداتە دونیا، ژن و پیاو بەرەو ئایندەیەکی نوێ بانگهێشت دەکات، كه دۆزینه‌وه و گه‌ڕانێكی نوێ و هه‌میشه‌یییه. ئه‌م گه‌ڕان و ههمیشهیییهش له‌نێو خودی زمان به‌گشتیی و زمانی كوردیی به‌تایبه‌تیی ده‌ژێت، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مانایه‌كی نوێ بۆ ئه‌وه‌ی له پڕۆسه‌ی بووناندندا ئازادیی بگێڕێته‌وه.
بۆیە شۆڕشی ڕۆژهەڵات کە تەواوی ئێرانی گرتەوە و جیهانی ڕاچڵەکاند، ڕووحێکی شیعریی (کوردانه‌ی) زاندە نەتەوەکانی تری ئێران، ئه‌م ڕووحه شیعریییه بەرەو دۆزینه‌وه، ناسنامە و ئازادیی ڕێده‌كات.
ده‌بێ به‌كورتیش بێت ئه‌وه دووباره بكه‌مه‌وه و بڵێم، ئه‌و شیعرگهلهی كه ئه‌مڕۆ لهبازاڕدانه و ناخوێنرێنه‌وه، هه‌ڵگری ئه‌م ڕووحه شیعریییه نییه كه له‌باره‌یه‌وه جڤیام، به‌ڵكوو ڕووحێكی سارد و سڕه و لە زمان، بێناسنامەبوونی تاكی كوردیدا ناژن، هه‌ربۆیه نه‌ژیاو ڕووحی به‌به‌ردا ناكرێت. له‌كاتێكدا شیعر ڕووحبهرداكردنی ژیا‌و و نهژیاوهكانه.
4
له كۆتاییدا گه‌ره‌كه بێژم “قوژبن” یەکەم بەرهەمی شیعرییمە، کە ئەمساڵ براوەی خەڵاتی 2022 نووسیار بوو بۆ شیعر. شیعر هه‌ر ئه‌و تاقانه‌یه‌یه كه ده‌مه‌وێت دەناویدا فرچک بدەم و ژەهر و شادیی، نەفرەت و ئازادیی خۆمی لێ بخارێنم و ناخی خۆمی پێ بهاڕم، هه‌تاكوو قەدەری تاڵی کوردبوون.
5
دەبێ ئەوەش بخەمە سەر قسەکانم؛ پڕۆژەی نووسیار نقورچک و ڕاچڵەکاندنی دۆخی ڕۆشنبیری کوردیی بەگشتیی و فێستیڤاڵی کوردیی بەتایبەتی بوو. نووسیار هات و نەریتێکی کۆنی فێستیڤاڵسازکردن و چالاکی تێکشکاند و لەشوێنی جۆرە نەریتێکی دیکە و شایستەتری دانا. بۆیە پڕۆژەی ئەدەبیی ئا لەم جۆرە، هەڵگری خەونی جیاواز و کاری جیاوازە بۆ ئێستا و داهاتوو. هەر ئەم جیاوازییەشە کە نافەوتێ و هەرمانە.
6
سپاس ئامادەبووانی خۆشەویست. سپاس بۆ شیعر، سپاس بۆ نووسیار و ماندووبوونی زۆریان، لە بەستێنی ڕۆشنبیرییی کوردییدا بەرز دەنرخێنم.