309335904_536044205190062_6020795016429603923_n

2022/10/14

تازەیی و گەشاوەیی زمان

هۆکاری براوەی کۆمەڵە شیعری (قوژبن)

ڕەزا عەلی پوور

یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی سەبارەت بە شیعری ئەوڕۆ ئاراستە کراوە؛ سەر لەنوێ پێناسەکردنەوەی جیهان  و هەستی و دیاردەکانە، ئەمە لای هەر کام لەو تیۆرییانەی لە بارەی شیعرەوە دوواون، فۆرماسیۆنی تایبەت بە خۆی وەردەگرێت.  بۆ وێنەی لای فۆرمالیستەکان وەک ئاشنایی سڕینەوە دەردەکەوێت. ئەگەر هەر لەم گۆشە نیگایەوە سەیری دەقی هەڵبژێردراو کۆمەڵە شیعری “قوژبن” بکەین دەبینین لە زۆربەی بەند و کۆپلە و وێنەکاندا دەیەوێ پێناسەیەکی دیکەمان لە جیهان و دیاردەکانی بەرباسی شیعرەکەی پێ بداتەوە، ئەو ڕوانینە باو و ئاشنایە بە وێنەیەکی دیکە بگۆڕێت. بۆ ئەمەش شاعیر خۆی لە ناو بازنەیەکی داخراودا قەتیس نەکردووە، بە چوار دەوری خۆیدا چاو دەگێڕێت و وەک سەرەتا لە چەمک و دیاردەکان ناو دەنێت،  ئەم دیتنەی دنیا بە جۆرێکی دیکە ئەرکی هەموو شیعرێکی سەرکەوتووە کە بە بەراورد لەگەڵ شیعرەکانی دیکە لەم کۆمەڵە شیعرەدا باشتر و زیاتر مسۆگەر بووە.

پەتایەک وا چەندین ساڵە بەرۆکی شیعری کوردیی گرتووە  جووڵان و هەناسەکێشانە لە ڕووبەرگەلی تەسک و هاوبەشدا، هەر ئەمە زۆرجار  شیعری شاعیران هاوشێوەی یەکدی دەکات، بە بەراورد لەگەڵ  کۆمەڵە شیعرەکانی دیکە  کۆمەڵە شیعری “قوژبن” لە ڕووبەرێکی بەربڵاودا هێزئاوێژی دەکات و جیهانی خۆی ڕۆ دەنێت. لە ئەفسانە و بیرەوەریی منداڵییەوە تا چەمک و چەلەنجی ئەمڕۆیی کاڤێردەکات و کەڵکیان لێ وەردەگرێت، گەرچی ئەگەر زیرەکانە دانووستان لەگەڵ ئەم بار و حاڵەتەدا نەکرێت لەوانەیە مەترسیی پەرێشانیی لێ‌بکەوێتەوە، بەڵام تا ڕادەیەک جێی پەسەندە، کۆمەڵە شیعری قوژبن توانیویە خۆی لەو گرفتە دەرباز بکات.

سەبارەت بە زمانیش، تازەیی و گەشاوەیی زمان لەم کۆمەڵەشیعرەدا لە چاو دەقەکانی دیکە بەرچاوترە. گەرچی هەر کام لەو کۆمەڵە شیعرانەی دیکەش خەسڵەت و توانستی خۆیان هەبوو بە تایبەت سەبارەت بە زمان، گەرچی بە قوژبنیشەوە کێشەی سترەکتۆر لە جیددیترین کێشەکان بوو، بەڵام کۆبەندی تێبینی و سەرنجەکانی من دەگاتە ئەوەی کۆمەڵە شیعری “قوژبن” وەک دەقی هەڵبژێردراو پەسەند بکەم.