309204178_535892751871874_3698979773614243326_n

2022/10/14

خەیاڵی خوێنەر فراژوو دەکات بۆ دەرەوەی ‘دیار’ و ئاسایی

هۆکاری براوەی کۆمەڵە شیعری (قوژبن)

نەزەند بەگیخانی

ئەم کۆمەڵە شیعرە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانی دیکە جوان و پوخت نووسراوە. وێنەی شیعریی تازە و نایابی تێدایە و لە پشت وێنەکانیش قووڵی و جۆرێک لە ئاڵۆزی هەیە کە ڕوویەکی دیکەی بوون و واقیعی بارگاوی پێشنیار دەکات.

بەکارهێنانی توخمی ئەفسانە و تێکەڵکردنی بە جیهانی شیعری خاسییەتێکی دیکە و گرنگی ئەو کۆمەڵە شیعرەیە، چونکە واتای بوونی خەیاڵێکی ئێستاتیکی و پاشخانێکی فەرهەنگی و میتۆلۆژی دەگەیەنێت. خەیاڵی شیعریی لێرەدا وەک سیمبۆل گوزارش لە نادیارەکان، لەودیوی ڕووکەش و نهێنییەکان دەکات کە خەیاڵی ئاسایی درکی پێنابات. هەر ئەمەشە زمان فراژوو دەکات، تێکەڵ بە خەیاڵی خوێنەر دەبێت بە جۆرێک کە روئیای فراوان دەکات و دەیگوازێتەوە و دەیبات بۆ دەرەوەی ‘دیار’ و ئاساییەکان.

زمانی شیعرەکان زۆرباشە و وشەکان جوان هەڵبژێردراون، لە چاو کۆمەڵە شیعرەکانی دیکە کە شەقڵی باو و زمانێکی سواو و وێنەی شیعری کاڵ و کرچ زاڵە تێیاندا، ئەم کۆمەڵە شیعرە تازەتر و نوێترە.