خوێندنەوەیەک لەبارەی نۆڤلێتی شەوانی فرانکشتاین
جێگر بەختیار
سێ نۆڤڵێتی (عومەر سەید)ـە لە چوارچێوەی کتێبێکدا، بەناوەکانی ( شەوانی فرانکشتاین، ھەڵوەدای تراویلکە، گوڵەکانی پیرەمەگرون). ئەو سێیانەیە ئیشکردنە لەناو ئێش و ئازار و خەماکانی کورد، وردبوونەوەیە لەناو ئەو نەھامەتیانەی تاکێکی کورد چێشتوویەتی – دەی چێژێت.
لەم نۆڤلێتە پێناسەکردنەوەی ئەنفال و قوڵبوونەوە لە کۆمەڵکوژی کوردە. عومەر سەید بەوردی و لەپاش داکردنی زانیاری زۆر و زەبند ئەو سێ نۆڤڵێتەی نووسیووە. خوێنەر ھەر زوو ھەست بەوە دەکات کە ناشێ نووسەری ئەو دەقانە کەسێکی نائاگا بێت و سەر زارەکی ئەوەی نوسیبێت کە ڕۆژانە دێتە گوێی ھەرتاکێکمان.
ھەست بەوە دەکرێت کە نوسەر گەرد گەرد لمی بیابانی کۆکردۆتەوە تاکو پەیکەری ئەو نۆڤلێتە بنیاد بنێت. بەزمانێکی توند و تۆڵی گێرانەوە و بەداڕشتنێکی وردی پلۆت و بە کارەکتەرسازیەکی بەھێزەوە نووسراون. لە کوێ پێویست بووبێت بەحیکایەت و لە کوێ پێویست بووبێت بە دیالۆگ درێژەی داوە بەگێڕانەوە.
ئومێدەوارم وەشانی نووسیار وەک چۆن ئەرکی چاپکردنی کتێبەکەیان گرتۆتە ئەستۆ، ھەوڵبدەن وەریبگێڕن بۆ سەر زمانی عەرەبی و چاپ و پەخشی بکەن.