گه‌ڕانێكی ئه‌نتۆلۆجی به نێو خودێكی بێ شوناسدا
نامیلكه‌ی ” به‌ره‌واژ” ی نارین رۆسته‌م وه‌ك نموونه
دانا عه‌سكه‌ر
سه‌رچاوه‌ی بوونیادی ده‌قی شیعریی لای ئێمه‌ی كوردیش به‌پێی قۆناغ و هه‌لومه‌رجی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هاتووه، گه‌شه‌كردنی ئه‌ده‌ب و فیكر و مه‌عریفه و، سه‌رچاوه‌كه‌ی گه‌شه‌ی شار و گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه، كه خۆی له بواره‌كانی فیكر و فه‌لسه‌فه و پیشه‌سازیدا ده‌بینێته‌وه،ئێمه كاتێك قسه له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری گۆڕانكاریی له فۆرم و ته‌كنیكی شیعریی ده‌كه‌ین، زۆرینه‌ی توێژینه‌وه‌كان ده‌ست بۆ قۆناغی حه‌فتاكان و زیاتر بۆ سه‌رده‌می روانگه و گروپی كفری ده‌به‌ن، بیگومان ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئه‌وانیش په‌یوه‌سته به‌و ئاڵوگۆڕه‌وه كه ئێستا دێمهسهری، به‌ڵام بیرمان نه‌چێت گۆڕانكاریی گه‌وره كه له‌سه‌رده‌می رۆمانتیكدا رووده‌دات، لای ئێمه‌ی كورد هه‌م دیس سوود له پێشكه‌وتنی ده‌ورووبه‌ر ده‌بینین، رۆمانتیكی ئه‌وروپا سوودی له‌ڕێنیسانس و شۆڕشی پیشه‌سازیی وه‌رگرتووه، به‌ڵام رێبازی رۆمانتیكی كوردی سوودی له رۆمانتیك و پێشكه‌وتنی ئه‌سته‌نبول وه‌رگرتووه، سه‌رده‌می رێبازی كلاسیك و رێبازی رۆمانتیك دوو قۆناغی جودای ئه‌ده‌بیاتن، ئه‌وه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكی كوردیدا گوتراوه، سه‌رچاوه‌كه‌ی عریفان و رۆشنبیرییه‌كی قوڵی ته‌كیه‌و خانه‌قاكان بوو، كه هه‌موو پایه‌كانی ئه‌ده‌بی ئێمه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستاوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له شیعری كلاسیكی هه‌ندێك له شاعیرانی كورد، ده‌چێته قۆناغی دێوانییهوه. بۆیه كه قسه له‌سه‌ر گۆڕانكاریی شیعری كوردی ده‌كه‌ین ده‌بێ بزانین سه‌رچاوه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه له كوێوه هاتوون، له‌سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌مان به گۆڕانكاریی ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بی و كاریگه‌ریی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا خسته‌ڕوو كه ئێستا دێنه‌سه‌ری، ئه‌گه‌رچی گۆڕانكاریی له‌شیعری عه‌ره‌بی دوای رۆمانسییه‌ت له قۆناغی دووهه‌مدا بهدرشاكر ئه‌لسه‌یاب و ناز ئهلمهلائیكهوه ساڵی 1938 بۆ 1940 له عیراق سه‌ری هه‌ڵدا، به‌ڵام له میسر زۆر به به‌رنامه گۆڕانكاریی له شیعری عه‌ره‌بیدا روویدا و، قۆناغی یه‌كه‌می گۆڕانكاریی شیعری عه‌ره‌بی له‌میسر له‌سه‌رده‌می مه‌حمود سامی ئهلبارودییهوه ده‌ست پێده‌كات، تا ده‌گاته سه‌رده‌می ئه‌حمه‌د شه‌وقی و حافز ئیبراهیم، ئه‌مه به‌یه‌كه‌م قۆناغی گۆڕانكاریی شیعری عه‌ره‌بی داده‌نرێت، من نامه‌وێ ورده‌كاریی ئه‌و گۆڕانكارییه بخه‌مه‌ڕوو، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه له‌م پێشه‌كییه تیشك بخه‌مه‌سه‌ری گرێدانی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌یه كه ئێمه به خۆیه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. قۆناغی دووهه‌می گۆڕانكاریی له شیعری عه‌ره‌بی له‌سه‌رده‌می جه‌نگی دووهه‌می جیهانی بوو، ده‌مێك رۆمانسییه‌ت به ته‌واوی پاشه‌كشه‌ی كرد و له چوارچێوه‌یه‌كدا گیری خواردبوو، ئیدی له‌و كه‌شه ئاڵۆز و تاریكه‌دا كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری دیاری ئه‌و قۆناغه هه‌ست به مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر شیعر‌و ئه‌ده‌ب ده‌كه‌ن، بۆیه هه‌وڵه‌كانی هه‌ریه‌ك له نیقۆلا فه‌یاز و ئه‌زموونه‌كانی حه‌سه‌ن كامیل ئهلسرفی و خه‌لیل شیبوب و مه‌حمود حه‌سه‌ن ئیسماعیل و مسته‌فا بدوی و فوئاد ئهلخشن و لویس عه‌وز و عه‌لی ئه‌حمه‌د باكسیر، ئه‌م پۆله له نووسه‌رانی میسر توانیان ره‌وتی ئه‌ده‌ب و نه‌خاسمه شیعر به ئاراسته‌ی كرانه‌وه و ته‌كنیكی نوێ ببه‌ن، خه‌ونی ئه‌م نه‌وه‌یه تا كۆتایی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابووردوو درێژه ده‌كێشێت، ئه‌م گۆڕانكارییه له میسر درێژه ده‌كێشێت و به ئاراسته‌ی عیراق و سوریا و لوبنان په‌ل ده‌هاوێت، تاوه‌كو له كۆتایی حه‌فتاكان ره‌وتی شیعری كوردیش ده‌گرێته‌وه، هه‌ردوو گروپی كفری و گرووپی روانگه رۆڵی كاریگه‌ریان به‌سه‌ر ته‌كنیك و دیدی شیعر و چیرۆكی كوردیدا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌م گۆڕانكارییه‌ی ئه‌و قۆناغه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیش رووبه‌ڕووی ململانێیه‌كی تووندی ره‌خنه‌گره ماركسستهكان ده‌بێته‌وه، كه دیارترینیان فوئادی مه‌جید میسری و فازڵی مه‌لامه‌حمود و فوئاد قه‌ره‌داغی ده‌بن، له‌به‌رانبه‌ریشدا شێركۆبێكه‌س له گروپی روانگه رووبه‌ڕووی ئه‌و ململانێیه ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌رچی ململانێكان هێنده‌ی ره‌هه‌ندی ئایدیۆلۆجییان هه‌بوو، نێو هێنده ته‌كنیكی و فیكری نه‌بوون، به‌ڵام به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت جووله‌یه‌كی گرنگی به ئه‌ده‌بی ئه‌و قۆناغه دابوو، واتا ده‌كرێت بڵێین سه‌رچاوه‌ی هه‌ست كردن به گۆڕانكاریی شیعری ئه‌و قۆناغه، به‌شێكی زۆری ئه‌و ململانێیهبوو، ئه‌م ره‌وته له گۆڕانكاریی رۆژهه‌لاتی كوردستانیشی گرته‌وه، ده‌مێك له شه‌سته‌كان هه‌ریه‌ك له سواره‌ی ئیلیخانی زاده وپاشانیش فاتیح شێخولئیسلام “چاوه ” رۆڵی كاریگهران له به‌ره‌و پێشه‌وبردنی شیعری كوردی له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا هه‌بووه، جوله‌ی هه‌ره دیاری رۆشنبیریی و ئه‌ده‌بی كوردیی له‌سه‌رده‌می قات و قڕی و ئاڵۆزییه‌كانی كوردستان له ئه‌نفال و كیماباران كردنی هه‌ڵه‌بجه و رووخانی نزیكه‌ی چوارهه‌زار گوند، ده‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵێك رۆشنبیری كورد جیاوازتر له‌م قۆناغه‌دا ده‌رده‌كه‌ون و، خه‌می گه‌وره‌ی ئه‌وان گه‌شه‌كردنی فیكر و مه‌عریفه‌ی كوردییه ، ئه‌وان هه‌موو ئه‌و خهمانهیان كرد به وه‌سیله‌یه‌ك بۆ گه‌شه‌كردنی فیكر و رزگاربوونی كورد له بێ جووله‌یه‌ی فیكر و مه‌عریفه، ئێستاش جێ ده‌ستی ئه‌وان له گه‌شه‌كردنی رۆشنبیریی كوریدا دیاره، كه له دوای راپه‌ڕین گۆڤارێكی فیكری به ناوی ئازادی ده‌رده‌كه‌ن، پاشان ره‌هه‌ند و دواتر سه‌رده‌می ره‌خنه، به‌ڵام له دوای راپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991 تاوه‌كو ئه‌وڕۆ كه ده‌كاته 30 ساڵ، كۆمه‌ڵێك شاعیری دیار و خاوه‌ن ئه‌زموونی كاریگه‌ر ده‌ركه‌وتن و ده‌كرێ وه‌ك خاوه‌ن ئه‌زموونی خۆیان هه‌ژماریان بۆ بكرێت، وه‌لێ له‌پاڵ ویشدا ته‌كنه‌لۆجیا رۆڵی زۆر خراپی له بهشاعیربوون یاخود شێواندنی چه‌مكی شاعیربوونی خسته‌ڕوو، كه‌سانێك دوور و نزیك په‌یوه‌ندییان به شیعره‌وه نییه، كه‌چی وه‌ك شاعیر ده‌ناسرێن، ئه‌گه‌رچی ئه‌و جۆره كه‌سانه ناتوانن ببن به شاعیر، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئاڵۆزییه‌ك له گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بی و شیعربه تایبه‌تی هه‌س، خه‌ریكه شاعیره به تواناكان له‌ناو ئه‌م گێژاوی جههلهدا ون ده‌بن، سه‌ره‌ڕای ئه‌م ئاڵۆزیی و ناسه‌قامگیرییه‌ی باری ئه‌ده‌بی و رۆشنبیریی به گشتیی، ناتوانین ده‌نگه به‌تواناو خاوه‌ن دیدگا نوێیه‌كانی شیعری كوردیی له‌بیربكه‌ین، ئێمه له نووسینه‌كانی پێشووماندا له باره‌ی نووسینی چه‌ند شاعیر و چیرۆكنووس و رۆمانووسێكهوه قسه‌مان كرد، بۆیه هه‌نووكه‌ش به پێی توانا هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌باره‌ی نووسه‌ره دیاره‌كانه‌وه قسه‌مان هه‌بێت، بۆ ئه‌م جاره‌ش قه‌ڵه‌مێكی جوان و شاعیرێكی نوێخواز و یاخیمان هه‌ڵبژاردووه، ئه‌ویش نامیلكه‌ی” به‌ره‌واژ”ی شاعیر ” نارین رۆسته‌م”ه.
به‌ره‌واژ نامیلكه‌یه‌كی بچووك و چه‌ند شیعرێكی و كورت و دیدارێك له خۆ ده‌گرێت، كه وه‌شانی نووسیار ساڵی 2021 چاپ و بڵاوی كردووه‌ته‌وه، كێشه‌ی ئێمه له بچووكی و كه‌می و كورتی شیعردا نییه، چونكه ئێمه پێشتر ئه‌زموونی چه‌ندین شاعیری خاوه‌ن ئه‌زموونمان له‌و بواره‌دا خوێندووه‌ته‌وه، له‌وانه رامبۆی شاعیر و ئه‌حمه‌د هه‌ردی و چه‌ندانی دی، بۆیه ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه گرنگه شیعرییه‌ت و دونیابینی و دیدگای شیعرییه لای نارین، نارین ئه‌گه‌رچی گه‌نجه به‌ڵام له ده‌ربڕین و ته‌كنیكی شیعریی كه‌سێكی جیاوازه و، توانیویه‌تی فۆرمی رۆمانتیك تێپه‌ڕێنێ. زۆرجار قسه‌مان له‌وباره‌یه‌وه كردووه، ئه‌وانه‌ی رێبازی كلاسیك و رۆمانتیك و ریالستیان به‌سه‌ر نه‌كردبێته‌وه، ناتوانن هه‌م له‌شیعر تێبگه‌ن و هه‌م ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕێنن كه پێش ئه‌وان شاعیرانی كورد تێیدا به گیان و فیكر ژیوان. هه‌ر شاعیر یا چیرۆكنووس یا رۆماننوسێك توانی له قۆناغی پێش خۆی جیاوازتر بێت، ئه‌وا چاوه‌ڕوانی كاری جیاوازی لێده‌كرێت، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی تا ئێستا به هه‌مان نه‌فه‌س و تێگه‌یشتن له چیرۆك و شیعر و رۆمان بیر ده‌كه‌نه‌وه و ده‌نووسن و وێنه وه‌ستاو و له‌كاركه‌وتووه‌كان ده‌نووسنه‌وه، ئه‌وانه‌ی به ناوی نووسینه‌وه واقیع ده‌گێڕنه‌وه، ئه‌وانه جگه له خۆ جوینه‌وه و گێڕانه‌وه‌یه‌كی تری واقیع هیچی دی نییه و چاوه‌ڕوانی تازهبوونهوهیان لێ ناكرێت و بگره، به تازهبوونهوهش قه‌ڵس ده‌بن. بۆیه كه دونیا گۆڕانكاریی ریشه‌یی به‌سه‌ردا دێت، ئه‌ده‌بیش به‌هه‌مان شێوه خۆی تازه ده‌كاته‌وه و ده‌گۆڕێت، ناكرێت ئێمه وا ته‌ماشای ئه‌ده‌ب بكه‌ین كه په‌نجا بۆ شه‌ست ساڵ پێش ئێستا گۆران یاخود شێخ نوری شێخ ساڵح چۆنیان نووسیوه، ده‌بێ ئێمه‌ش به هه‌مان ته‌كنیك و نه‌فه‌س بنووسین، ژنه شاعیری ئه‌ڵمانی ” هێلدا دۆمین” ده‌ڵێ: ئه‌و گووته‌یه به دروست ده‌زانم كه ده‌ڵێ ” شیعر ناتوانێت واقیع بگۆڕێت، به‌ڵام ده‌توانێت چاوه‌نووسی تاك بگۆڕێت” ئه‌م گوته‌یه له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ركی شیعر و ئه‌ده‌بمان بۆ ده‌خاته‌ڕوو، شیعر له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی زمان و فه‌نتازیادا خۆی ده‌گۆڕێت، بۆیه كتێك شیعری گه‌نجێكی وه‌ك نارین وه‌ك مۆدێلێكی نوێ ده‌كه‌وێته به‌ر دیده‌مان، ده‌بێ له‌وه تێبگه‌ین كه له‌بنه‌ڕه‌تدا گۆڕانكاریی شیعر جه‌نگه له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ و زمان، ئیدی له‌وه ده‌گه‌ین كه نارین فهردێكه له‌و شاعیره یاخیانه‌ی له ته‌كنیك و فۆرم یاخی ده‌بن، وه‌ك چۆن سوریالییه‌ت و دادائیزم دوو بزاوتی دژ به واقیع ده‌ین و ده‌یانه‌وێ له نێو واقعێكدا بژین له‌گه‌ڵ ئێستادا بگونجێت، ئیدی ئه‌و ئێستایه تۆی تیا ده‌ژیت یاخود ناژیت، ئه‌وه كێشه مه‌عریفه‌یه لای تۆ.
ئه‌گه‌رچی به‌شێكی زۆری ئه‌م ده‌قانه‌ی نارین له‌نێو ئه‌م نامیلكه‌یه‌دا كه‌شێكی سوریالی به‌سه‌ریدا زاڵه، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕۆكدا هه‌ست به ئینتیما ده‌كه‌ین، ئینتیمایه‌ك ده‌یه‌وێ هه‌موو ئه‌و گومان و ئاڵۆزییانه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و بگه‌ڕێته‌وه بۆ نێو ژیان.
” كڵاو
باوكم ویستی خه‌مۆكییه‌كه‌ی بشارێته‌وه،
كڵاوێكی چه‌رمی كرده سه‌ر و بوو به شاعیر.
برایه‌كه‌م به مووسی خراپ پرچی ده‌تاشی
سه‌ری لوول دا و فڕێی دایه ناو بازنه‌ی كڵاوێكی ڕه‌ش،
ده‌یویست برینه‌كانی سه‌ری بشارێته‌وه، بوو به ئیماندار”
ئه‌م كۆپله شیعری نارین له‌یه‌ك كاتدا به دیدێكی سوریالییانه كاری له‌سه‌ر ماتریال و گۆمان و بوون كردووه، شیعر ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیع نییه به‌ڵكو ململانێیه له‌گه‌ڵ واقیع ” باوكم ویستی خه‌مۆكییه‌كه‌ی بشارێته‌وه” وێڕای ئه‌وه‌ی ململانێیه له‌گه‌ڵ واقیع له‌هه‌مان كاتدا گه‌ڕانی نارینه له‌ڕێی باوكه‌وه به دووی شوناسدا،له‌م ده‌قه‌دا شوناس ته‌نها له فۆرمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یدا نییه، به‌ڵكو وه‌ك شیعرییه‌تیش به دووی خوددا ده‌گه‌ڕێت، كه‌س هێنده‌ی یگه‌ری كوردی له‌ناو چه‌مكی شوناسدا وێڵ نه‌بووه، وهێڵ بوونه‌كه‌ی په‌یوه‌سته به كۆمه‌ڵێك ره‌هه‌نده‌وه، له‌وانه لۆكه‌یشن، بوونی ئاماده، كییان، خه‌ون،ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی زیاتر له‌نێو شوناسدا ون كردووه، كێشه‌ی خه‌ونه، هه‌ر ئه‌م خه‌ونه‌یه له‌ناو زمان و خه‌یاڵدا بۆی ده‌گه‌ڕێین ” باوكم ویستی خه‌مۆكییه‌كه‌ی بشارێته‌وه” ئه‌م خه‌مۆكییه ویسته بۆگه‌ڕان، ئیدی لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و گه‌ڕانه كۆدی كوردبوون یا مرۆڤ بوون یا شاعیربوونه، گرنگ ئێمه به‌دووی ئه‌و ته‌كنیكه‌دا ده‌گه‌ڕێین كه نارین بێ ناونیشان ده‌یخاته به‌رده‌ستمان. نارین ئه‌گه‌رچی ئه‌زموونی شیعریی كه‌مه به‌ڵام زۆر به ئاگایی و وریاییه‌وه ده‌نووسێت، خه‌مۆكی، موسی خراپ، كڵاوی ڕه‌ش، برین. هه‌موو ئه‌م وشانه له‌ده‌رئه‌نجامی شكستی خه‌ونه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، له‌واقیعدا شتێك هه‌یه پێی ده‌گوترێت په‌یوه‌ستبوون به ژینگه‌وه، له‌م شه‌ڕه‌دا ئه‌و ژینگه‌یه ده‌گۆڕێت، گۆڕانێك شكست ده‌چێته شوێنی ئاسووده‌یی، ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه‌ی خوێندبێته‌وه، له‌وه تێده‌گات كه نارین له كۆتاییدا ده‌ڵێ ” ئه‌و كڵاوه‌ی باوكمی كرد به شاعیر له چه‌كمه‌جه‌ی دۆڵابه‌كه پاڵكه‌وتووه” ئه‌م گوزارشتی ” پاڵكه‌وتووه” نارین پێمان ده‌ڵێ ئه‌و كڵاوه هوشیاری و فیكر و مه‌عریفه‌یه، چاوه‌ڕێ ده‌كات كه‌سێكی دی بیكاتهسهری ببێت به شاعیر، یاخود ئه‌و چهكمهجهیه ئه‌و خهزینهیهكه كه ئه‌ده‌بی كوردی له كلاسیكه‌وه تاكوو ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می هێناوه، بۆیه ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ ببێت به‌شاعیر ده‌بێ به‌و چهكمهجهیهدا تێپه‌ڕێت.
كڵاوی براكه‌م بوو به قیر و به‌سه‌رییه‌وه نووسا.
من به دوای كڵاوه جادووییهكهدا ده‌گه‌ڕێم، بزری كردم و بزر بوو.
براكه‌م به مووسی خراپ پرچی ده‌تاشی. كڵاوی برام بوو به قیر و به‌سه‌رییه‌وه نووسا.
ئه‌م دابه‌شبوونه‌ی نێوان خۆی و براكه‌ی و باوكی، ئه‌و دیالۆگه‌یه كه نووسه‌ر له‌م دێڕه‌دا پێمان ده‌ڵێت شیعر واقیع نییه به‌ڵام ئه‌و ئه‌رگیومێنته جیاوازه‌یه كه له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووری واقیع و مێژوودا رووده‌دات. “كڵاوی براكه‌م بوو به قیر” ئه‌م نیو دێڕه پێچه‌وانه‌ی كڵاوه شاعیرانهكهیه، واته نووسه‌ر لێره‌دا موخاته‌به‌ی ناخ ده‌كات، دێت به‌راورد له‌نێوان جادوویی كڵاوێك ده‌كات كه ده‌تكات به شاعیر و كڵاوێكی دی ده‌بێت به قیر و به‌سه‌رییه‌وه ده‌نووسێت، كڵاو لێره‌دا خودی بیرۆكه‌كه‌یه كه نارین زه‌مه‌ن و شوین و عه‌قڵی به‌سه‌ردا دابه‌ش كردووه، ئه‌و سهنتڕاڵهیه كه سهرهكان به چ شێوه‌یه‌ك ده‌چنه ژێرییه‌وه، كڵاو له‌م ده‌قه‌دا هه‌م كه‌ره‌سته‌ی بوونیادی شیعرییه‌ته كه به ته‌كنیكی راناوی منی نادیار هه‌ڵچنراوه، هه‌م وه‌ك ماتریال جۆرێك له سیمبولییه‌تی به فیكر به‌خشییوه. یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شیعری نوێ یا ته‌كنیكی نوێ، تێكشكاندنی زمانه، ئه‌و زمانه‌ی له‌شیعردا قسه له‌باره‌ی تێكشانی ده‌كه‌ین، ئه‌و زمانه نییه كه رۆژانه قسه‌ی پێ ده‌كه‌ین، به‌ڵكو ئه‌و زمانه‌یه كه له‌ناو شیعرییه‌تدا به‌رجه‌سته ده‌بێت و به‌سه‌ر دونیای شیعرییه‌تدا دابه‌ش ده‌بێت و ئاماده‌یی گۆڕانی تری تێدایه، بۆیه ئه‌و شاعیره ئاماده‌یی گۆڕانی ریشه‌یی تێدایه كه له كاتی دیالۆگدا شته نهگۆڕهكانیشمان بۆ بخاته‌ڕو، كه له واقیدا شه‌رعییه‌تی نه‌گۆڕی پێبه‌خشراوه بۆ منوونه ” قیر” ” كڵاوی براكه‌م بوو به قیر”، باوكم ویستی خه‌مۆكییه‌كه‌ی بشارێته‌وه، خه‌مۆكی به‌شێكه له گومان و پرسیاركردن، ده‌مێك كڵاوێكی چه‌رمی كرده سه‌ری و بوو به‌شاعیر، ئیدی له‌وه تێده‌گه‌ین باوكم ئاماده‌یی گۆڕانی تێدایه، پێچه‌وانه‌ی به‌كار هێنانی قیر وه‌ك ره‌مزی نه‌گۆڕ. هه‌رسێ فیگۆری باوكم، براكه‌م، منی نادیار له‌م ده‌قه‌دا به ته‌كنیكی مۆنۆلۆگ نووسراوه، لهڕاستیدابهكارهێنانی ته‌كنیكی مۆنۆلۆگ وه‌ك جۆرێك له دیالۆگی ناوه‌كی له وێنه گشتییه‌كه‌یدا ره‌سمی نه‌خشه‌ی ئه‌و پرسیار و گومانه‌ی له‌سه‌ر داڕێژراوه، بۆ نه‌موونه ئه‌گه‌ر قه‌سیده‌یه‌كی عه‌بدولوهاب ئه‌لبیاتی یاخود سه‌یابی چل ساڵ پێش ئێستا بخوێنینه‌وه، هه‌رگیز ناچینه ناو ئه‌و مێژووه‌وه، به‌ڵكو له ئێستای قه‌سیده‌كه ده‌ژین، بۆیه هه‌موو گۆڕانكارییه‌كی زمانه‌وانی و ته‌كنیكی مێژووی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، كه له‌نێو ده‌قه‌كه‌دایه.
” قوتوو
قوتوویه‌كی بێسه‌ره ماڵه‌كه‌مان
هه‌ندێك جار شه‌كری تێ ده‌كرێت و،
زۆرجاریش خوێ،
كه خوشكم چووه ناو جلی بووكێنییه‌وه
ماڵمان شه‌كردان بوو”
له‌م كۆپله شیعردهدا دووجار ئاماژه ده‌بینین، یه‌كه‌م ماتریال و دووهه‌م ده‌ره‌وه‌ی زمان، واته وه‌ك ئه‌وه‌ی “سارته‌ر” ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، شاعیر زمان وه‌ك سستمێكی ئاماژه به‌كار ناهێنێ، به‌ڵكو وه‌ك “شت” به‌كاری ده‌هێنێت، ئه‌و شته‌ی كه شێوه‌كارێك به‌كاری ده‌هێنێ، به‌ڵام لێره‌دا شت ده‌بێته وێنه‌ی خانوو. وه‌ك ده‌بینن ” قوت‌و” له‌یه‌ك كاتدا هه‌م شته، واته ماتریاله، هه‌م شوێنه، واته له‌ڕێی زمانه‌وه ماتریال جارێكی دی ده‌خاته‌وه شتبوون، لێره‌دا “شت” به مانا زمانه‌وانییه‌كه‌ی ده‌بێته لۆكه‌یشن، ته‌كنیكی تێكشكانی زمان، نامهئلوفكردنی ده‌ربڕینه به‌مانا زمانه‌وانییه‌كه‌ی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌واقیعدا ره‌ت ده‌كرێته‌وه، ” قوتوویه‌كی بێسه‌ره ماڵه‌كه‌مان، هه‌ندێك جار شه‌كری تێده‌كرێت و، زۆرجاریش خوێ” لهڕهههندهكه فیكرییه‌كه‌یدا هه‌م شه‌كر و هه‌م خوێ، ئاماژه بۆ مه‌ترسی كوشنده لای مرۆڤ، واته نه‌خۆشخستنی مرۆڤ، ئه‌گه‌رچی به‌دیوێكی دی‌دا شه‌كر ئاماژه‌یه بۆ شیرینی، به‌ڵام دیوه‌كه‌ی تری به‌ترسه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه كه له‌گه‌ڵ خوێدا گرێی ده‌دات، به‌ڵام له كۆپله‌ی پاشتر سپه‌یسێك به شه‌كر له‌گه‌ڵ خوێ ده‌دات و جیای ده‌كاته‌وه” كه خوشكم چووه ناو جلی بووكێنییه‌وه، ماڵمان شه‌كر بوو” به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پرسیار و گه‌ڕانی فه‌زای بیركردنه‌وه لای” نهرین رۆسته‌م” وه‌ك به‌شێكی سه‌ره‌كی فه‌لسه‌فه‌ی ده‌ره‌وه‌ی سروشت ” ئهوتۆلۆجیا” ئه‌ژمار ده‌كرێت، كه له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه روونكردنه‌وه بۆ كۆمه‌ڵێك پرسیار ده‌دات، كه په‌یوه‌ندیی به شوناسی گشتییه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ی لێره‌دا ئاماژه‌مان پێدا، نه به‌ته‌نها ماڵی نارین و نه به ته‌نها شوناسی ئه‌وه، به‌ڵكو شوناسی گشتییه، ماڵه‌كه‌مان ماڵی گشتییه، ماڵی گشتی له وێنه زمانه‌وانی و خهیاڵییهكهیدا ده‌كرێت ماڵی كوردیی نه‌بێت وه‌ك لۆكه‌یشن، به‌ڵام ده‌كرێ شیعر و ئه‌ده‌بی كوردی بێت، چون ئه‌وه‌ی له‌ناو شیعردا جوله‌ی پێده‌كرێت، بۆ نموونه ترس و مه‌رگ، هه‌مان ترس و مه‌رگ نییه كه له‌واقیعدا رووده‌ده‌ن، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و دیالۆگه قاڵبی تایبه‌تمه‌ندیی به خۆی ده‌به‌خشێت و مێژووی تایبه‌تیش بۆ خۆی ده‌نووسێته‌وه، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه له باره‌ی روونكردنه‌وه‌ی پرسیاره‌وه ئاماژه‌مان پێدا، مه‌به‌ست له ورووژاندنی چه‌مكی شه‌كر و خوێ له‌یه‌ك كاتدا، ئه‌وه‌ی نووسه‌ر وه‌ك سیمبۆل ده‌ینووسێت یاخود ئاماژه‌ی پێده‌دات، ناكرێت وه‌ك وێنه‌یه‌كی فۆتۆگرافی بیخاته به‌رده‌ستمان، به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێ شوێنگۆڕكێ به ماناكانی بوونی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه له ده‌می خوێندنه‌وه‌دا شوێنی تایبه‌تی خۆی یاخود وه‌ك بۆچوونی خۆمان شوێنی بۆ بكه‌ینه‌وه، یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شیعر ئه‌وه‌یه ئه‌و ناچێته هه‌ناوی شته‌كانی تره‌وه، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه حیكمه‌ت و فه‌لسه‌فه و چیرۆكهكانن ده‌چنه پیریی شیعره‌وه. ئه‌وه‌ی من له‌م نامیلكه شیعرییه‌ی” نارین رۆسته‌م” دهستمكهوت، ئه‌م شاعیره گه‌نجه فیگه‌رێكی چالاكی شیعری كوردی ئه‌م قۆناغه‌یه و ده‌كرێت به یه‌كێك له شاعیره چالاكه‌كانی ئێستای شیعری كوردی دایبنهین، هه‌ر وه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌م پێداوه، ئه‌گه‌رچی ئه‌زموونی شیعریی ئه‌م نووسه‌ره دوور‌و درێژنییه، به‌ڵام به‌و ته‌مه‌نه كه‌مه‌وه خۆی به‌سه‌ر خوێنه‌ردا فه‌رز كردووه و ناچاری كردووین ئاوڕی لێبده‌ینه‌وه.
سه‌رچاوه..
1- قه‌سیده‌ی په‌خشانی عه‌ره‌بی
له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی بیرتیژیی و شیعرییه‌تی گرفت
گۆڕانكاریی شیعری عه‌ره‌بی له میسر.
لا/37 بۆ 42
د. عهبدوالناسر هیلال.
موئهسهسهت ئهلئنتشار ئه‌لعربی.
2- ئه‌نتۆلۆجیای زانیاریی زمانه‌وانی
وتاری كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری عه‌ره‌ب و بییانی
ئاماده‌كردنی: د. موئه‌یه‌د ئال سوێنت.
3- به‌ره‌واژ/ شیعر، نارین رۆسته‌م
4- وه‌شانی نووسیار/ چاپی یه‌كه‌م 2021