450309141_992873269507151_2262097088756908071_n

2022/07/11

رێگایەکی هەزار میلی، بە هەنگاوێک دەست پێدەکات

ڕەوا زەیدان
چینییەکان دەڵێن: ” رێگایەکی هەزار میلی، بە هەنگاوێک
دەست پێدەکات. “
کۆمەڵە چیرۆکی لایۆرۆنا، یەکەم هەنگاوی کامۆ ئارازە لە چیرۆکدا، هەنگاوێک لە کتێبێکی قەبارە مام ناوەندا، کە براوەی خەڵاتی نوسیارە بۆ ژانری چیرۆک، بۆ کتێبی یەکەمی ساڵی دووەم. ئەوەی لێرەدا من دەمەوێت لەبارەیەوە بدوێم، یەکەم چیرۆکی ناو ئەم کۆمەڵە چیرۆکەیە، لایۆرۆنا. لایۆرۆنا چیرۆکێکی پۆلیسییە، لە ڕووی زمانەوە، زمانێکی ستانداردە، زمانێکی سادە و زانستییە، لە خوێندنەوەی چیرۆکەکەوە دەتوانیت درک بەوە بکەیت، نوسەر سەروکاری لەگەڵ زانست هەیە و نەیتوانیوە ئەوە دەرنەخات. هەر لە دەستپێکدا، نوسەر دەیەوێت وێنەیەکی ساماناکیت پیشان بدات، لەسەرەتاوە دەیەوێت بڵێت باسی چیرۆکەکەی لە دەوری تاریکیدا دەسورێتەوە. هەروەک لە دەستپێکدا دەڵێت: ( تاریک و سەرماوسۆڵەیە ). هەرچەندە ژانری چیرۆکی پۆلیسی و تاوانکاری، لە چیرۆکی کوردیدا تا ڕادەیەک نوێ و کەمە، بەڵام نوسەر توانیوەیەتی باڵادەستی خۆی بسەپێنێت و کۆنترۆڵی کەشی گێراوەنە بکات. لە ڕووی دیالۆگ و مەنەلۆگەوە، هەرچەندە تارادەیەک دیالۆگەکان سادەن، بەڵام لە هەردوو ڕووکەوە زۆرباشە و هەقی خۆی پێداوە. چیرۆکەکە بە جێناوی لکاوی (من/م ) نوسراوە، لێرەوە وەرگێری ناوەوەی بەشدار، زانیاری لە کارەکتەر پترە، لێرەدا گێرەرەوەیەکی ون هەیە، کە بەتەواوی دەستی بەسەر کەشی گێرانەوەدا گرتووە و نادیارە، لە زۆر شوێنیشدا دەردەکەوێت کە زانیاریی لە کارەکتەر زیاترە. ئەم چیرۆکە باس لە لێکۆڵەرەوەیەکی کوردی-ژاپۆنی دەکات. کارەکتەر باوک کوردە و دایک ژاپۆنییە، بەناوی کاتاشی، نوسەر دەڵێت ناوەکەی تێکەڵەیەکە لە تاکاشی ژاپۆنی و کاوەی کوردی. وایدەبینم نوسەر لە ژێر کاریگەری هاروکی موراکامیدا بێت، بۆیە ئەم تێکەڵەیەی کردووە و لە چەند شوێنیکیشدا ئاماژەی پێداوە. ئەم چیرۆکە باس لە ڕووداوێکی کوشتن دەکات، کوشتنی ئافرەتێک کە بکوژەکەی نادیارە، لەکاتی لێکۆڵینەوە لە تەرمی ژنەکەدا زۆر بەوردی گرنگی بەو کەرەستانە دراوە کە لێکۆڵینەوەدا بەکاردێن، ئەمەش لایەنێکی تری باشی ئەم چیرۆکەیە، سەرەرای ئەوەش لە قاڵبی کێشەی پۆلیسی نەریتی دەریکردووە و بەهای بە پێگەی ژنیش لە کۆمەڵگادا داوە. هاورێیەکی چیرۆکنوسم زۆر جار دەڵێت، بروام بە نوسەری باش و خراپ نییە، بروام بە دەقی باش و خراپە. بەبروای من ئەمە دەقە دەتوانرێت پێی بوترێ دەقێکی باش، سەرەرای هەر کەم وکورتییەک گەر هەیبێت. لەدونیای خوێندنەوە و نوسیندا، روونتر بڵێم، لەدونیای ئێمەدا، خەریکە نەریتێکی سەیر سەرهەڵدەدات، ئەویش نەخوێندنەوەیە. کاتێک نوسەرێک دەردەکەوێت، بێ خوێندنەوەی بە چەپ و راستدا دەکەونە رەخنە لێگرتن و شکاندنی، کاتێکیش لەبارەی ناوەرۆکی چیرۆکێکەوە لێیان دەپرسیت، نەک هیچ دەربارەی نازانن، گەر شتێکیش بزانن لەکەسانی تر یان لە وتارێکدا خوێندویانەتەوە. ئەم ماوەی پێشوو کاتێکی زۆرم بۆ خوێندنەوەی چیرۆکی نوێی کوردی تەرخان کرد، بەتایبەت چیرۆک نوسەرە نوێیەکان، ئەوانەی لەم ساڵانەی دوایدا چیرۆکیان نوسیوە و لە شێوەی کتێبدا بڵاویان کردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە نەخوێندراونەتەوە، لەرەفەی کتێبخانەکاندا تۆزیان لێ نیشتووە. گەر دەرفەت هەبێت، رۆژێک لەبارەیانەوە دەدوێم.