هەر شیعرێک شایستەی ئەوەیە زیاد لە جارێک بخوێنرێتەوە
دیلان قادر
سڵاو دیار…
لە چەند هەفتەی ڕابوردوو دووجار کتێبی ”زمانم دەکێشمەوە”م خوێندەوە. ڕەنگە ئەو سەرنجەت دەربارەی شیعر بیستبێت کە گوایە هەم بۆ چێژوەرگرتن لە وێنە و دەنگ و مێتافۆرەکانی شیعر و هەم بۆ پتر ئاشنابوون بە مانا هەڵچنراوەکانی نێو شیعر، هەر شیعرێک شایستەی ئەوەیە زیاد لە جارێک بخوێنرێتەوە. ئیدی ڕوویداوە هەندێجار لە سۆنگەی ئەرکەوە ئەو کارەم کردووە، هەندێجاریش ڕوویداوە شیعرێک بانگهێشتی کردووم زیاد لە جارێک بیخوێنمەوە. شیعرەکانی تۆ لە جۆری دووهەمیانە و بانگهێشتی دووهەمین خوێندنەوەیان کردم.
ڕێم پێبدە ئەوەش بڵێم کە بەلامەوە خەسڵەتێکی دیاری شیعرەکان قووڵڕۆچوونیانە بە ئەزموونی تاکدا بەبێ ئەوەی ئەو پرۆسەیە قسەکەری نێو شیعرەکان بەلاڕێی بەخودنازین و خودپیاهەڵداندا ببات. من لە شیعرەکاندا بەر تایبەتمەندی و جیاوازی تاکێک کەوتم، بەبێئەوەی ئەو تاکە ڕایبگەیەنێت چەند مەزنە کە توانیویەتی بڕێک لە ئەزموونی ژیان بە شیعر بنووسێتەوە، بەبێ ئەوەی بە پێویستی زانیبێت ناو و واژۆی خۆی بخاتە سەر ئەو ئەزموونانەی پیایاندا تێپەڕیوە، بەبێ ئەوەی شیعرەکانی لە ئاوێنەی خودئەڤینیی خۆیدا بتوێنێتەوە.
لە دوای تەواوبوونی یەکەم خوێندنەوەم بۆ کتێبەکەت بیرۆکەی نووسینێک هاتە مێشکمەوە و ئێستا کاری تێدا دەکەم. لەو نووسینەدا چەندین دێڕ لە شیعرەکانت وەکو نمونە دەهێنمەوە، هەربۆیە سوپاسی خۆت و شیعرەکانت دەکەم.