نەمرەڕێ و شاعیرێک لە دووی ئاسمانێکی ساماڵتر بۆ شیعر
هۆمەر نۆریاوی
وشەی دەستپێک:
«نەمرەڕێ»، یەک لە بەرهەمە شیعرییە نوێیەکانی شاعیری جوایەزنووس، «پێشەوا کاکەیی»ـیە کە وەک خودی خۆی، ئەمجارەیش بە گەشتێکی تری شیعری دەمانگەڕێنێتەوە بۆ نێو جیهانە پاکژە شیعرییەکەی خۆی کە دەیەوێت جیهانێک بێت بەدوور لە ژەنگ و ژار و هەردەمیش میهرەبانی لێ بچۆڕێت. جیاوازی ئەم گەشتنامە شیعرییەی پێشەوا کاکەیی دەگەڵ چەند بەرهەمە شیعری پێشووی، لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە شاعیر ئەمجارە دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمێکی دوور و کەونی ژیاری مرۆیی کە بەشێكی گەورەی خودی نیشتمانەکەی شاعیر هەر لە نێو ئەم جەغزە جوگرافیاییەدا هەڵکەوتووە.


جیهان لەوەتەی دەمی کردووهتەوە، شەکراوێکە،
کەچی ڕۆژبەڕۆژ دەبێتە زەلکاوێکی بۆگەنیو،
ڕاستتر بێژم
بووە سوێراوی دەمی مرۆڤ، چەشنی کەفگرتوو.
دڵت داگیرسێنەوە، کەون وەختە چاوی کوێر بێ
ئەم چڕەدووکەڵە لە کوێوە دێتە دەرێ!
(نەمرەڕێ، ل۱٤)

وەک بابا سرنج
بەدەم تینی ئاورەوە
وشەی سەرمابردەڵەم گەرم بوونەوە،
وەک دار قرچەقرچیان هات و دەبوونە بڵێسە،
نەمریم لە هەوراماندا دۆزییەوە.
(نەمرەڕێ، ل۸۲)

ئاونگ هایکووی خۆی بنووسێت لەسەر گژوگیا و پەلکی گوڵان؟/ ئاوێزان بێتەوە بوونمان بە هاتنی سپێدان؟/ ئاییندە بە بنیات بێت لە ئێستامان؟
(نەمرەڕێ، ل۱۸)

نەمرەڕێ، لە ڕاستیدا ڕۆچوونێکی قووڵیشە بە ناخدا و دەیەوێت لە ڕێی ئەم شۆڕبوونەوەیەوە، مرۆ پتر پەی بە خۆی ببات و ئینسانییانەتر مامەڵە دەگەڵ گەردووندا بکات. لەم گۆشە نیگایەوە کارتێکەریی زمانە ڕۆحییە قووڵەکەی شاعیرانی وەک مەحوی، مەولەویی بەڵخی و حافزی شیرازی بەسەر پێشەوای شاعیرەوە دەبینرێت.
گەشتێک بکە هاوڕێ!
بچۆرەوە نێو خۆت و لە لووتکەی بێدەنگیدا
ڕازی خۆت بۆ خۆت بەیان بکە!
خۆت دەتوانیت خۆت بپشکنیت لە چ ڕەگێکدایت،
ڕیشەت لە چ گەشتێکدایە و چۆن بۆ ئاسۆ هەڵدەکشێیت.
(نەمرەڕێ، ل٤۲)

بڕۆ!
جوان بنواڕە، بجووڵێ و بدوێ!
پەیڤت ڕێی خۆی وەدۆزێ،
با بشزانی، بێئاگایی دەتکاتە ونڕێ،
دنیات لێ دەبێتە قەفەس.
(نەمرەڕێ، ل٥۱)

وەک باڵووڵی ماهی لەگەڵ خۆردا هەڵدێم،
دەرگا دەکەمەوە، بە ڕووی خەڵکدا،
سەرمایەداران دێن لەبری پەمۆ بە ئەستێرە بچوێنن،
نەوت و پارە بە ئاسمان دەچوێنن…
(نەمرەڕێ، ل ٦۲)

لە گزنگەوە بۆ گزنگ
دەنگی قڵیشانی شاخ دێ،
خەڵکی نێو کۆساران نازانن شتێکە دەدزرێ،
ئەم دەنگە
هەر گلۆربوونەوەی گاشەبەرد و
داڕمانی شاخ و
ڕۆچوونی زەوی نییە،
داڕمانی مرۆڤی سەرمایەدارە
دەستی ناوەتە بینی سرووشت و بەرد دەهاڕێ!
(نەمرەڕێ، ل۸٤)

دەگەڕێمەوە بە برینی ڕۆژگار
باشتر لە ئاو تێبگەم،
لە مێژە دەفڕم، لەو چیا بۆ ئەو چیا،
تا ئاسمان ڕوونتر دەر بکەوێ.
(نەمرەڕێ، ل۸۸)

ئەوسا بەغدا
گڕ لە دڵی دەهاتە دەرێ و
ئێستاش دووکەڵ لە چاوی،
کەچی وا ئێستاکە
خۆکوژیی کۆکوژی نمایش دەکەن، بە بەر چاوی خواوە!
هەموو ڕۆژێ شۆڕشێک تەشەنە دەسەنێ
لە بەغداوە بۆ مەککە، لەوێوە بۆ ئەهواز
خوێن دەچۆڕێ،
هەرچی میر و شالیارە
هەرچی خەلیفە، شێخ، سەیید،ئ ئاخوون و مەلاشە
خەڵکی دەنێرن
تا لە دۆڵ و گرد و دەشت و لووتکەی شاخەکاندا
خۆ بۆ خودا بە کوشت بدەن،
کەچی خۆیان هەر یەکە لە دیوەخانی خۆیدا
لەبری بۆنی خوێن،
دهم لە دۆڵ و گرد و دەشتی کەنیشکێکەوە دەنێ
تا دەگاتە لووتکەی چێژ و
فەرمانی بە دارداكردنيش بۆ من دەرچێ!
(نەمرەڕێ، ل۷٤ و ۷٥)

بە زمانی ئەوین دەپەیڤم
کەچی ئەم ڕۆژگارە کەوڵم دەکا…
(نەمرەڕێ، ل۸۰)

زەوی وەک توورەیەکی زێڕ دراوە بە کۆڵدا،
فڕکان فڕکانێکە، هەر یەکە بەشی خۆی دەبا،
هەر یەکە چنگی تێ ناوە و دایدەدڕێ،
زەوی ناتوانێ باڵەفڕێ بگرێ،
دەیەوێ لە دەستی ڕێبواراندا
وەک ئاوی کانیی کوێستانان بنۆشرێ.
(نەمرەڕێ، ل۹۲)

ئەم ڕێیەم بۆ ئاسوودەیییە
تا جەستە هەمیشە نەرم بێ، ڕۆح تێیدا ئارام بێ.
لە قوڕ کە هاتوویتە دەرێ،
بۆ ئەوە نییە وڕ ببیت،
دانا ئەو کەسەیە لە کۆتاییدا بەند نەکرێ.
(نەمرەڕێ، ل۱۰۳)


پێویستە ئاماژە بەم خاڵەیش بدرێت کە نەمرەڕێ، بەرهەمی شاعیری جواننووس پێشەوا کاکەییە کە ساڵی ۲۰۲۱ لە لایەن وەشانی “نووسیار”ەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. پێشەوا کاکەیی پێشتر چەندان بەرهەمی شیعری بڵاو کردووەتەوە.
پێشەوا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان:
ناسراو بە «پێشەوا کاکەیی،» ساڵی ۱۹۸٤ (۱۳٦۳ـی هەتاوی) لە گەڕەکی «جووتکانیان»ـی شاری “قەڵادزێ” لە دایک بووە. تا هەنووکە خاوەنی نزیک بە ۱۳ بەرهەمی شیعری و توێژینەوەی ئەدەبیی چاپکراوە کە “زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر” نوێترین بەرهەمی ئەم شاعیرەیە. شیعری ئەم شاعیرە نوێخوازە بۆ سەر چەندان زمان وەرگێڕدراون.
ژێدەر:
نەمرەڕێ،پێشەوا کاکەیی،،وەشانی نووسیار،چاپی یەکەم،2021،دانیمارک