286964460_1117062022354380_6242535697525816403_n

2022/06/09

بۆ هاوڕێم ( عومەر سەید)

ئارام حەمە 
شەوانی فرانکشتاین نۆڤلێتێک بۆ پرسی وجودی ئینسان لە بەرگی چیرۆکە دینییەکەیدا لە وێنەیەکی گەورەی پرسی خەلیقەت بۆ پرسی کوردبوون و ئازاری بێ وڵاتی و نەبوونی نیشتیمان.
پەیکەری نیشتیمان هاواری کرد « بۆ بە تەنها جێتان هێشتم».
ئەم گوزارەیە کتومت لە دێرە بەناوبانگەکەی « عیسای مەسیح» دەچێت کاتێک بە خودای وت « باوکە بۆ بە تەنها جێتهێشتم».
هێڵی ڕەش بە جەستەی پەیکەرەکەدا، دەلالەتە لە دوو ئیدارەیی و دوو پارچەیی کوردستان.
هەنگاوە خاوەکانی پەیکەرە، واتای خاوی و بێ ئەرزشی کورد لە دوای کەوتنی شاری کورکوک و شکستهێنانی ڕیفراندۆم.
نوسەر زۆر بەرپرسیارانە و هۆشیارانە مامەڵەی لەگەڵ پرسە نەتەوایەتییەکان کردووە، کەم نووسەرم بینیووە هێندەی عومەر سەید، کوردپەروەر و نیشتیمان پەروەر بێت، ئەو هەمیشە وەک تارماییەک وەک ڕۆحێکی قوربانی ئامادەیی هەیە.
لەم چیرۆکەدا چڕی و کورتبڕی زمان بوونی هەیە، زمانسازی و ڕستەسازی هونەرمەندانەیە، ئەو هیچ وشەیەکی زیادی بەکار نەهێناوە هەوڵی داوە؛ هەموو قەزییەی کوردیی لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە نۆڤلێتێکدا چڕبکاتەوە.
چری زمان و کورتبڕی یەکێک لە خەسڵەتەکانی هونەری پۆستمۆدێرنن و نووسەرانی جیهان پەیڕەوی دەکەن.
ریالیزمی جادوی وەک تەکنیکێکی سەرەکی لە کۆی کارەکانی عومەردا ڕەنگی داوەتەوە. ئەو وەک ڕەنگڕێژێگ وەک هونەرمەندێکی سوریالی لەناو خەیاڵ و فەنتازیادا گەمە دەکات و زۆر بە باشی مامەڵە لەگەڵ کەسایەتی و ڕوداوەکاندا دەکات.
کۆی نوڤلێتی شەوانی فرانکشتاین بریتییە لە مەرگ و خوێن و قوربانی و دڵڕەقی و نەفرەت. نووسەر هەوڵی داوە سود لە ئەفسانەی فرانکشتایینی ماری شیلی وەربگرێت و لەسەر پرسی کەوتنی شاری کەرکوک و پرسیی کورد تەوزیفی بکات و ئەمەش پێی دەوترێت ئەدەبی ڕاستەقینە.
ترس و تۆقاندن و مەرگ خەسڵەتی کارەکانی عومەرن. ئەمەش نوێ نییە و لای زۆر نووسەری تری عێراقی هەیە. وەک ئەحمەد سەعداوی و حەسەن بڵاسم.
بەڵام لە نۆڤلێتی دووەمدا نووسەر بە ئاڕاستەی خواروی عێراق کاری کردووە. دەکرێت نوڤلێتەکە تەواو عێراقی بێت.
کەسایەتییەکان هەم کوردن هەم عەرەب. خەمی شوناس خەمی هەموانە. پرسی جیاوازی نەتەوایەتی و شکستی شۆڕشی ئەیلول و نسکۆ. ڕاگواستنی زۆرەملێی کوردان بۆ خواروی عێراق.
عێراق وەک دۆزەخی کوردان وەک وڵاتی ڕاڕایی و دودڵی و نیفاق وەک چۆن. عەلی وردی ناوزەدی دەکات.
پرسی نەبوونی کەنارێکی ئارام. بوونی سەدان چیرۆکی تراژیدی لە ناو هەناوی کۆمەڵگایەکی تائیفی و دینی و پەرەتەوازەدا. ئەمەش بە جوانی ڕەنگی داوەتە.
بونیادی گێڕانەوە لەم نۆڤلێتەدا بونیادێکی شوێنکەوتەی ڕێکە کە ڕوداوە دراماتیکییەکان بە زنجیرەی کڕۆنۆلۆجی دەڕۆن بەرەو هەڵکشان دواتر خاوبوونەوە و داکشان.
کۆتایی چیرۆکەکە بە گرێیەکی نەکراوە کۆتایی دێت لە کاتێکدا خوێنەر پێ بە پێ دەڕوات بگایە دەرەنجام، بەڵام نووسەر گرێیەک لەلای خوێنەر بەجێ دەهێڵێت. بەڵام لەم چیرۆکەدا؛ بەرەو ناشوێن دەڕۆین. نووسەر دەیەوێت پێمان بڵێت. هەموومان ئاوارەیەک و گەڕیدەیەکی وێڵین لەم جیهانەدا.
سوپاس بۆ چێژی گێڕانەوەت.