زمان پاسیکلسوارێکی ئازایە
ئەرسەلان چەلەبی
وەچانێک لە سەر ڕۆمانی نوێی “زمان پاسکیلێکی شکاو لێدەخوڕێ”
یەکەم:
ئەو چەمکە ئەدەبی و فەلسەفیانەی بەستێنی کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان بەرهەمی تێگەیشتن و ئەزموونی ژینگەی سڕ و تڕی خۆیان بووە و لە پاشان تەوژمێک کتێب لە هەموو بوارەکانی ئەدەبی لە داوێنیانەوە هاتوونە دەر و چوونە ناو شەقام و خەڵکەوە و خوێندراونەتەوە. ئەگەرچی ڕەخنە لە سەر و بەندی هاتنە ئارای چەمکە سەیر و سەمەرەکان لە سەرەتای چاخی بیستەم لە ئورووپا خۆی دەستەوەستان مابۆوە و نەیدەزانی چۆنیان هەڵسەنگێنێ! کۆمەڵێک لەو چەمک و مەکتەبگەلەش لە ناو چوارچیوەی هیچ دیالکتیکێکی ڕەخنەیی کە تا ئەو دەم بەرهەم هاتبوو جێی نەدەبۆوە. بەرهەم هاتنی ئەو چەمکانە کۆمەڵە هۆکارێکیان هەیە کە هەر هەموویان لە ناو بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی خۆیان دا پێناسە دەبێتەوە و بگرە خەسارناسی دەکرێت. جا لەو ناوە دا شەونوکەوی ئەدەبی کوردی یا دەقی کوردی لە ناو ئەو چەمکانە دا وەک ئەوەی وایە مرۆڤێکی کورد بەریە لای پزشکێکی بیانی بەڵام زمانی پزشکەکە نەزانێ و پزشکەکەش زمانی ئەو نەزانێ. جا لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئەو مرۆڤە نەخۆشە چۆن دەتوانێ ئەو پزشکە تێبگەنێ کە کوێی دێشێ؟ باسەکە لێرەدا کۆمێدی دەبێتەوە کە دەقی کوردی بە زمانێک بەرهەم هاتووە کە هیچ یەک لە ستانداردە جیهانییەکانی وەک فۆڕم نییە و لە بواری دیجیتاڵیشەوە هەمووی چەند ساڵێکە کاری لە سەر دەکرێ و پێویستە لێرەش دا سپاسی ئەو دەگمەن کەسانە بکرێت کە زۆر زۆر کەمن و لە خەمی بە ستاندار کردنی ئەو زمانە دان و هەر جارەی لە کەلێنێکەوە ئەو زمانە بێسێحەبە کۆک و پۆشتە دەکەنەوە. جا وەرە تۆ دەقی ئەو زمانە بێنی لە ناو چەمکگەلی فەلسەفی و تەنانەت ئەدەبیش کە بۆ وێنە لە وڵاتێکی وەکوو ئاڵمان یا فەڕانسە بەرهەم هاتووە هەڵسەنگێنی! ڕەخنەگر هەر بەو کارە لە هەنگاوی یەکەم هەست و نوستی دەق و کتێبی نووسەرەکە دەکووژێ و ناهێڵێ هەناسە بدا. لەوی بەولا تەرمێکی مردووی بە دەستەوەیە و لە ناو قەبرستانی چەمک و ئایدیای فەلسەفی سەد ساڵ لەوە پێشی کۆمەڵگاگەلێک شیکاری دەکەن کە ئێستا بۆخۆیان چەندەها بازیان داوە بە سەریاندا و وەک بۆنیشی دێت لە ئێستاوە لە بیری ئەوە دان هەسارەی مێڕیخ ئاوەدان کەنەوە و چینەکانی داهاتوویان لەوێ چەمکە فەلسەفییەکان داڕێژنەوە. هیوادارم هەتا بەر لەوەی گۆی زەوی وێران بێت کورد نەک وڵاتێک بۆخۆی، بەڵکوو لانیکەم وڵاتێک بۆ زمانەکەی ساز بکا.
دووهەم:
بەشی یەکەم هەمووی بۆ ئەوە بوو بڵێم با ئەو ڕۆمانە جوانەی ڕیبین خدر لە ناو هیچ چەمک و ئایدیا و مەکتەبگەلێکی فکری و فەلسەفی پێناسە نەکەینەوە و دەق و کتێبەکەی بێنینە سەر خوانی ئەو چەمک و ئایدیا و مەکتەبگەلەی قرچە قرچی نیوەڕوان یا شەوانی ئەنگوستەچاوی هەولێر لە داوێنی قەڵاتەوە بەردەبوونەوە، شەن و کەو بکەین. ئەگەرچی خوێندنەوەی سووریالی بۆ ئەو ڕۆمانە کراوە و منیش پێم هەڵە نییە و لە ڕاستیدا ئەو رۆمانە هەر لە سەر هەوا و بناغەیەکی کوردی کە لە وەها چەمکێک نزیکە داڕێژراوە و نووسراوەتەوە بەو جیاوازییەی ڕۆمانەکە لە نەوعی خۆیدا دەگمەنە و پێم وایە دەبێ نەک جارێک، بەڵکوو دووجار بخوێندرێتەوە. هەڵبەت ئەوە بۆ من وابووە. من سەرەتا دوو ساڵ پێش خوێندمەوە و ئێستاش کە ئەو رستانەتان بۆ دەنووسم تازە لە خوێندنەوەی دووهەم بوومەوە. هۆکاری دووهەم جار خوێندنەوەی ئیستگرتنی زۆرتر لە سەر ڕستەسازییەکانی ڕێبین بوو. ڕێبین چ لە شیعر دا چ لە گێڕانەوەدا مۆرکی خۆی هەیە. ئەوە بە تایبەتی لە رستەسازییەکانی ڕێبین دا بەرچاوە. من هەموو دەم کێشەیەکی گەورەم بووە لە گەڵ هەوا و گیانی زمانی کوردی باشوور کە لە چ گۆماوێکی ڵێڵ دا خنکاوە، بە تایبەتی لە دوای ساڵی دووهەزاروە! نە دەزانی عەڕەبییە! نە دەزانی کوردییە! نە دەزانی فارسییە! دەڵیی وەک چێشتی مجێور تێکەڵەیەک لە هەموانە! بەڵام هەرچی جارێک دەقی ڕیبین یا کەسانی وەک ئەو کە زۆریش نین دەخوێنمەوە دەڵێم ئۆخەیش ئەو زمان پاراوییە نەک هەر لە چینە کۆنەکەدا بەڵکوو بە میرات بە کۆمەڵە گەنجێکی زۆر باش گەیوە و ئەوڕۆکە لە مەیدانی ئەدەبدا خاوەنی بەستێبی گێڕانەوە و هەوای شاعیرانەی خۆیانن. ئەو ڕۆمانە نە پێی دەڵێم کە ڕۆمانێکە لە زمان و تینی شیعر کەڵکی وەرگرتووە بۆ گێڕانەوە نە دەڵیم گێڕانەوەکەی تەنیا لە سەر شانی چیڕۆکە. لە ڕاستیدا ئەو ڕۆمانە هەمووی شیعرە. واتە ئێمە کاتێک باس لە ئەوپەڕی خەیاڵ و ڕاستی دەکەین ڕێک لەگەڵ شیعر دەبینە هاوڕێ، شیعر لە زماندا بە پێچەوانەی سەتاسەتی فەلسەفە، هزر و تەنانەت چیڕۆکیشدا یاغی و سەرکەشە و شمشێرێکە بۆ داماڵینی توێخی واقیع هەتا بۆ ماوەیەک خەیاڵ لە ئامێزمان گرێ و ئەهوەنمان کاتەوە. بۆیە من نەک هەر خۆم بەڵکوو پێشنیار بە هیچ کەسێکی تر ناکەم بێ باس لە ناو جەرگ و دڵی کتێبەکە بکا و لەو شتانە بگەڕێ کە لە ڕۆمانە کۆنەکاندا بەرچاوە. ڕۆمانەکە نوێیە، هێزی گێڕانەوە لەوێدا سەراسەر لە سەر پشتی شیعر زەماوەندیەتی و ڕستەی سوورت بوێ یا ڕستەی زەرد لە بسکی خۆی و خوێنەری دەدا. نەخوێندنەوەی شێلگیرانەی ئەو ڕۆمانە خۆی خەسارێکە و هیوادارم ئەو یادداشتەی من ببێتە هۆکارێک هەتا خوێنەری کورد ئەو ڕۆمانە بە وردی بخوێنێتەوە. ڕێبین بە ڕاستی پەنجەرەی خۆی بە ڕووی گێڕانەوە دا کردووەتەوە و دیسانەوەش جەخت لە سەر ئەوە دەکەمەوە کە ئەو بەرهەمە دەبێ سەرەتا بەر لەوەی چێژ لە ئامانجی ڕۆمانەکە وەرگرن، بەر لەوەی بە شوێن پەیام و مەبەستی نووسەرەوە بن سەرنجی رستەکان بدەن و بۆن و بەرامەی شیعر و جیهانێکی خەیاڵاوی هەڵمژن کە لە ناو لێفەی گێڕانەوەدا خۆی حەشار داوە. واتە ئێمە لەگەڵ ڕۆمانێکی تەواو نوێ ڕووبەڕین کە بە وردی دەردەکەوێ لە سەر وشە و ڕستە بە ڕستە بە نەبزی شاعیرانە کاری لە سەر کراوە و فۆڕمی گێڕانەوەکەی وەکوو لێفەیەکی کوردی و خۆماڵی بە سەریدا کێشراوە. بۆیە زمان پاسکیلێکی شکاو لێدەخوڕێت لە بەستێنی گێڕانەوەی کوردیدا لەو هەوا و خەیاڵ و جادوییەدا کە لە ناو چەمکە ڕۆژئاواییەکان پێناسەی بۆ دەکرێتەوە بەرهەمێکی دەگمەنی کتێبخانەی گێڕانەوەی ئەدەبی کوردییە و پڕ بە دڵ هیوای سەرکەوتن بۆ نووسەرەکەی دەخوازم