453639269_484690717618304_6556767288470984943_n

2022/05/09

وەرگێڕەکان جیهانی ئەدەب دەگوازنەوە

ئالان پەری

”وەرگیڕەکان وەک پاڵەوانانێکی سێبەرن بۆ ئەدەب، ئەو کەرەستە زۆر جار لە یاد چووانەن کە ڕێگە بۆ کلتوورە جیاوازەکان خۆش دەکەن لەگەڵ یەکدی بکەونە گفتوگۆ، ئەوانن وایان لە ئێمەی خەڵکانی ناوچە هەمەچەشنەکانی جیهان کردووە تێبگەین لەوەی ئێمە لە یەک جیهاندا دەژین.”

– پۆڵ ئۆستەر

کاری وەرگێڕان یەکێکە لەسەختترین پیشەی نووسین و نێوەندی کتێب. بۆ چاپەمەنیش کارێکی سەختە لە بۆ هەڵبژاردنی باشترین بەرهەمی وەرگێڕدراو لەهەمان کاتیش دا دۆزینەوەی وەرگێڕیکی کارامە.

ئەوەی من زیاتر حەزم لێیەتی ئەو بەرهەم و دەقانەن کە بەزمان و تەکنیکی مۆدێرنەوە نووسرابن. بۆیە بەردەوام لە دۆزینەوەی ئەو جۆرە بەرهەمانە هەندێک جار ئاستەنگی زۆر دێتە پێش، بە تایبەت لە کاتی وەرگێڕانی دەقێکی ئەدەبی کە پڕە لە ئیستاتیکا و تەکنیکی جیاواز. لێرە وەرگێر دەبێت سەرەڕای ئەوەی کاری وەرگێڕان بکات دەبێت  کلتووری ئەوانی ترمان بۆ بگوازێتەوە و جیهانی نووسینی پارچەکانی تری ئەم گەردوونەیش ئێمە بەخودی نووسەر ببەستێتەوە.

هەمیشە کارەکەی خۆتت خۆش بوێت. کۆششی بەردەوام دەمانکات بە وەرگێڕی باش و نووسەری باش. جیهانی ئەو دەقەی کە ئێمە پێی ئاشنا نین لە باشترین هەوڵی وەرگێردا کە بۆمان دەگوازێتەوە وامان لێدەکات نووسەر و دەقەکەیمان خۆش بوێت.

زانیار عەلی یەکیکە لەو وەرگێڕە باشانەی ئێستا، کە هەمیشە بە کۆششی خۆی وامان لێ دەکات پرسیاری ئیشە نوێیەکانی لێ بکەین و بەدوای کتێبە وەرگێڕدراوەکانیدا بگەڕێین.

ئەم کتیبە سێ بەشە

 بەشی یەکەم (فەرهەنگەپیاو) بەشیکی تەواو تەرخان کراوە بۆ چیرۆکێک بۆ هەمان ناونیشانی کتیبەکە. لێرەدا سەرەتاکانی بەلاسم بۆ نووسینی داهێنانە دەردەکەوێت و سەرنجمان بۆ جیهانێکی تایبەتی نووسین ڕادەکێشێت، کە بۆ تاوێک هەناسەمان بە گیر دەهێنێت. هەر ئەم شێوازی نووسینە لە کتێبەکانی تری دوای فەرهەنگەپیاو  دا گەشە دەستێنێت.

بەشی دووەم (تونێل و وڕێنە) بریتییە لە شەش دەقی لەیەکتر جیاواز و لەهەندێک کاتدا خاڵی هاوبەشیان زمان و تەکنیکی نووسینە.

بەشی سێهەم (دیمەن) بریتییە لە چوار دەق کە زیاتر بەڕژیوەتە سەر پرسی سینەما و بە شێوازیکی هونەریی گیڕانەوە باس لە دیمەنەکانی سینەما دەکات کە نووسەر لەو کاتانەدا سەرقاڵی سینەما دەبێت. بە تایبەت لە فیلمی سینەمایی (زامی کامێرا) کە نووسەر لە سلێمانی کاری سیناریۆ و دەرهێنانی بۆ کردووە.

لە هەوڵێکی پڕۆژەی نووسیار بۆ وەرگێڕانی سەرجەم کارەکانی نووسەری عێراقی حەسەن بەلاسم دا خێرا خەیاڵمان بۆ وەرگیڕێکی نوێ و خۆشەویست بۆ پیشەکەی وێڵ بووین و دواتر زانیارمان بە باش زانی بۆ وەرگێڕی ئەو پڕۆژەیە کە بە بڕوای تەواوی خۆمان، وەرگێڕێکە دەتوانین بەرپرسیارێتی ئەوە ئەرکەی بێ بسپێرین و لەوە دڵنیا بین کە دەتوانێت ئەو پڕۆژەیە سەربخات.

کتیبی فەرهەنگەپیاو ی حەسەن بەلاسم کە لەسەرەتاکانی نووسینی ئەم نووسەرەن، خاڵێکی دەستپێکە بۆ ناسینی جیهانی ئەو نووسەرە کە سەرتاپای تژییە لە نووسینی سەرنجڕاکیش و داهێنانە. هەروەها دواتر دەتوانین درک بە گەشەسەندنی تەواو بکەین لە کتێبەکانی داهاتوود دا کە بۆ ئێستا بۆتە نووسەرێکی جیهانی و کتێبەکانی بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراون.

هەر بۆیە خێرا پەیوەندیمان بە نووسەر کرد و ئەرکی ئەو پڕۆژەیەمان گرتە ئەستۆ بە یاوەری وەرگێڕێکی گەنج و لاسار بۆ پیشەکەی. وا یەکەم کتێبی ئەو نووسەرە بە چاوی خۆمان دەبینین و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەناوباگترین کۆچیرۆکی نووسەر بە وەرگێڕانی زانیار عەلی پێشکەش بە هەوادارنی خوێنەری تامەزرۆ بۆ کارەکانی ئەو نووسەرە بکەین و بگرە دەبێتە ئەزموونێکی درشت بۆ نووسەرانی خۆمان.

لێرەدا بە شایەنی دەزانم پێشەکی وەرگێری ئەم کتێبە بخەمە ڕوو و هیوادرام لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بێ بەش نەبن.

پێشوتە

ئەم کتێبەی بەردەستتان، کۆمەڵێک دەقی حەسەن بەلاسمی نووسەری عێراقییە و لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ – ٢٠٠٩ نووسیونی. هەندێک چیرۆک، یاداشت و شیعری تێدایە، دەکرێ وەک قۆناغەکانی گەشەسەندنی گێڕانەوە لای بەلاسم تەماشایان بکەین، کە لەم کتێبەوە دەستی پێ کرد و هێدی‌هێدی ناوبانگی بە جیهاندا بڵاو بووەوە. دەقەکانی نێو ئەم کتێبە، ڕامانی ئەون لەبارەی ژیان، مەرگ، شیعر، گێڕانەوە و سینەماوە. ڕەنگە وا پێویست بکات لە بڕوا و پیرۆزییەکانتان بترسن، چونکە نووسەر لەنێو دەقەکانی ئەم کتێبەدا پانتایییەکتان بۆ ناهێڵێتەوە تا دەستیان پێوە بگرن! بە دەنگێکی نەوی بیانخوێننەوە، نەوەک وشەکانی نێو ئەم کتێبە، پشێوی بنێنەوە.

دونیای ئەدەبیی بەلاسم، دونیایەکی قووڵ و فرەڕەهەند، هەندێک جاریش سەیر و نامۆیە. پشت بە یەک تەکنیکی گێڕانەوە نابەستێت و هەر دەقێکی، هەڵگری چەندین تێما و ڕەگەزی جیاوازن. لە لایەن ڕۆژنامە گەورەکانی جیهانەوە گرنگییەکی زۆری پێ دراوە و لەنێویاندا گاردیان بە “باشترین نووسەری عەرەب کە لە ژیاندایە”، ناوی بردووە. خۆشحاڵم من دەبمە ئەو پردەی خوێنەری کوردزمان لە ڕێگەیەوە بە دونیا سەیر و قووڵەکەی بەلاسم ئاشنا دەبێت.

خۆشبەختانە لەسەر ڕەزامەندیی نووسەر، وەرگێڕانی کۆی دەقەکانی بە من سپێردراون و مافی چاپی هەموویان بۆ وەشانخانەی “نووسیار” پارێزراون. ئەمە هەنگاوێکی گەورە و گرنگە و لەنێو کتێبخانەی کوردیدا لە وێنەی کەمە. پرۆژەی وەرگێڕانی کۆبەرهەمی حەسەن بەلاسم لەم کتێبەوە دەست پێ دەکات و پێ‌بەپێی وەرزی کتێبە چاپکراوەکانی نووسیار، لەگەڵیدا بەردەوام دەبین و کارەکانی دیکەیشی وەردەگێڕین.

زانیار عەلی