کتێبی ”پەیامبەرێک کە خوداکەی ئەوی لە خۆی تاراندبوو” ـم خوێندەوە
ئەنوەر عەباسی (هەرەس)
کتێبەکە وەرگێڕانێکی ”شنە نووری” و ”زاری” ـیە لە شێعرەکانی بەراهەنی و کۆمەڵێک ڕانان و پێشەکیی بەسوودیشی لە بارەی بەراهەنییەوە لە خۆ گرتووە. من هەمیشە هەستم بە جێگەی بەتاڵی وەرگێرانێکی وەها تەسەل و هەمەلایەنەی شێعری بەراهەنی کردووە و هەر بەم پێیە ئاشکرایە کە بە چاپی ئەم کتێبە گەلێک شادم.
وەرگێرەکان لەبەر هەستیاریی کارەکە و تایبەتمەندیی زمانیی شێعری بەراهەنی زۆریان هەوڵ داوە بە دەقی سەرەکی وەفادار بن و ئەمەش تا ڕادەیەک هانیانی داوە پەنا ببەنە بەر وەرگێڕانی وشە بە وشە. بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی کە دەقە وەرگێڕاوەکە لە زمانی کوردیدا نامۆ بنوێنێ. واتە پارێزییان لەوەش کردووە کە فارسیی بوونی دەقی سەرەکیی لە دەقی وەرگێڕاودا ڕەنگ بداتەوە و ئەمە لە خۆیدا سەرکەوتنێکە بۆ ئەوان.
وێڕای کۆمەڵێک تێبینی زۆر ورد کە ڕەنگە بۆ جیاوازیی بیر و ڕای تاکەکەسیی لەمەڕ وەرگێڕان و زمان بگەڕێتەوە، پێموایە بەرهەمێکی تایبەت و جوان هاتووەتە نێو دنیای ئەدەبی کوردییەوە و ئەگەر بخوێنرێتەوە بێگومان سوودبەخش دەبێت.
کتێبەکە لە لایەن چاپەمەنی نووسیارەوە و لە 316 لاپەڕەدا بڵاو بووەتەوە و ئێستاکە لە شارەکانی کوردستان لەبەردەستی خوێنەراندایە.