قەڵای کۆدەکانی ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان
*یــادی عومـەر عــەلی
ڕۆمانی (مرۆڤی هەرزان) لە نووسینی ڕۆماننووس (گۆران سەباح)ە. جگە لەوەی ڕۆمانەکە بە شێوازێکی تۆکمە داڕێژراوە و بە وشەی سەرنجڕاکێش نوێ دەوڵەمەندە، ناوەڕەکەکەی پڕ پەیامە و خەیاڵی نووسەر چووەتە ساڵی 2100لەگەڵ ئەو شتە زانستییانەی نووسەر باسیان لێوە دەکات، ڕۆمانەکە دەخاتە خانەی ژانری خەیاڵی زانستی، هەرچەندە خەیاڵیش ڕەنگدانەوەی واقیعی ژیانە.نووسەر کۆمەڵێک پەیام لە ڕێگەی ئەم ڕۆمانە دەگەیەنێت کە خۆیان لە مەترسییەکانی تەکنەلۆجیا و پێشکەوتنی زانست دەبیننەوە وەک کاڵبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و نەمانی تامی ژیان.
ڕۆمانەکە باس لە ساڵی 2100 دەکات کە جیهان چی بەسەر دێت لە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و داهێنانە نوێیەکان و کاریگەریان لەسەر شێوازی ژیان چی دەبێت. لە ناو ڕۆمانەکە باسی بوونەوەری تریش هەن کە لەسەر هەسارەی کانگۆلۆکا دەژین و پێیان دەڵێن کانگۆ، زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە. هەروەها، هەموو شتێک لەو سەردەمەدا گۆڕاوە، تەنانەت خواردن و جلوبەرگ و دیزاینی هەموو شتێک. ئەمانە و دەیان بابەتی سەرنجڕاکێشتر، وا لە خوێنەر دەکەن تا کۆتایی بەردەوام بێت لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە. پرسێکی تر زۆربونی ڕێژەی خۆکوشتنە بۆ ژمارەیەکی باوەڕپێنەکراو . ئەمەش جیهان بەخۆیەوە سەرقاڵدەکات بەوەی چۆن ئەم کارەساتە بوەستێنن. لە وڵاتە گەورەکانی دونیادا، کەسایەتییە گەورەکانیان دێنە سەر خەت بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکەو دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم ڕێژە زۆرەی خۆکوشتن.
زانا گەورەکانی جیهان هەر یەکە چارەسەرێک دەخاتە ڕوو. چارەسەرەکان تاوتوێ دەکرێن و دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام هیچیان سەر ناگرن. ئەم ڕۆمانە پێمان دەڵێت کە زانستی پزیشکی، زانستی دەروونی، زانستی تەکنەلۆژیا، فەلسەفە و زانا و فەیلەسووفەکانی دنیا شکست دێنن بۆ دەربازکردنی مرۆڤ. باوەڕکردن بەم کۆدە ئەستەمە، چونکە هەموومان چاومن لە پزیشک و زانا و فەیلەسووفانە کاتێ دووچاری کێشەیەک دەبین.
کۆدێکی تر ئەوەیە کە لە هەموو کاتە ناخۆشەکاندا، دەستەیەک، تاقمێک، لایەنێک هەیە هەوڵ دەدات سوودمەند بێت لە دۆخەکە. بۆ نموونە، کارەکتەری بانک یەک لەو جۆرانەیە پێی چاکە خەڵک خۆیان دەکوژن و کۆمپانیاکەی هانی خەڵک دەدات خۆیان بکوژن. بانک دەڵێت: “زەوی دانیشتوانی زۆرەو پێویستی بە کەسی بێمێشک نییە چارەسەری. من ئەوەیە فەرمون هەموتان خۆتان بکوژن!”
بەپێی ئایدیۆلۆژیای ئایین، ئیمام حەکیم کە سەرۆکی فەتوای ئیسلامییە لەسەر زەوی، پێی وایە نوێژکردن و ئاشتبوونەوە لەگەڵ خاڵق چارەسەر بێت بۆ کۆتاهێنان بە خۆکوشتن. ئەمەش دادی کێشەکە نادات. کۆدێک گرنگ هەیە لێرەدا. نووسەر بوێرانە هەم باسی ئایین دەکات و هەمیش ڕەخنەی لێ دەگرێت. پاڵەوانی ڕۆمانەکە کە ناوی شووشەیە لە خێزانێکی ئاییندارە و شووشە بۆ خۆشی پابەندە بە ئایین و بیرۆکەکانی لە هەناوی ئیسلامەوە دێنێت بۆ چارسەرکردنی خۆکوشتن، بەڵام کۆی ڕۆمانەکە ڕەخنەیە لەوانەی کە ئایین و زانست و فەلسەفە بەکار دێنن و لە پاڵ ئەمانەوە خەریکی تاوانی خۆیانن.
کۆدێکی تر ئەوەیە ڕۆمانەکە بە ئاشکرا پێمان دەڵێ کە ڕۆژئاوا ناتوانێت هیچ بۆ مرۆڤایەتی بکات. ئەوەتا دوای ئەو هەموو تێز و کتێب و بیر و هزر و فەلسەفە و دەزگا زانستییانە، هەر شەڕە لە ئەوڕوپا. ئەوڕوپا لە شەر زیاتر هیچی تری پێ نییە بۆ مرۆڤایەتی. لە کۆی ڕۆمەنەکە ئەم کۆدە بەدی دەکرێت کەوا مرۆڤ نابێ کوێرانە بەدوای ڕێبازێک، فەلسەفەیەک، ئایینێک یان هەر ئایدیۆلۆژیایەکی تر بکەوێت. مرۆڤ دەبێ خۆی بێت و خۆی ڕووبەڕووی شتەکان بوەستێتەوە کە دێنە بەردەمی لە ژیانیدا.
شوشە ئێژێ: “نەبونی مانا لە ژیان کوشتنی ئارەزوی مرۆڤە بۆ ژین ،کەواتە دەبێ مانا بو ژیان بدۆزینەوە”.دوای گفتوگۆیەکی چڕ و پەڵپگرتن و وەڵامدانەوە ، شوشە دەیخاتە ڕوو کە چۆن مانا بۆ ژیان بدۆزنەوە،دەڵێت: “پێویستە یەکێک بنێرین بۆ جیهانی مردن و بیگەڕێنینەوە.”
ئەم بیرۆکەیە پەڵپێکی زۆر دروست دەکات و یەکەم جار کەس ناچێتە ئەقڵییەوە. بەڵام دوای ئەوەی شووشە بۆیان ڕوون دەکاتەوە، چۆن چۆنییە پڕۆسەکە، هەموو دەتاسێن. دوای قەناعەتیان پێ دەکات، دەستدەکەن بە تاقیکردنەوە.
هەر تاقیکردنەوەیە چەندان کۆد لەخۆ دەگرێت. کۆدەکان گەلێک زۆرن لە نێو ئەم ڕۆمانەدا، بۆیە بە چەندان نووسینی ئاوا تەواو نابێت. کۆدێکی تر ئەوەیە کە شتی باش لەسەر دەستی مرۆڤی پاک دەبێت. هەرچی دەچێتە بەر تاقیکردنەوە، تاقیکردنەوەکان سەر ناگرێت چونکە دواتر تێدەگەین چۆن دەروون و بیری مرۆڤەکان پیش و ناپاکە. بۆیە بە هاوکاری بوونەوەرەکانی سەر هەسارەیەکی تر، مرۆڤ لەسەر زەوی دەتوانێت یەکێک بدزۆنەوە کە کەمترین گوناهی هەبێت و پاکترین بێت. کەواتە پاکی سەرچاوەی هەموو کارێکە. ناپاک لە هەر کارێکدا هەبێت، ئەو کارە سەر ناگرێت.
یەكەم دوو وشەی دەستپێكی ڕۆمانەكە سەرنج ڕاكێشە و جوانە ، کاتێک نوسەر دەڵێت ”مرۆڤ دەبارێت.” كلیلی گێڕانەوەی هەموو ڕووداوەكانە، نووسەر وەستایانە یاریی بەم وشەیە كردووە لە دوو وشەدا بەیانی كردووە. لەم دوو وشەیەدا کۆدێک هەیە ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤ هێندە سووک بووە دەبارێت. مرۆڤ هێندە لەخۆی بێزارە، خۆی فڕێ دەدات. بارینی مرۆڤ وەک بارینی باران نییە. باران بۆ نوێبوونەوە و پاکبوونەوەیە، بەڵام بارینی مرۆڤ واتە پیسبوون و تێکچوونی هەموو شتێکی مرۆڤە. ڕۆمانەکە پەندێک بۆ مرۆڤ تا ژیانی خۆش بوێت. تەنانەت سڵاوی پۆهمانەکان و خەڵکی ساڵی ٢١٠٠ ئەوەیە: “ژیانت خۆش بوێت.” ئەم سڵاوە کۆدێکی گەورەیە و پێوسیتە زۆری لەسەر بوەستین. سڵاوەکە جۆرێکە لە هاندان و هاوکار بیرهێنانەوەی مرۆڤیشە کە هەرچی هەیە بۆ ئەوە لەسەر ئەم زەوییە و دەبێ ئەویش خۆی خۆش بوێت. “ژیانت خۆش بوێت” ڕێک پێچەوانەی تێمای ناو ڕۆمانەکەیە کە مرۆڤ خۆی خۆش ناوێت. ئەم پاڕادۆکسە زۆر گرنگ و سەرنجڕاکێشە.
قەڵای کۆدەکانی ڕۆمانەکە بە زمان دروست کراوە. لەپاڵ هەر بەشێک، هەر لاپەڕەیەک، تەنانەت هەر ڕستەیەک، نووسەر شتێکمان پێ ئێژێت. ئەمەش بە زمانێکی باڵا و پاراو دەکرێت. زمانی نووسینی ڕۆمانەکە کەم و زیادی نییە. وێڕای زیندووکردنەوەی دەیان وشەی لەهجە جیاجیاکانی کوردی، شێوازی ڕستەسازی و مانا و دەربڕین و گێڕانەوە لە ئاستێکی بەرز و جیاواز دایە. هەست دەکەی کورتە بەڵام زۆرت پێ دەڵێت. هەست دەکەی ژمارەی لاپەڕەکان کەمە، بەڵام هەستیش دەکەی ڕۆمانێکی درێژت خوێندووەتەوە. ئەم جۆرە زمانە وای کردووە ڕۆمانەکە پڕ بێت لە کۆدی جۆراوجۆر. هیوادارم، خوێنەرانی تریش بە وردی بیخوێننەوە دنیایەک کۆدی تری لێ هەڵێنجێنن.
*یادی عومەر عەلی، قوتابی زانکۆی سلێمانی، کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی، بەشی زمانی کوردی، قۆناغی دووەم.