خەون بینین ترسناکە
براوەی سێهەمی پێشبڕکێی ڕانانی کتێبی خوێندکارانی پەیمانگای کۆمپیوتەری سلێمانی
سۆلیڤان عەبدوڵلا
لەسەر وشەی ئازادی، ئازادی بۆ کۆمەڵگا و ڕا دەربرینی ئازاد، چەندین کەس بەکوشت درا. ئەوەی بەدرێژای ئەم ڕۆمانە تێگەیشتم ئەوەبوو. لە ژیاندا هەرچەند هەوڵبدەین بۆ ئازادی لەکۆتایدا شتێک دیلمان دەکات، گرنگ نییە ئەو شتە چییە، لەم کۆمەڵگایەدا چەندین کەس لەسەر بیروڕاکانیان کوژران و بێ سەروشوێن کران، ئەوانەشی ونبوون و نەگەرانەوە، لەبیری هەموو خەڵکی شار دەچوونەوە و هیچ کات یادێکیان نەدەکردنەوە.
لێرەدا دوو جۆر کوشتن هەیە، کوشتنێکیان ئەوەیە کە ڕۆحت لێ دەسێننەوە، کوشتنی دووەمیان، ناخت دەکوژن. وات لێ دەکەن بێزاربیت، هەڵبێیت لەهەموو شت و کەس. هەروەک ئادەم، ئادەم نا ڕێنوار دەیگوت: ” کۆمەڵێک مرۆڤتان زیندانی کردووە تاکە تاوانیان ئەوەیە خەونیان بە ئازادییەوە بینیوە. ” ئێوە هیچ خەونێکتان نییە تاوەکو لێی بترسن. خەون بینین یەکەم هەنگاوە بۆ بەدەست هێنانی شتێک، شتێک کە ئامادەن زۆر شتی لەپێناو لەدەست بدەن، بەجۆرێک ژیانی خۆیانی لەپێناودا دادەنێن. بۆیە من پێم وایە خەون بینین ترسناکە.