newoooo

2022/04/14

کتێبی دونیای هایکو

 مارشاڵ سوفیا

(لەوانەیە لای خەلکانێک ، هایکۆ پەیامێکی ئەوتۆی لەگەڵ خۆیدا پێ نەبێت . بەڵام هایکۆوەکان بۆ رۆحی شاعیری “هایکۆنووس” کۆمەلێک رێگان کە بەرەو لای خودا دەچن ، بەرەو نووری سپیی فریشتەکان.)

کەوتنەخوارەوەی مەراق؛

ئەم کتێبەی ئەتبات بۆ دونیایەکی جیاواز. کەوتنەخوارەوەی مەراق کەوا لە نووسینی مامۆستای زێدە ئازیز (سەردار حەمید “نۆڕێ”)یە، لە بڵاوکراوەکانی “وەشانخانەی نووسیار”ە.

ئەم کتێبە خوێنەر ئەبات بۆ دونیایەک، کەوا دونیای هایکویە، هەر ئەوە نییە تەنها ئاشنات بکات بە چەندین هایکوی جوان و بریقەدار، بەڵکو نووسەر دێ خوێنەر دەخاتە بەردەم مێژووی هایکو-وە، کەوا دێڕ بە دێر، سات بە سات، بۆ خوێنەر باس دەکات، کە هایکو چییە و چۆن هاتووەتە بوون. سەرەڕای ئەمانەش، هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ خوێنەر دەروات، تاکو دەیبات بۆ ئاشناکردنی جۆرەکانی هایکو.

لەپڕ دەستی خوێنەر دەگرێ و پیاسەیەک بە ناو ماڵی هایکیستەکاندا دەکەن و میوانیان دەبن. ئەوانیش بە چەندین باس و ئەزموون و هایکو-وە، میواندارییان دەکەن. نووسەر هەر بەوەندە ناوەستێ، دێ و خوێنەر لەبەرامبەر خۆی دائەنیشێنێت و وانەی هایکو بۆ خوێنەر دەدات و فێری دەکات کە چۆن چۆنی هایکۆ بنوسێ و ببێت بە هایکیست. دوای هەموو ئەوانە، ئەم کتێبە (٦٠٠) هایکۆ و (٤) تانکا و (٢) هایبوون ‌ـی ڕەنگاوڕەنگی تێدایە. کە هەر ساتەک لێیان بخوێنیتەوە وەک ئەوە وایە نەتخوێندبێتنەوە و دووبارە ئەو چێژەی لێ وەردەگریتەوە، کە واهەست دەکەی یەکەم جارتە ئەیانخوێنیتەوە. واتا بە کورتی و بە کوردی، ئەم کتێبە پڕاو پڕە لە زانین و چێژ و تایبەتمەندیی. کەسێکیش هیچ ئاشنایەتیەکی نەبێ لەگەڵ هایکو، من ئەڵێم ئەم کتێبەی بەسە، بۆئەوەی فێر ببێت و ببێ بە هایکیست. لەبەر ئەوەی نووسەر هیچ شتێک نەماوەتەوە باسی نەکردبێت. لەم دیدەوە، واتا؛ ئەتوانم بڵێم: کتێبێکی تەواو کامڵە و شایەنی خوێندنەوەیە، شایەنی ئەوەیە دەستی بۆ ببەیت و بیخوێنیتەوە.

 لێرەوە سوپاسی مامۆستا و ئازیزم (سەردار نۆڕێ) دەکەم، بۆ ئەم بەرهەمە تایبەتەی. هەر بمێنێت.

هەڵبەت نووسیاریش بێ بەش نین لەم جوانییە. بمێنن.

چەند نموونەیەک لە هایکوکان:

لە باخی پرچی،

بۆ گوڵی سەری ئاواز دەخوێنێ-

بولبولی دڵ!

(ونبوون)

هەر کە بە دوای خۆم دەگەرێم،

دێمە لات؛

دەیدۆزمەوە!

وێنەت دەکێشم،

لەسەر شەخەتەبەند-

دەبێتە ئاو!

شۆردنەوەی شەڕەف،

هەڵدانی پێکێک خوێنی ژن-

ڕۆژوشکاندن!

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

هایکوکانی خۆم.

خۆی حەشارداوە،

لە ترسی گورگی شەوان،

-مانگ!

بە تاریکی دێتە دەر،

کچی ددان بریسکاو.

ئەستێرە!

هەناسەی ژیان،

تەمەنی من درێژدەکات.

سۆفیا!

چاو بە فرمێسکە،

روو لە ئاسمانە،

منداڵێکی ئەنفالکراو!

مانگە شەوێ،

وێنە خەماوییەکان؛

عاشقێک!

خوێن ئەنۆشێ،

لە دووری مانگ.

لەبیرکراوێک!