277575271_5081741035238014_2844338263283130097_n

2022/03/29

ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم

هێلین پاڵانی
ئەگەر ڕۆژێکی خۆش هەبێت لەژیانم، هەڵی دەگرم و لەناویدا دەژیم.
تەمەنێک ژیان لەنێو نەهامەتی و ئازار مرۆڤ بێهێز دەکات، بەجۆرێک دەگەڕێت بەدوای ڕۆژێک، تەنێ ڕۆژێکی خۆش و بیکاتە ژینی ئەبەدی. ڕەنگە ئەو ڕۆژەیش لە ڕاستیدا بوونی نەبێت، مەگەر نووسەر بێت و دەسکاری سەرتاپێی چیڕۆکەکە بکات و پێچەوانەی بکاتەوە.
-نووسەری باش ناهێلێت خوێنەر بێزاربێت، وادەکات خوێنەر دەسبەرداری کتێبەکە نەبێت تاوەکوو کۆتا وشە. دوای ئەوەی ماوەیەک بوو کتێبێکم لەبەردەست بوو، خەریک بوو ئارەزووی خوێندنەوەی نەدەهێشتم، بەهۆی کرچوکاڵی ناوەڕۆک و نووسینەکەیەوە. بەهەرجۆرێک لەکۆڵ خۆمم کردەوە. “ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم” گەڕاندمییەوە نێو پەڕەکان و ونی کردم، بەجۆرێک لەگەڵ وشە و کاراکتەرەکان لە گەشتێکدابووم، ئارەزووی تەواو بوونیم نەبوو.
-زۆر باسکردنی هەر کتێبێک لە چێژی خوێندنەوەی کاڵدەکاتەوە، بۆیە پێمخۆشە خوێنەری بن و گەشتێک لەگەڵیدا بکەن.
دەقێک لە نێو پەڕەکانی ڕۆمانەکە
-(لە ژیانی ئێمەدا چەندان کارەساتی گەورە ڕوویدا، بۆنموونە شەوێک بەبێ ماچ خەوتین، ڕۆژێک نانی بەیانیمان بەیەکەوە نەخوارد، ئێوارەیەک بەخێرهاتنەوەت نەکردم. من لێرەم سارا، نەڕۆیشتووم، لێرەم بۆ بیرهاتنەوەی شتە گەورەکان، ئەها جارێک بانگت کردم و نەمگوت گیان، تا هەفتەیەک بەس دەنگی چرکەی کاتژمێر دەهات.)
بژین و بنووسن، بوونی نووسەرانی وەک ئێوە جێگەی شانازییە.