ئەو شاعیرەی ژیان بەردێک بوو بەر سەری کەوت کەچی دڵی شکاند
کەژاڵ ئەحمەد
ئەگەر نەوەدەکان کەشێکی لەبار بووبێت بۆ شاعیرانی سوریالی لە کوردستانی باشوور، ئەوا ساڵی ٢٠٠٠ لەبارتر و فەراهەمتر بوو بۆ خواستی تێکشکاندنی نۆرمە باوەکان. کەشەکە گونجاو بوو بۆ دەرکەوتنی تەرزی نوێ لە نووسەری گەنج. یەکێک لەو قەڵەمانە لە هەولێر بوو ناوی نارینە و کچی شاعیری دیار ڕۆستەم باجەڵانە. ئەوەی لە نووسینی ئەم خانمەدا سەرنجی ڕادەکێشام کۆمەڵێک هۆکارە، لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە لە هیچکام لە قۆناغەکانی دەرکەوتن و چالاکبوونی سوریالییەکانی بواری ئەدەبی کوردیدا، ڕووی نەداوە شاعیرێک یان کارەکتەرێکی مێینە هەبێت، نارین ئەو تاقانە کچە سوریالییەی نووسەی بواری شیعری کوردییه، کە هەم هاوچەرخانە دەنووسێت و هەم یاخی و دژە باوە. زۆربەی شیعرەکانی نارین هەستی قسەلەسەرکردن دەبزوێنن، بەتایبەتی کە زۆر بێمنەتانە دەڵێت :
خەڵک کێن؟
تۆ بۆ ئەوەندە دڵت بەوە خۆشە کۆمەڵگایەکی خراپ
بە تۆ بڵێ: مرۆڤێکی باش…!!؟؟
لەو باوەڕەدام لەم دێڕانەوە بەرەو ئاسمانی شاعیربوون فڕیوە، لێرەدا واز لەم دێڕانە و شیعرە ناسراوەکانی وەک شیعری: کڵاو و قوتوو دەهێنم و باس لە دەقێکی دی ئەم خانمە دەکەم بەناوی شەڕەپشیله . لەبەر ئەوەی ئەم شیعرەیانی وێناکردنێکی بێ زیاد و کەمی دونیای سوریالییەکانە، ئەوانەی واقیع لە هزریاندا وەک شەڕەپشیلە بەناویەکدا چووە. واقیعێکی ناتەبا و پڕ لە فەوزا بە دەستکارییکراویی لەسەر لاپەڕەکان نمایش دەکات. ئەوەی لەم شیعرەدا سەرنجی خوێنەرێکی وەک من ڕادەکێشێت، ڕەنگدانەوەی ژنبوونێکی خەفەکراوی کۆمەڵگە داخراوەکانە، ژنبوونێک کە دەتوانێت لە دەقی یاخییەکاندا بێ ترس و شەرم خۆی نمایش بکات. ئەوەتا دەڵێت:
لە قاپووتێکی دەستی دوو
شیعرێک پژمی.
پێشانی دایکمم دا
جنۆکەی لێ دەرکرد و
بە قورئان ڕاوی نا
ناومان لێ نا: شەڕەپشیلە
لە کن عەریزەنووسی ناسنامە
کە قەڵەم گەیشتە سەر ڕەگەز
سەرەوخوارم کردەوە،
فرمێسکێکی لێ کەوت:
نییەتی
دەرکراین.
نارین و دایکی وەک هەر مێینەیەکی نێو پانتایی نادادپەروەریی دەردەکرێن، لێرەدا شوێنی خۆیەتی بڵێم: گرێدانی چارەنووسی شاعیربوون بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناو تاکە خێزانێک، لایەنێکی زۆر جوانی دەقەکانی ئەم نووسەرەیە. نارین بێپەروا باس لە دایک و باوک و براکەی و دۆخی فەنتازیائامێزی ژیانی ڕۆژانەی خێزانێک دەکات. لە درێژەی شیعرەکەدا دەبینین چۆن نارین و دایکی بەسەر زبڵدانی ئەرشیفی کتێبخانەی گشتیدا باز هەڵ ئەدەن و ماتۆڕی پۆلیسی ژینگە ئەو ژینگەیەی کە هەوڵ ئەدرێت لە ژن پاک بکرێتەوە ئەمان هەڵ دەدات!! ئیدی شیعرەکەی نارین دەکەوێتە ناو زەلکاوی وشەکانەوە، لەناو زەلکاوەکەدا قولاپی شاعیرانەی ئەو هەر بۆق و زبڵ و ئاو ڕاو دەکات، کە هیچیان دەوای دەردەکانی ژنانێکی وەک نارین ناکەن. هەربۆیە وشک دەکات، تا دەگاتە ئەوەی نارین لە کۆتایی شیعرەکەدا دەڵێت:
لە لێواری زەلکاو،
قۆپچەی قاپووتم دەکردەوە
شەڕەپشیلە ھەر نەگەڕایەوە .
ئا بەم جۆرە وێنای واقیعی بەهرەی نووسینکوژ بەشێوازێکی زۆر تایبەت و سوریالیی دەکات، وەک ئەوەی تراژیدیایەکمان لە ڕێی فیلم کارتۆنێکەوە بۆ باس بکات وایە. بەوپەڕی بێباکی و گاڵتەئامێزییەکی تاڵەوە، شەڕی پشیلەکانی وشە بەرپا دەکات و سەرنجمان بۆ خەمە ڕۆشنبیری و فێمینستییەکانی ڕادەکێشێت.
—————————————
دەقی “شەڕەپشیلە” یەکێکە لە دەقە شیعرییەکانی ناو کتێبی “بەرەواژ” لە نووسینی: (نارین ڕۆستەم)