شیعر متمانەی بە یاسا و دادوەر نییە
وچانێک لە سەر کتێبی شیعر بۆ ترسەنۆکەکان نییە
ئەرسەلان چەڵەبی
1.
جیهانی وەرگێڕان بەستێنێکی پان و بەرینە لە ئاڵوگۆڕی نێوان کلتوور و زمان و ئەدەب و تەنانەت مێژووی گەلان کە دەتوانێ هەموان پێک گڕێ بداتەوە و ببێتە هۆکارێک کە مرۆڤی سەر گۆی زەوی زێدەتر لە رۆح و ناخی یەکتر نزیک بنەوە. وەرگێڕان دەورێکی کاریگەر و هەستیاری هەیە لە سەر ناساندنی زمان و ئەدەب و کلتووری نەتەوەکانی جیهان بۆ یەکتر، هەر بۆیە وەرگێڕان مژارێکی گرینگ و کاریگەرە لە ناو ئەدەبیاتی گەلاندا.
دیارە نەتەوەی کورد لەو بوارە بێبەری نەبووە و زۆر و کەم لە کۆنەوە هەوڵی خۆی وەگەر خستووە دەقە ئەدەبییەکانی وڵاتانی تر بێنێتە سەر زمانی کوردی. وەرگێڕانی دەقی ئەدەبی و زانستی و تەنانەت فەلسەفیش بۆ سەر زمانی کوردی یەکێک لە خاڵە هەرە گرینگەکانی زیندوو راگرتن و گەشەی ئەو زمانەیە، واتە وەرگێرانی دەق لە ناو هەموو بوارەکان بۆ سەر زمانی کوردی دەتوانێ یارمەتییەکی زۆر باش بێت بۆ گەشە و نەشەی ئەو زمانە.
دیارە کورد لە ئەدەبی کلاسیک دا خاوەنی گەلێک وەرگێڕانی بەپێز و ناوازەیە کە دەتوانین لێرەدا ئاماژە بە وەرگێڕانەکانی مامۆستا هەژاری موکوریانی بکەین، بەڵام ئەوەی جێی باسە و هەورەها کەمتر ئاوڕی لێ دراوەتەوە ئەدەبی نوێ و مۆدێڕنی گەلانی ترە کە بە داخەوە لە ناو کوردا ساوایە و زۆر کۆک و پۆشتە نییە، رەنگە ئەو پەڕی دوو دەهە بێ کە ئاوڕی لێدرابێتەوە و بە شێوەیەکی شیلگیرانە کاریان بۆ کردبێ، بەر لەویش و تەنانەت لە ئێستاش دا تاکی کورد زۆرتر لە رێگەی وەرگێڕان بۆ زمانەکانی فارسی و تورکی و عەڕەبی توانیویەتی لە گەڵ ئەدەبی گەلانی تر ئاشنا بێت و بیانخوێنێتەوە، هەرچەند ئەوە بەو مانایە نییە کە بۆ سەر زمانی کوردی نەکراوە، بەو واتایەیە کە کەم بووە و کۆمەڵێک کەسی دڵسۆز کە شارەزای زمانەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی بوون ئەو ئەرکەیان خستۆتە سەر شانی خۆیان و کەم و زۆر دەقی نوێ و مۆدێڕنیان هێناوەتە سەر زمانی کوردی.