فڕین لە دەرەوەی پۆل
دلاوەر قەرەداغی
“بەرەواژ” کتێبێکی بچووکی “نارین ڕۆستەم” ــە بە شیعری جوانەوە. کتێبەکە بە قەبارە ئەوەندە بچووک و بێنموودە کە لەو کتێبخانەیەی کڕیم، لەسەر مێز و ڕەفە و لەپاڵ کتێبەکانی تردا دانەنرابوو ، بەڵکو داوام کرد و خاتوونی کتێبخانەکە بە زەردەخەنەیەکەوە ڕۆیشت بۆی هێنام. کتێبەکە بەو بچووکییەوە نەک هەر جێگای چەند شیعرێکی (بە بڕوای کەسییم) جوان، بەڵکو جێگەی دیدارێکی ئەدەبیشی تێدا بووەتەوە.
نارین، لەو دەنگە تایبەتانەیە لای من، کە دەیخوێنمەوە و چاوەڕوانییم لێی هەیە. تایبەتمەندیی لەودا ئەوەیە لە دەرەوەی پۆل و ڕیز و ڕەگەز و نەوە و جێگە و ڕێگە و پێگەدایە، تێکەڵەیەکە لە ڕەنگی تێکئاڵاو وپێکداپژاو، جوانترین شتێک لە شیعرەکانیدا، کە لە وەسف و درێژدادڕی بێپاساو و وشەڕیزەکیی دووری خستووەتەوە، ئەو نەغمە غەمگینە سوریالییەیە کە وا دەکا بەردەوام دەستت لەسەر دڵت بێ و هەست بکەی شتێک ڕوو دەدا، فەزایەک پڕ لە دەنگ و ڕەنگ و تەڵەزم و پرژەی هەمەجۆر لە وردە چیڕۆک و بەسەرهات.
نارین وەک خۆی لە دیدارەکەیدا دەڵێ، شاعیرییش هەر ئەو منداڵەی جارانی خۆیەتی کە بە کوپێکی پەمەیی پڕ لە شیرەوە، لە باخچەی منداڵانەوە بۆ ماڵەوە و بۆ لای برا بچووکەکەی دەگەڕێتەوە تا بیداتێ و بیخواتەوە، جا ئەگەر تا ماڵەوە قومێکی بچووکیش لە بنی کوپەکەدا مابێتەوە، هەر سوپاسگوزار و قاییلە.