زەبرى مەرگى ئازیزان
ئیبراهیم ناودەشتی
نایا مارییا ئاییت، دواى مەرگى کوڕەکەى، قەسیدەیەکى درێژ دەنووسێت بە ناونیشانى (ئەگەر مردن شتێکى بردوویت بۆی بگەڕێنەوە) یان (کتێبى کارل)، زەبرى دەروونى و ڕۆحیى بەرکەوتنى ڕاستەوخۆی مردنى گۆڕیوە بە بەرهەمێکى ئەدەبی، ئالان پەرى قەسیدەکەى وەرگێڕاوە بۆ کوردى.
هەموو کارە گەورەکان لە دواى مردنەوە دەستیان پێکردووە، سیسرۆ (Cicero) دواى مردنى کچەکەى دیالۆگی (هۆرتێنسیەس)ى نووسی و پەناى بۆ فەلسەفە برد، یاخود باشترە بڵێین لە فەلسەفەدا دڵنەوایی خۆی بینیەوە.
داستانى گلگەمێش چیرۆکى گلگەمێش دەگێڕێتەوە، کاتێک ئەنکیدۆ-ی هاوڕێى دەمرێت، خەمێکى بێ سنوور دایدەگرێت، کە تەنها ئەوانە هەستى پێدەکەن کە دەرگیرن لە گەڵ مردنی ناکاوى ئازیزێکدا، گلگامێش ڕاستەوخۆ بەر مردن دەکەوێت و پرسیارى مردن و جاویدیی دەبێتە کەڵکەڵەى، تا لە ئاکامدا چ ڕێگەو چارەسەرێک نادۆزێتەوە بۆ دەربازبوون لە مردن جگە لە هەڵبەستنى پردو ڕێگاو خزمەتى گشتى. جێی ئاماژەیە ڕێنمایی (بیری چاک، وتەى چاک، کردارى چاک) پێم وایە وەڵامێکى پەیامبەر زەردەشت بێت بۆ پرسی مردن، سەرجەم ئایینەکان بە شێوازى تایبەتى خۆیان وەڵامى ئایدیۆلۆژیی پرسى مردنیان داوەتەوەو هەوڵیان داوە لە میانى ڕاڤەکانیانەوە، مرۆڤ قایل بکەن بە ئاکارو ئەخلاقى بەرزو لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگا.
مردنى هەر ئازیزێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام وەک گشت مردن هەر مردنە، مردنى خوشک و برا بێت یان مردنى دایک و باوک، مردنى هاوڕێ بێت یان مردنى کەس و ئازیزانى دیکە، کە مردن ناکاو وەک بروسکە دێتە ناو ماڵەکانمانەوە، دایباب سەرکێشیی خستنەوەى وەچەى دیکە دەکەن، بڕواداران کتێبە ئاسمانییەکان بە باوەشەوە دەگرن و نوێژو نزاى بێ بڕانەوە وەڕێ دەخەن، وەک سەبوورییش مرۆڤانى سەرگەردان لە ناو ئەفسانەکانى سەردەم، ئەدەب دەخوێننەوەو فەلسەفییانە بیر دەکەنەوە، مردن زەبرێکى ڕۆحییەو مردووان لانى کەم لە شێوەى خەون و ڕوئیاو ئەندێشە دەگەڕێنەوە ناو ژیانى هەڕەشەلێکراومان و ڕێنماییمان دەکەن؟
دایکان و باوکان، سیسرۆ و نایا مارییا ئاییت، گلگەمێش، ئایین و فەلسەفەکان، مردنیان لە بەڵاو کارەساتەوە گۆڕیوە بە شنەباى لاوانەوەیەک، هەتوانێکى زۆر کاتى بۆ برینێکى ئەبەدی، وەڵامێک بۆ پرسیارێکى جەوهەری و بنەڕەتی کە ئەخلاقی بەرهەم هێناوە، سیستەمێکى بۆ کۆمەڵگاکان داهێناوە، هەروەها مرۆڤایەتى لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکى تر گواستۆتەوەو نەمری و جاویدیی بەم شێوازەو هەتا ئێستاى مسۆگەر کردووە.