بۆ نارین ڕۆستەم، خاوەنی شیعری “قوتوو”
مەریوان وریا قانع
تا ئێستا چەندجارێک شیعری نارین ڕۆستەمم بەرچاوکەوتوە، ھەموو جارەکان شیعرەکانم بەلاوە جوان و تایبەت بووە. ھەموو جارێک ئەم خانمە لەچەند دێرێکی کەمدا دۆخێکی ئاڵۆز و فرەلایەن و پڕ ھێما و دەلالەتی جیاواز دروستدەکات. لە شیعری “قوتوو”دا کەش و ھەوای تایبەتی ناو خێزانێک نیشان ئەدات کە قابیلی لەسەر وەستان و خوێندنەوەیەکی ھەمەلایەنە: دایکێکی خەمخۆر، باوکێکی عارەقخۆری بێدەنگ، خوشکێکی نائومێد لە شوکردن، کچێکیش بە توانایەکی گەورەی بینین و تێبینکردنەوە. ھەمووشیان بەسەریەکەوە دیمەنێکی تەواو سوریالیمان نیشان ئەدەن. سوریالیەتێک کە مەگەر تەنھا ئەو دەرەقەتی گێڕانەوەی تەفاسیلەکانی ئەو واقیعە پڕ ناکۆکیی و سەیر و ئاڵۆزەی ھەبێت، کە شیعرەکە بەرجەستەی دەکات. نیشاندانی واقیع لەڕێگای بەسوریالیکردنی ئەو واقیعەوە، ئەو تەکنیکە شیعرییەیە کە لەم کورتە شیعرەدا بە خەستی ئامادەیە.
لەو چەند شیعرەی تری ئەم خانمەدا کە من بینیومن ھەمان تەکنیک ئامادەن. گێڕانەوەی بابەتێکی گەورە لە ڕێگای چەند دێڕێکی کەم و زمانێکی چڕ و دیمەنێکی سوریالیەوە. ئەمەش شوناسێکی زۆر تایبەتی بە شیعری ئەم خانمە بەخشیوە و لە بەشێکی زۆری شیعری کوردیی دونیای دوای ڕاپەڕینی، جیا دەکاتەوە.
—————
شیعری “قوتوو” یەکێکە لە شیعرەکانی ناو کتێبی شیعری “بەرەواژ” لە نووسینی : (نارین ڕۆستەم) .