سێ خاڵ دەربارەی ڕۆمانی (مرۆڤی هەرزان)
کارۆ حسێن
١• ئەو سەردەمە بەسەرچووە، کە قسەمان لەبارەی ڕۆمانێکەوە کرد بنووسین باشە یان خراپ. چونکە هەم پێوەرەکان جیاوازن، هەم ستایل و فۆڕمی زۆر داهێنراون.
– کارەکتەرەکان چەند خۆیان نیشانداوە؟
– چەند کارەکتەری جیاوازم بینی لە ڕۆمانەکەدا؟
– کاریگەریی کارەکتەرەکان و گرنگییان بۆ ڕۆمانەکە؟
پێویستە نووسەری هەر ڕۆمانێک، کەشێک دروست بکات، کارەکتەرەکان خۆیان نیشان بدەن، ئەگەر ئەم ئازادییە هەبوو کارەکتەری جیاوازیش دەبینین. پێویستە هەموو کارەکتەرێک لە ڕۆماندا کەم یان زۆر کاریگەریی خۆی هەبێت وەک مرۆڤەکان لە ژیاندا… نووسەری مرۆڤی هەرزان ئەمەی کردووە.
٢• کە ڕۆمانێک پێشبینیمان بۆ دەکات، ئێمە چاوەڕێ نابین تا ئەو بەروارەی لە ڕۆمانەکەدا هاتووە لە ژیانی واقیعیشماندا بێت، ئینجا ڕای خۆمان لەبارەیەوە بنووسین، بەڵکو هەڵسەنگاندنەکەمان هەر لەناو کات و شوێنی ڕۆمانەکەدا دەبێت، چونکە ئێمە پێویستمان بەوە نییە ئەو ڕووداوەی پێشبینیکراوە ڕاستبێت.
ڕووداوەکە کە پێشبینیشە چەند خزمەتی بە چنینی ڕۆمانەکە کردووە؟ چەند و چۆن خزمەت بە خەیاڵ و بیرکردنەوەی خوێنەر دەکات؟ بیرمان نەچێت ئێمە باسی ڕۆمان دەکەین، کەواتە ئەو پێشبینییەی کراوە چەند (چێژ)ی بۆ خوێنەر دروست کردووە؟
بەبۆچوونی من مرۆڤی هەرزان لەمەشدا سەرکەوتوو بووە.
٣• فۆڕمی ڕۆمان
مەرج نییە هەموو ڕۆمانێک بە فۆڕمێکی جیاواز بنووسرێت، بەڵام گرنگە نووسەر کە فۆڕمێک هەڵدەبژێرێت جێ دەست و بیرکردنەوەی خۆی بە دیاربخات.
مرۆڤی هەرزان بە فۆڕمی (خەیاڵی زانستیی) نووسراوە، لە ئەدەبی کوردیدا ژمارەیەکی کەم ڕۆمانمان هەیە لەم فۆڕمە، بۆیە ناتوانین بەراوردی بکەین، کەمیش دەزانین لەبارەی ئەم فۆڕمەی نووسین.
ئەدەبیاتی ئێمە پێویستی بەوەیە فۆرمە جیا جیاکان بەسەر بکاتەوە( وەک ڕۆمانی خەیاڵی زانستیی و پۆلیسی و …) پێویستە ئەو نووسەرانەی بەفۆڕمی جیاواز و نوێ دەنووسن بەسەر بکرێنەوە، بۆ ئەوەی بە ڕەخنە و سەرنجی هەموومان کەشێک دروست بکەین لە ئەدەبیاتەکەماندا هەم نووسەران ئازادبن لەوەی چۆن بیردەکەنەوە و دەنووسن، هەم بەرهەم دوای بەرهەم توانای نووسینیان باشتر ببێت.