241211069_897525757513176_8150386195352856559_n

2021/09/04

گەشتێکی عیرفانی بەنێو چامەکتێبی نەمرەڕێی پێشەوا کاکەییدا

هەردی حوسێن

بەشی سێیەم

لێرەدا ئێمە بە ھەمان گۆشەنیگا کە لە سەرەتاوە وەکوو سوورەداوێک بەکارمان ھێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە نەمرەڕێ، بە ھەمان هەناسە درێژە پێدەدەین. ئێمە لە یەکەم دیدارماندا لەگەڵ ئەو ھۆنەرانەی کە گەیشتوونەتە نەمرەڕێ، چاومان بە ھۆنەرێکی گەورە دەکەوێت کە لە سەدەکانی دووھەم و سێھەمی کۆچیدا ژیاوە، لە ناوچەی ھەورامان. کاتێک ئەو شاعیرە دەخوێنییەوە کە شاعیر نێوی باڵووڵی ماهی دەھێنێت ھەست دەکەیت ھاوەڵی باڵووڵی ماھی بووە و دەیەوێت سەرلەنوێ ڕێبازەکەی زیندوو بکاتەوە و لەگەڵ یارانی لوڕستانی سەفەرێکمان پێبکات و لە ڕێدا، ئەو سەرمایەدارانە بەر تللار بدات و پێیان بڵێت کاڵفام و شێت ئێوەن. ھەروەکوو لە چامەکتێبەکەدا ھاتووە.

«وەک باڵووڵی ماهی لەگەڵ خۆردا هەڵدێم،

دەرگا دەکەمەوە بە ڕووی خەڵکدا،

سەرمایەداران دێن لەبری پەمۆ بە ئەستێرە بچوێنن،

نەوت و پارە بە ئاسمان دەچوێنن،

کە پرسیاری نەمريێتییان لێ دەکەم، وەک پەمۆ هەڵدەوەرێن.[1]»

ھەرچەندە چەندین سەدە بەسەر ژیانی باڵووڵی ماھی تێپەڕ بووە، بەڵام شاعیر بە ھەمان هەناسەی باڵووڵی ماھی دێت، وەک پەمۆ ئەو سەردەمە شی دەکاتەوە و درێژە بە ژیانی باڵووڵی ماھی دەدات و لەسەر زمانی ئەو بە شیعر لەگەڵمان دەوێت. تاوەکوو ئێمە زیاتر پەند لە ژیان و بەسەھاتەکانی وەربگرین.

«شێتی لەگەڵ خۆمدا دەگەڕێنم و خۆمی پێ دەدوێنم،

تا یەکێ لە بۆنم ڕەنگ بگرێ،

لە خەیاڵم کەمێک هۆش وەرگرێ.[2]»

وەک لەو شیعرەی کە لە سەرەوەدا ئاماژەمان پێدا، دەبینین باڵووڵی ماھی وەک وەسیلەیەک بۆ گەیاندنی پەیامی شیعری، لێزانانە سوود لە ژیان و کارەکانی وەرگیراوە و شاعیر دەق و پەیامێکی یەکجار جوانی پێ خوڵقاندووە. دووبارە بە ھەمان شێوەی باڵووڵ بە ئێمە و بە ھاڕوونیش دەڵێتەوە کە ھەموو سەروەت و سامانی دنیا قمە ئاوێک ناھێنێت!

دواتر، بابالوڕەی لوڕستانی دێت. شاعیر وێنەی ژیان و گوزەرانی ھۆنەرمان لە شیعرێکدا بۆ بەیان دەکات. کاتێکیش لە سیمای ئەو شیعرە دەڕوانین کە بابالوڕەی لوڕستانی بە ھەمان سیماوە خۆیمان نیشان دەدات، جارێکی دیکە ھەست بەو جاڕسییە دەکەین، کە بەرانبەر کۆمەڵ ھەیبوو. ھەروەکوو شاعیر دەڵێت:

        «وەک بابالوڕەی لوڕستانی دەڕۆم

لەبن درەختێكا دادەنیشم، دوور لە ژاوەژاو

کۆڵەکەم دادەگرم کە پڕە لە سەدەفی ساردوسڕ،

تەنیا بەدیار درەختەوە ڕادەمێنم، تا ڕەنگ و بۆ بگرێ،[3]»

لێرەدا دەقی تێکەڵ بە ژیان و جیھانبینی ھۆنەر کراوە و پەیامێکی شیعریشی دراوەتە پاڵ. دواتر دەگەین بە باباڕەجەبی لوڕستانی ساتێک لەگەڵ ئەو ھۆنەرە بە توانایەدا، گوێ بۆ تەنبوورەکەی دەگرین و ئەو شیعرە دەخوێنینەوە کە دەڵێت:

«وەک باباڕەجەبی لوڕستانی  لەم کوێستانانە دێم و دەچم

با هێلانەم هەر نەبێ، خۆ سرووشتی کوردستانم هەیە.[4]»

کاتێک ئەم شیعرە دەخوێنینەوە، وا ھەست دەکەین باباڕەجەبی لوڕستانی تەنبوورەکەی دەژەنێت و زیاتر تێکەڵ بە شیعرەکەیمان دەکات و پێمان دەڵێت ڕاستە ھیچ شوێنێکی وەکوو ماڵ شک نابەم، بەڵام خۆ من کوێستانیم و بەردەوام دێم و دەچم. کەواتە نە ماڵم ھەیە و نە دەشمەوێت، چونکە سرووشتی کوردستانم ھەیە. لێرەدا دەزانین بۆچی شاعیر ئەو ھۆنەرەی لە ڕیزی نەمران داناوە و لە ڕێی نەمرەڕێ تووشی باباڕەجەب دەبین. بۆ ئەوەی ئێمەش وەکوو ئەو خەونی بچووک و کاتی قووتمان نەدەن و نەتوانین ھەناسە بدەین. دەکرێ ئێمە شتی زۆر گەورەمان ھەبێت و ھەستی پێنەکەین، چونکە وێڵین بە دوای شتی بچووکەوە، بەڵام بۆ ئەمە پێویستمان بە درکردنێکە ھاوشێوەی باباڕەجەب بۆ ئەوەی بە ئاگابین و بزانین. دوایی شاعیر دێت و (باباحاتەمی لوڕستانی)ـش. بە ئێمە دەناسێنێت و پێمان دەڵێت ئەوەش یەکێکی دیکەیە لە یارانی باڵووڵی ماھی و یەکێکی دیکەیە لە تەنبوورژەنەکانی لوڕستان و بە جامێک لە مەی سەرخۆشمان بکات و شیعرێکیش لەگەڵیدا بخوێنێتەوە و شاعیریش ھەروەک ئێمەی داوەتی ئەو کۆڕە کردبێت بە بەیتێک وەڵامی دەداتەوە.

«وەک باباحاتەمی لوڕستانی کە گوتی:

(ساقی جام مەی، ساقی جام مەی

پەرێم باوەرە، ساقی جام مەی)[5]

گۆزەی من دووسەرە مەیگێڕ!        گوتم

بۆم تێ بکە نوێیە مەیەکەى![6]»

کاتێک لەگەڵ یاران لەکۆڕێکی وەھادا دابنیشین و شیعر بخوێنرێتەوە و تەنبوور بژەنرێت و مەی مەستمان بکات. دەبێت ڕۆح بییەوێت لە کوێدا خۆی پەنھان بکات و بییەوێت بۆ کوێ باڵ بگرێ و بفڕێ و بیەوێت بە دیداری کێ شادبێت. شاعیر وەک ڕۆحێکی بەدمەست ئەوە بە دەرفەت دەزانێت و بە شیعرێک ئەو دۆخە عیرفانییەمان بۆ بەیان دەکات و دەڵێت:

«نە گۆزەیەکی شکاوم، ترس و تۆقین

شەقى کردبم،

نە دەشڵەژێم کە گۆزەم لە ڕووناکی پڕ بێ،

خۆشم دەوێی ئەی یەزدان! لەبەر خۆت نا،

ئەمە مرازی منە، دڵم دەیەوێ بە تۆ شاد بێ.[7]»

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی شاعیرە گەورەکانی عیرفانی بدەینەوە، ئەوەمان بەر گوێ دەکەوێت کە دەیان گوت ئێمە خودامان خۆش دەوێت، بەڵام ئەو خۆشەویستییە نە لە ترسی جەھەندەمە نە لەبەر خۆشی بەھەشت؛ بەڵکوو لەبەر خودی خوایە ئەو پەرستش و خوداپەرستییە! شاعر زیاتر لەمە ڕۆ دەچێت و دەڵێت من دڵم کانی نوور و ئەشقی خودایە! ڕێم، ڕێی مەستی و یاد و یارم ھەر ئەوەیە، بۆیە من دڵم دەیەوێت بە تۆ شادبێت و ئەمە مرازی منە، دەمەوێت مرازەکەشم حاسڵ بێت! پردی پەیوەندی شاعر و یەزدان تەنھا خۆشەویستییە و بەس. کاتێک ئەو مرازە حاسڵ بوو، ڕازی خۆی بۆ بەیان بکات و پێی بڵێت ئەو مرۆڤەی خەڵقت کردووە، مرۆڤێکە ھێشتا نەبووە بە بوونەوەر، تەنھا ئەوە ئەوەیە لە بووندایە و ئەو بوونەشی پڕکردووە لە کرم و خەریکە گیانی بوون دەکێشێت. ھەروەکوو ئەو شیعرەی خوارەوە؛

«بوونەوەرێک لێرەیە، چەندین چەرخە

هێشتا لە جیهانی خۆیدا نەبووەتە بوونەوەر،

هەر گینگڵ دەدا و دەڕوانێ بۆ دوور،

کە ئاوڕ دەداتەوە

پەشیمانیی پڕ بووە لە کرم،

کرمێکی نەوسن و وێرانکەر.[8]»

کەواتە دەبێت ئێمە بیر بکەینەوە لە خۆمان و لە خۆمان بپرسین باشە بۆچی ناتوانین ئاوڕک لە ڕابردوومان بدەینەوە. خۆ ئەوەی تیایدا ژیاوە ھەر ئێمە بووین و ئێمە بەرپرسین لەم بوونە. دنیا ئێمەی لەگەڵ خۆی بردووە و بۆ کوێ بیەوێت بۆ ئەوێمان دەبات، بەڵام شاعیر جارێکی دیکە دەمانھێنێتەوە سەر ئاسنەڕێی بوون و بە شیعرێکی ناسک کە سەروای لێسەندرابێتەوە دەڵێت:

«دەڵێم ئەی گاسنی نێو چەرخەکان!

بە نێوی جیھانەوە مەمانکێڵە![9]»

دوای ئەم شیعرە، دەگەین بە دیداری سۆفیگەر و عارفی گەورە (حەللاج.) ئەو دیمەنە دەگمەنانە دەبینین کە پێش لە داردانی تیایدا ژیاوە و شوێنکەوتوانی بۆ خوداپەرستی نوقمی بیرکردنەوە کردوون و وێڵی سارا و ھەردی کێوانی کردوون. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبینین لە دەوری ھۆنەردا چەند بێگوێ و کەڕ و ڵاڵ ھەبوونە و حەللاج بەستیانە گرفتار بووە و ئەوانیش بە ھەمان شێوە لە (حەللاج)یان نواڕیوە و ڕاناوەستن تا دەیکەن بە داردا. شاعیر دێت و ئەو دەورانەی حەللاج ئاوێتەی سەدەی ٢١ دەکات و دەڵێت:

«وەک حەللاج

لە جیهانێکدام ژەقنە،

دەرگا کەڕ،

پەنجەرە کوێر،

وەلێ ئەوەی دەگەڵیدا دەدوێم لاڵ نییە!

ئاسمانە، مڕومۆچ نییە،

شەوە، دۆزینەوەی ڕۆشنایی دژوار نییە،

ئەستێرەیە، هێجگار گۆشەگیریش نییە،

چاوەکانم

حەوتەوانەی بچووک دادەگرن و

دەیخه‌نه‌ نێو دوو کەوانەی گەورەوە،

بە دڵ دەڵێت

دەرکەوە با ئەم جیهانە یەکانگیر بێت![10]»

لێرەدا شاعیر زۆر جوانە وێنەی نەک حەللاج بەڵکوو ھەموو ئەوانەی لە سەردەمێکی کوێردا دەنووسن و بیردەکەنەوە نیشان دەدات و پێمان دەڵێت ئەوە زەمەنێکە نە پەنجەرەیەک ھەیە بۆ ڕوانین و نە دەرگایەکیش ھەیە ئێمە لێی بدەین و بچینە ژوورەوە لەگەڵ خاوەنماڵ دابنیشین، نا ئەو سەردەمە سەردەمێکی بێگیانەیە، سەردەمێکە وەک چۆن حەللاج بەو گەورەییەی لەجیاتی ئەوەی گوێی بۆ بگیرێت و بیکەن بە سەرمەشق لە داریان دا! بەڵام نا وادەم ئەوان گوێ ناگرن و خۆیان وەک کەڕ وێنا دەکەن، من دەچم دەبمە ھاوەڵی ئاسمان و ئەستێرەکان، چونکە ئەوان وەک مرۆ دڵڕەق نین و لەوپەڕی تاریکیشدا بێت، دەتوانم داوای کەمێک ڕووناکی لە شەو بکەم.

ئەگەر حەللاج مامۆستا و سەرمەشقی سۆفیگەر و عاریفان بێت و بە ناھەق کرابێت بە داردا، ئەی ئەگەر ئێستا لە ژیاندابایە و ئێستای بەغدای بینیبایە دەبوو چ قسەیەکی بکردایە؟ دەبوو خەڵکەکە لەجیاتی لە داردان، چ سزایەکی ئەم سەردەمە نەگریسەیان بەسەردا سەپاندبایە؟ ئەی ئەگەر ئەو میر، شالیار، شێخ، سەید، ئاخوند و مەلایەنەی بدیبایە، ئاخۆ کڵپەی شۆڕشی ھەڵنەدەگیرساند؟ ئاخۆ چی پێیان دەگوت! دوای ئەوەی حەللاج بە داردا کرا. شاعیر دێت، پەیامێک بە گوێی (باباسەرهەنگی دەودانی)ـدا دەدات و دەڵێت:

«تۆ ئەی باباسەرهەنگ!

گەر خۆيشت بگەڕێیتەوە دەڕشێیتەوە،

ڕۆحانيێتی ئەمڕۆ

تێکەڵی توندوتیژی بووە،

پێویستە شۆڕشی بەسەردا بکەیتەوە.[11]»

دەبینین شاعیر ئەو داکەوت(واقیع)ـە بۆ ھۆنەر باس دەکات کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ھەیە و چۆن لەجیاتی عیرفانی و سۆفیگەری، توندوتیژی لە برەودان و جیھانیان لە ئامێز گرتووە؛ بەڵام ناکرێت ئێمە دابنیشین و چاومان لە دەستی ئەو ھۆنەرانە بێت. شاعیر خۆی دەکاتە قەڵغان و دەیەوێت، ھێزێکی نوێ بخوڵقێنێت و خۆری ستەمکاران ئاوا بکات. دوای ئەوەی لە ململانێی ژیانی ئاڵاین و بە ڕۆحێکی بە تینەوە ڕووبەڕووی دژوارییەکانی بووینەوە. بەردەوام دەبین لە ڕۆیشتن بۆ گەیشتن بە نەمری، ھەر لەو ڕێیە ھێشتا زۆر ھۆنەری ڕۆحسووکی دڵشکاو لە سەردەمەکەیان ماون بیان بینین لەوانە (سالار مەجید و بابەقیسەری ھەورامی) ئەوانیش بەشی خۆیان دەردی دڵیان ھەیە بۆمان بەیان بکەن و ڕۆحی شیرینیان تێکەڵ بە تاڵی ئەو ڕۆژگارە بکەن. ھەروەکوو لە شاعیر لە چامەکتێبەکەیدا دەڵێت:

«بە زمانی ئەوین دەپەیڤم

کەچی ئەم ڕۆژگارە کەوڵم دەکا،[12]»

پەراوێزەکان:

[1]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٦2.

[2]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٦٢-٦٣.

[3]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. 65.

[4]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. 6٧.

[5]. بەیتێکی باباحاتەمی لوڕستانییە.

[6]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. 6٩.

[7]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٧٠.

[8]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٧٠.

[9]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٧٠.

[10]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٧٢-٧٣.

[11]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٧٧.

[12]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٨٠.