241211069_897525757513176_8150386195352856559_n

2021/09/02

گەشتێکی عیرفانی بەنێو چامەکتێبی نەمرەڕێی پێشەوا کاکەییدا

هەردی حوسێن
بەشی یەکەم

بۆ خوێندنەوەی دەقی «نەمرەڕێ»ـی پێشەوا کاکەیی، سەرەتا پێویستمان بە پێناسی دەقەکەیە، واتە بزانین ئەم دەقە لە چ خانەیەکدا جێکەوتە دەبێت، بۆ ئەم باسەیش دەبێت بگەڕێینەوە سەر ناوەرۆکی شیعرەکە. چونکە ئەگەر بمانەوێت، لە ھەر گۆشەنیگایەکەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین، ئەوا دەبێت بە ناوەرۆکی بابەتەکەدا تێپەڕببین.

پێشەوا کاکەیی، لە «نەمرەڕێ»ـدا، دەکرێت بڵێین باسی دۆخێک دەکات کە مرۆیی ئەو سەردەمە تیایدا غەرق بووە و بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە، پێویستمان بە «ڕێ»ـە. ئەم ڕێیە، لە دەرەوەی زەمەن و شوێنە. واتە «ڕێ»ـیەکە ئەو ڕێیە نییە کە ئێمە بچین و بە پێی پەتی تیایدا ڕێ بکەین بەڵکوو ئەو ڕێیە لە دەرەوەی بوونە! ھەروەک لە دەستپێکی دەقەکەدا ھاتووە دەڵێت:

 

«ناوێکمان بەر گوێ کەوت، (ڕێ) بوو،

نازانین بە ڕێککەوت بوو، یان بۆی بە ڕێ کەوتین!

یان ڕێک کەوتین تا نەمری لە ھەردووکماندا ھەبێ.

با ھێندە بەوێ ڕێیەدا ھەڵا نەڵێین، نەبادا سەدان توولەڕێ

ڕاستی لە تەپوتۆزی شوێنپێی خۆیەوە بڵێ.[1]»

لێرەدا شاعیر دەیەوێت وێنەیەک نیشانی ئێمە بدات کە بوودائاسا کەسێک دەکەوێتە ڕێ و بۆ ئەم کەوتنە ڕێیە لە ناخەوە دەبێت خۆمان بانگھێشتی ئەو ڕێیە بکرێین «تا نەمری لە ھەردووکماندا ھەبێ» واتە مرۆ دوو بەشە، ھەم جەستە و ھەم ڕۆح. ژین بێ گرینگیدان بە ئەوی دیکە دەچیتە بیابان و خۆی ون دەکات بۆ ئەوەی ڕێ بکات و خۆی ون نەکات، دەبێت لەگەڵ ڕاستی بکەوییە ڕێ، ھەروەکوو دەڵێت:

«ڕاستی، بەبێ پێ دەچێتە ڕێ،

بەبێ ڕێ دەچێتە بیابان و

خۆی لە خۆڵ وەردەدا و خۆیشی دەتەکێنێ.[2]»

لێرەدا زیاتر ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەو نەمرەڕێیەیی کە ئێمە پێویستە لە ڕێیەکەوە دەست پێ بکەین، ئەوا پێویستی بە ڕاستییە، بەڵام ڕاستی پێویستی بە ڕێ نییە!

«ڕاستی، سەرچاوەی قورساییە

 ڕەگوڕیشەی ڕێیە.[3]»

چونکە دەتوانێت، بە پێی پەتی بڕوا بۆ بیابان، بێ ئەوەی پێویستی بە ڕێ بێت. بۆ سەلماندنی ئەوەش دەڵێت: «خۆی لە خۆڵ وەردەدا و خۆیشی دەتەکێنێ.»

ھەروەکوو ئەریستۆ لە پۆیەتیکا (شیعر)یەکەیدا، دەڵێت: «شاعیر لەو ڕووداوە دەدوێت کە ھێشتا ڕووینەداوە یان دەبوایە ڕوویبدایە.» لەم کتێبەدا، شاعیر مامەڵە لەگەڵ ڕووداوێکی نێو کات و شوێندا ناکات، چونکە ئەوەی ئەو باسی دەکات ڕووینەداوە و پەیوەندی بە کات و شوێنەوە نییە. لەبەر ئەوە ڕاستەقینە لای شاعیر ھەمەکی«جاویدان»ـیە. بۆ ئەم ھەمیشەییە، پێویستە دڵمان بە ڕووی جیھاندا واڵا بکەین و ڕێگە بدەین ھەواگۆڕکێ بەنێوماندا بکرێت و گوێبیست و چێژ لە و جوانییە ببینین کە بە منداڵی لە شتێکی بچووکەوە تا گەورە بەهای ھەبوو. ھەروەکوو شاعیر لە کۆپلەیەکدا دەڵێت:

«بۆ وەی دڵت بە ڕووی جیھاندا بکەیتەوە،

نابێت چاوت لێڵ بنوێنێ،

زمانت تێکەڵ‌ـ‌پێکەڵ بێ،

دوو بیستییت کاس و کەچی ڕووی لە چل بێ،[4]»

ھەرکاتێک مرۆ توانی بەو ڕێیەدا بڕوات و خۆی پەلکێشی خۆی بکات، بێ درۆ و بێ ڕق و کینە گوێ بۆ ئەو دەنگانە ڕادێرێت کە لە جیھاندا ھەن، ئەوا دەتوانێت لەگەڵ جیھان ھەڵبکات، لەگەڵیدا ھاوئاھەنگ بێت. واتە شاعیر تاک بە جیھان بەروارد دەکات و گۆڕینی خود واتە گۆڕینی جیھان. ھەرکاتێک مرۆ توانی خۆی بێت و لە خۆیدا ڕۆ بچێت، ڕاستی ڕێبازی بێت و گەردوون وەک بەشێک لە خۆمان ببینین و خەمی بۆ بخۆین، دەتوانین ھەرکاتێک بمانەوێت دەست پێبکەین. چونکە ئەم جیھانە ھەرچەند مێژوویەکی یەکجار دێرینی ھەیە، بەڵام دەکرێت دەست پێبکەین… ھەروەکوو شاعیر دەڵێت:

«ئەم جیھانە ماسوولکەکانی لاوازە،

وەک منداڵێکی تازەبوو وایە، با کۆنیش بێ کەون،

لێ وەھایە

بە دڵێکی سادە،

ئێسکێکی نەرم،

دەنگێکی پاک،

لە گشت لاوە مرۆڤ وە خۆ دەگرێ.»[5]

دەکرێت بڵێین ئەمە یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی چامەشیعرییەکەی کتێبەکە. کە شاعیر دەرگا وەڵا دەکات، وەک چۆن زەمین باوەش بە ئێمەدا دەکات ئاواش ئێمە باوەش بە ئەودا بکەین. دوای ئەوە، شاعیر دێت یەک بە یەکی پیتەکان دەدوێنێت و شیعریان پێ دەنووسێت. دیارە شاعیر لە گرینگیدان بە پیتەکان و خستنە ناو شیعریانەوە زۆر شارەزایانە و وەستایانە ئەم کارە بە لێزانی و فەرھەنگی دەوڵەمەندی دەخاتە نێو چامەـ‌کتێبەکەیەوە. لە ئەلف ھەتا ێ/یێ. ئەم کارە دەکات بێ ئەوەی یەک وشەی دەرەکی بەکار بھێنێ، سەرکەوتووانە بە تەواوی پیتەکان شیعر دەنووسێ. دواتر، شاعیر ھێواش ھێواش دەچێتە نێو ئەو ڕێیەیی کە خۆی مەبەستییەتی بۆی بچێ، بە بیرکردنەوە و ڕامان لە خۆی دەتوانێت بکەویتە ڕێ، چوونە نێو ڕێش ھەروەکوو گوتمان پێویستی بە ڕاستی دەبێت، چونکە ناکرێ بتەوێت کارێک بکەی کە تەواوی ژیانت بگۆڕێ، کەچی ڕاستی دەگەڵ نەبێت. ھەروەکوو شاعیر دەڵێت:

«بیر بکەوە تا بکەویتە ڕێ،

چوونە نێو کێڵگەوە بێ ڕاستی،

گەوھەرێکی دوور لە ڕاستی دەر دەکەوێ،[6]»

لێرەدا پەیامی شاعیر ڕوونە و بێ گرێ و گۆڵ دەدوێ، بەڵەم ئێمە کە خۆمان وێڵ کردبێت و لەنێو خۆمان نەگەڕابین ناتوانین ھیچ لە باتەی خۆمانەوە بدوێین و خۆمان بۆ ھیچ ڕێیەک ئامادەبکەین کە دەمان بات بەروە نەمرەڕێ. ئەوەی زۆر گرینگە وریایی شاعیرە، چونکە شاعیر شیعرەکانی پەیوەندییان بە ڕووداوێکی کاتییەوە نییە. چونکە ئەگەر شیعر پەیوەندی بە ڕووداوێکی کاتییەوە ھەبوو، وەکوو بابەتەکەی کاتی دەبێت و نەمر نابێت.

ھەر لەو گۆشەنیگایەوەیە کە ئێمە دەتوانین خوێندنەوەی بۆ بکەین و بتوانین بگەینە نەمرەڕێ! شاعیر ڕوو دەکاتە خوداناسان و دەڵێت:

«خودا ناسینی ناوێت، گەر دەتەوێت خۆی بێ،

فڵچەیەک تاو مەدەیە پڕڕەنگی بکەیت کە خۆی ڕەنگ بێ.

ژاوەژاو مەکە و پڕدەنگی بکەیت کە خۆی بێدەنگیی بوێ.[7]»

دیارە شاعر عیرفانیانە دەڕوانێتە خودا و دەیەوێت، پێمان بڵێت خودا نا نەخشێنرێت وەک ئەوەی ئێمە ھەریەکە فڵچەیەکمان لە دەستدایە و ئەو ڕەنگەی دەکەی کە خۆمان بمانەوێت، سەرەنجام ھەریەکە بۆ ناسینی خودا، دەیەوێت تەنھا ڕەنگی خۆی بێت و غەیری ئەو ڕەنگەی کە خۆی کردوویەتی قەبووڵی نییە. دیارە ئەوە بۆ تەواو جیھان و بە تایبەتیش ڕۆژھەڵات و تایبەتتریش کوردستان ڕاستترینە، چونکە لێرە خەڵکانێک خودا بە ڕەنگی خۆیان نەبێت ناناسن و ھەریەکەیان بە پێی داکەوتی خۆی ڕەنگڕێژی دەکات و کام گوتەیەی خودای بوێت کە سوودی بۆ خۆی ھەیە ئەو وەکاردێنێت، نەک بۆ سوودی گشتی… ئەمەش وادەکات مرۆ سەری لێ تێک بچێت و نەزانێت بۆ کوێ بکەوێتە ڕێ، ھەروەکوو شاعر دەڵێت:

«کاروانسەرایە

لێیان تێک چووە سەرەڕێ،

ھەریەکە بەرەو ونبوون ڕێی گرتۆتە بەرێ،[8]»

 

پەراوێزەکان:

 

[1]. نەمرەڕێ؛ پێشەوا کاکەیی، وەشانی نووسیار-دانمارک، چاپخانەی جەنگەل، تاران، چاپی یەکەم، ٢٠٢١. ل. ٥.

[2]. نەمرەڕێ؛ پێشەوا کاکەیی، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل. ٥.

[3]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٦.

[4]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ١٢.

[5]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ١٣.

[6]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل.٣٣.

[7]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٣٤.

[8]. نەمرەڕێ؛ هەمان سەرچاوە، ل. ٣٩.