454195016_3607874442763374_2499385668518423206_n

2021/08/22

ئەزموون کراو، وەک شقارتە

فەرشید ڕۆستەمی

خوێندنەوەیەک بۆ کۆمەڵەشیعری “شقارتە”ی نەوڕەس محەمەد

کۆمەڵەشیعری شقارتە، یەکەم بەرهەمی شاعیری لاو، “نەوڕەس محەمەد“ە کە ساڵی ۲۰۲۰ توانیی خەڵاتیی یەکەمی نووسیار لە بەشی شیعردا بەدەست بهێنێت. شقارته لە لایەن ناوەندی نووسیارەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوەو توانیویە سەرنجی خوێنەران بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. ئەم وتارە بە کورتی هەوڵ ئەدات شڕۆڤەیەک بێت بۆ ئەم کۆمەڵە شیعرە و بە بەرچاو گرتنی هەندێ چەمکی وەک؛ ئەزموون، فۆرم و پێکهاتەی شیعرەکانی نەورەس محەمەد لەم کتێبەدا، زمانی ژنانە و داڵغەکانی تایبەت بە بواری ژنان، گواستنەوەی دونیای ئەمڕۆ بۆ شیعر و لە پەراوێز نەخستنی دۆخی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە باشووری کوردستان، ئاوڕێکی وردبینانەی لەم بەرهەمە دابێتەوە و هەروەها، هەڵسەنگاندێک بێت بۆ لایەنە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکانی کۆمەڵە شیعری شقارته.

کۆمەڵەشیعری “شقارتە” بەرهەمی “نەورەس محەمەد” وەشانی نووسیار ٢٠٢٠

باشتر وایە بەم پرسیارەوە دەست پێ بکەین؛ لەبەر چی لەم یەک دوو دەیەی کۆتاییدا، ژانری شیعر لە پەراوێز کەوتووە و پێچەوانەی هەزارەی نوێ و هەشتاکان و حەفتاکان و… ، بایس بووە خوێنەر لە خۆی بتۆرێنێ و وەک ساڵانی ڕابردوو سەرنج‌ڕاکێش نەبێت بۆ کاروانی ئەدەبیات و ڕۆژ بە ڕۆژ کتێبە شیعرەکان و شاعیرەکان، گۆشەنشین‌تر بن لە پێش؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە قووڵتر لە بڕێک بواری وەک، کۆمەڵگا، خوێنەر، پەروەردە، سیاسەت و ڕۆڵی دەوڵەتەکان و سیستەمەکان لەسەر ئەدەبیات و کولتووری نەتەوەکان و لە هەمووی ئەمانە گرینگ‌تر، خودی شاعیران و پڕۆسەی نووسینی شیعر و …، تێڕامان بکرێت. ئەوەی لە سەرەتای مێژووی شیعرەوە تا ئەمڕۆکە لەئارادا نەگۆڕدراوە، ئەوەیە کە شاعیرانی سەرکەوتوو هەموو دەم کەڵکیان وەرگرتووە لە ئەزموون و تەجرەبەی خۆیان و هەوڵیان داوە خۆیان بنووسنەوە و زۆرتر جەخت لەسەر خۆیان و ئەو ڕووداوانە بکەن کە هاتۆتە سەرڕێی ژیانیان. حاشاهەڵنەگرە ئەم ئەزموونە تێکەڵ بە دۆخە تایبەتەکانی سەردەمی خۆیە، کەواتە شاعیر هاوکات لەگەڵ نووسینەوەی خۆی، دایم ئاوڕ لە ژیانی دەرووبەرییەکانی و ڕەنج و خۆشی و شادی و چەرمەسەریی دانیشتووانی کۆمەڵگاکەی داوەتەوە. بەم شێوە شاعیر بەشێک لە مێژووی بۆ ئێمە گێڕاوەتەوە و لەپشت و پەنای وشەکاندا، وێنە تاکەکان لەو شیعرە ئەزموون کراوانە بە دەست ئێمە گەیشتووە.

یەکێک لە تایبەتمەندی و فاکتۆرەکانی سەرکەوتوویی شاعیرانی نوێ‌خوازی کورد، چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە باشوور، لە سەرەتاوە تا ئێستە، لە گۆرانەوە بۆ شێرکۆ و لە سوارەوە تا جەلال مەلەکشا، ئەوە بووە کە بە تەواوی ئاگاداری دۆخی کۆمەڵگا و خۆیان بوون. ڕەنجەکانی خۆیانیان ناسیوە، زانیویانە چییان ئەوێ و هەوڵیان گۆڕینی کام دۆخە و خەونیان کام داهاتوو، بە تەواوی ئەرکی خۆیانیان وەک شاعیری گەل و هۆزێک ناسیوە و بێدەنگ نەبوون بەرانبەر هەموو چەرمەسەری و چارەنووسی تاڵ و شیرینی خەڵک و لە پاڵ ئەمەشدا، بەردەوام هەوڵیان داوە شاعیر بمێننەوە، زۆرتر خوێنەوار بن و لە یەک ئاستتدا نەوەستن.

ئارنۆڵد، ڕەخنەگری ئینگلیزی لەسەر ئەم باوەڕەیە کە بە درێژایی مێژوو، باشترین و سەرکەوتووترین شیعرەکان، ئەوانەن کە ئەزموون کراون. ئاشکرایە سەرەکیترین قۆناغەکانی شیعری نوێی ئێمە کە لەم ڕەوتەدا هیچ کات ون نابن و گەورەترین ڕۆڵیان گێڕاوە، هەمووی دەسمایە و دەسکەوتی نووسینەوەی تەجرەبەی شاعیران بووە، بە بێ‌جیاوازی. ئەزموونی تاکەکەسی هەر مرۆڤێکیش جیایە لە هەموو مرۆڤەکانی دی لە سەراسەری دونیا. چوونکە هەر کەسێک بە جۆرێک سەیری ڕووداوەکان ئەکات و کاریگەری هەر بەسەرهات و شتێکی تازە لەسەر دەروون و فیکری بەشەرەکان سەوایە. لەوانەیە هەزاران کەس سەیرکەری شەڕی جیهانی، شەڕی براکوژی، ڕۆژەکانی ڕاپەڕین و کیمابارانی هەڵەبجە بووبێتن و هەرکەس دیمەن و بەشێکی ئەم کارەساتانەی دیبێت. جاری واش هەیە چەند کەس پێکەوە سەفەرێک ئەزموون ئەکەن و بۆ سەیرانێک ئەڕۆن، بەڵام لە‌هەناوی تاک بە تاکی ئەم هاوسەفەرانەدا، دیمەنەکان، جادەکان، دارستانەکان و دەشتەکان و…هتد، وەک یەک نانوێنن و بە یەک شێوە کاریگەر نین و دڵتەنگیی هەرکەسێک وەک کەسی دی نییە و چاوی ڕوانینی بەشەر بۆ دونیای دەرەوە لە هیچ‌کەس ناچێت. کەواتە هەموو مرۆڤەکان بە درێژایی مێژوو، ئەزموونی یەکسانیان نەبووە و نووسینیەوەی ئەم ئەزموونە تاک و جیاوازە، بە دەستی شاعیر، هۆکاری نەخشاندنی تابلۆیەکی سەرسوڕهێنەر، پەی‌بردن بە جوانییەکی نەدیو، گێڕانەوەی دزێوی و ڕاوکردنی شیعرێکی بێ‌وێنە لە کوێستانی ئەزموونی خۆیدایە.

بەڵام خۆ تەنیا لە نووسینەوەی ئەزموونەکان، ئەدەبیات و بەرهەمی ئەدەبی و دەقێکی ناوازە ناخولقێ و نووسەران و شاعێران پێویستە لەو ئەزموونانەی کە کردوویانە، جوانییەک بدۆزنەوە کە کەس نەیدیوە و شتێک زیاد بکەن بە خولقێنەرەکانی پێش خۆیان کە دوور بێت لە چاولێگەری و تەقلید. نووسینەوەی تەجرەبەیک بۆ بەردەنگ جێی بایەخە کە بتوانێت تووشی سەرسوڕمانی بکات و قەت شتی وای لە ئەدەبیاتتدا نەدیبێت.

هەروەک چۆن نووسینەوەی ئەزموونی تاک لە چواچێوەی فۆرم و پێکهاتەیەکی نوێ، دەقێکی ئەدەبیی سەربەرز بەرهەم دێنێت، دوورکەوتنەوە و ڕاکردنی قەڵەمی نووسەر و شاعێر لەم ئەزموونە، ئەتوانێت لایەنی لاوازی بەرهەمەکە لەسەر پێوانەی ڕەخنەگر و بەردەنگ قورستر بکات. کەواتە وەک چۆن نووسینەوەی باشی ئەزموونەکان یارمەتیدەری داهێنانە، دوورکەوتنەوە لێیشی، دوورکەوتنەوە لە دەقی باش و بەپێزە.

پاش سەرهەڵدانی ڕەوتی “ڕوانگە” و “کفری” لە باشووری کوردستان، ئێستەشی لەگەڵدا بێ، کەمتر شاعیرمان دیوە دەست و پەنجەی وەک شێرکۆ و پەشێو و ڕەفێق سابیر و … ڕەنگین بێت. بە بۆچوونی من شاعیرانی نەوەی پاش دووهەزار لە باشووری نیشتمان بە زۆری هەوڵیان داوە زمانی کەسانێکی وەک شێرکۆ دووپات بکەنەوە و کەمتر پێش هاتووە ویستبێتیان لەو فەزا زمانییە دەرباز بن. ئەڵبەت ناکرێت بە ئاسانی لەتەنیشت جیاوازیی زمانی شیعریی کەسگەلێک وەک ڕێبوار سیوەیلی، تەلعەت تاهیر، ڕۆژ هەڵەبجەیی، ماردین ئیبراهیم و چەند کەسی‌تر لەم ساڵانەدا تێپەڕین و کەسانێکی کەم وەک ئەم ناوبراوانە لە قەڵەمی شاعیرانی پێش خۆیان تا ڕادەیەکی زۆر دوور کەوتوونەتەوە.

نەورەس محەمەد

یەکێک لەو خاڵانەی کە هۆکار بوو کۆمەڵەشیعری “شقارتە” سەرنجی من ڕاکێشێ، نووسینەوەی ئەم ئەزموونە بوو. بێگومان نەوڕەس محەمەد ئەزموون و ژیان و تەجرەبەیەکی جیاوازی هەیە لەگەڵ شاعیرانی پێش خۆی و هەروەها لەگەڵ هاوچەرخەکانی خۆشیدا. سەیری ئەم نموونانە بکەین:

_ منداڵیم عەزیەیەکی سوور

کاتێک ژیان بۆنی یاری لێ ئەهات

لەنێو مەنجەڵێکی بچووکدا دەکوڵاین

ل ٨

_ پرسیاریان كردبووم دیواره‌كان

له‌ناو پێخه‌فی گه‌رمدا،

سه‌رما گوێچكه‌كانم ڕاده‌كێشێ.

له‌ناو هه‌راوزه‌نای مرۆڤان

بێده‌نگی، قۆڵم ئه‌زیه‌ت ده‌دات.

پێڕاناگه‌م بڵێم: خۆشم ده‌وێی

زه‌وی پاڵی پێوه‌ناوم و لوول بووم.

هاواری ژێر پێستم و

قرچه‌ی شكانی ئێسكه‌كانم ده‌بیستم

سبه‌ی له‌م خه‌ونه‌ خه‌به‌رم ببێته‌وه،

دره‌ختێك له‌ پرچم دەدەم

گولله‌یه‌كیش لە خه‌ونه‌كانم!

هێشتا گوێم له ‌ده‌نگی هەقایه‌تخوانه‌كه‌یه‌:

له‌ خه‌ودا بریندار بوو، قاچێكی په‌ڕی،

به‌ڵام هێشتا هه‌قایه‌تی سوارچاكان ده‌گێڕێته‌وه.

ل ۱۲ و ۱۳

_ پێکەنینم بە پارە دێ

تۆش بە قسەکانم

كرێچیم…

چێژ له‌ تامی ئه‌و ته‌ماته‌ سووركراوانه‌ ده‌بینم،

كه‌ نیوه‌یانم له‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ تۆدا سووتاند.

ل ۱۵

_كچێكی كه‌شخه‌م…

جه‌سته‌م كامڵه‌

ئه‌مانه‌ قسه‌ی پیاوه‌كانن.

ل ۱٦

_ بێ ئه‌وه‌ی گریانم ببینێ،

دڵمی له‌گه‌ڵ قاپه‌كاندا شووشت.

دایكم ده‌زانێ چۆن برین ساڕێژده‌بێت.

ناكرێ بیرم نه‌كه‌وێته‌وه‌ گوتی:

له‌ ژوورێكدا له‌دایك بوویت،

بۆنی خوێنی سارد و برسییه‌تی لێ ده‌هات.

ل ۱٨

_ سوراوه‌ په‌مه‌ییه‌كه‌ی دایكمم ده‌شارده‌وه‌ و

سه‌ندرێالم پێ ڕه‌نگ ده‌كرد.

ل ۱۹

_ نامه‌وێ بڵێم لەنێو مندا چی ده‌گوزه‌رێ؛

ئاشكرایه‌ مرۆیه‌كی دی

لەنێومدا، له‌گه‌ڵمدا، سه‌ما ده‌كات.

ل۳۰

_ كتێب قه‌ره‌باڵغی لێ بردم،

ئه‌و نهێنییه‌ بڵاو ده‌كه‌مه‌وه.‌

قاوه‌یه‌ك خواردمییه‌وه‌،

ئه‌و ڕسته‌یه‌ لێره‌دا ده‌نێژم.

تیڤییه‌كه‌مان سووتا، ئه‌و ئازاره‌ نابڕێته‌وه.‌

بۆ خۆشاردنه‌وه‌ له‌ چاوی هاوڕێكانم

چاویلكه‌م كڕی،

بۆ خه‌ڵه‌تاندنی دڵیش تۆقه‌ و سوراوی سوور.

ته‌زووی تاڵ به‌ گیانمدا دێت

ته‌رمێك له‌ سه‌رمدا خۆی ده‌شوا؛

تكایه‌ هیچ مه‌ڵێن.

ل۳۲

_ خووده‌ده‌مه‌ چێشتلێنان

به‌و ئاژاوه‌یه‌ ده‌ڵێم ماڵداری

ل ۳۳

بە گشتی چەمکی ئەزموون کردن لە ئەدەبیاتدا دەکرێت بە دوو بەشەوە؛ یەکەمیان ڕاستەقینەیە و لە ژیاندا تەجرەبە کراوە. دووهەمیان ئەو ئەزموونەیە نووسەر لە مێشک و بیرکردنەوەی خۆیدا پێی ئەگات و ئەمەش تایبەت بە خۆیە. کۆ شیعری شقارتە پڕە لەم جۆرە ڕستە و وێنە ئەزموون کراوانە و هەروەها زمانی دەربڕین و نووسینەوەی خۆ، لە زۆر شوێندا زمانێکی بێ پێچ و پەنا و ئیمڕۆژیە و دوورە لەو زمانە شیعریەی شێرکۆ و پەشێو و جەمال خەمبار و… کە زاڵە بەسەر زۆربەی شاعیرە لاوەکاندا.

خاڵێکی‌تر کە هۆکاری نوێ بوونی تەجرەبەکانی نەوڕەس محەمەدە ئەزموونی ژنانەیە. نابێت ئەوە لەبیر بکەین هەر ئەم خەساری دوور کەوتنەوە لە خۆ و نەنووسینی ڕەنجی تاکەکەسی، وای کردووە جاری وا هەیە شیعری خاتوونێک دەخوێنینەوە و هیچ دیار نییە ئەم شیعرە پیاوێک هۆنیاریە یان ژنێک، لە ڕاستیدا ئەمە ئەبێ بە کارەسات ناوی لێ‌ببرێت! شاعیر لەم کتێبەدا جەختی کردووە لەسەر ڕەنجی تایبەت بە ژنێک لە ژیانیدا و لەو هەوڵەیە داڵغکە گەورە و بچووکەکانی بنووسێت.

ئەحمەدی شاملوو لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ناسر حەریری، کاتێ لەسەر شیعری فورووغی فەڕۆخزاد پرسیاری لێ‌ئەکرێت، لە وەڵامدا ئەڵێت: شیعری فورووغ ئەوەندە زمانێکی ژنانەی هەیە من ناتوانم بە دەنگی بەرز بیخوێنمەوە، کاتێ شیعری ئەم ژنە ئەخوێنمەوە هەست ئەکەم جلی ژنانەم لەبەر کردووە. شیعرێک کە ژنان بینووسن، بێ‌‌شک ئەبێ هەستێکی ئاوەها بە خوێنەر بدات و ئەوەندە نوقمی دونیای ژنان بێت. دیارە دۆخی باشووری کوردستان وای‌کردووە ڕێژەی ناڕەزایەتی ژنان لەو کۆمەڵگایە چەندین پلە بەرزتر لە پیاوەکان بێت و هەر ئەمە بۆ ژنێکی شاعیر بەسە کە زمانی شیعرەکانی ئەبێت چەندە بێ سانسۆڕ و ڕادیکاڵ بێت. مەبەست ئەوەیە کە پێویستە وردتر لەسەر وردەکاریەکان مانۆڕ بدات و لەسەر بچووکترین شتەکان بدوێت.

زمانی شاعیری شقارتە زمانێکی بێ‌پەردەیە و هەموو بەردەنگێک هەست ئەکات کە ژیانی شاعیر درزی بردۆتە ڕستە بە ڕستەی شیعرەکاندا

زمانی شاعیری شقارتە زمانێکی بێ‌پەردەیە و هەموو بەردەنگێک هەست ئەکات کە ژیانی شاعیر درزی بردۆتە ڕستە بە ڕستەی شیعرەکاندا. ئەو ئەزموونە کە لە شقارتە ئەبینرێت، ئەزموونی هەموو ئەو ژنانەیە کە لەم کۆمەڵگایەدا لەپەراوێز خراون و تووڕەن و ئەگەر وردتر سەیر بکەین، دونیای شقارتە، دونیای شاعیرێکی لاوە کە بە هەزار خەون و ئاواتەوە ئەیەوێت بنووسێت و شتێک بگۆڕێت، ئەیەوێت دیمەنە چڵکن و قیزەونەکەی دۆخی ئابووری نیشان بدات، پێیەکی لە ژیانی پڕ‌ ڕەنجی ساتەکانی منداڵیی خۆیە و سەودای لە داهاتوویەکی نادیار و و دووردا خەمۆک. ئەزموونی شقارتە لێوڕێژە لە نەگەیشتن و ماندوویەتی و هاواری ژنێک کە کەس نایخوێنتەوە و نابینرێت.

ئەگەر چاوێک بە شیعری “بێژینگ“دا بخشێنین:

_ ئه‌و پیاوه‌ی هه‌ناوم پڕ ماچ ده‌كات

ڕۆژێك ده‌مانچه‌یه‌ك دێنێ،

بێژینگم لێ دروست ده‌كات.

خه‌ڵووزم لێ وه‌ده‌ست ده‌خات.

له‌ زیندانێم ده‌نێت.

گه‌ره‌كیانه‌ كچێكی به‌له‌نگاز بم

زمانم قووت بده‌م،

شه‌رم بكه‌م له‌وه‌ی پرچم درێژه و

په‌نجه‌كانم ناسكن،

نێوقه‌دم باریكه‌

به‌ڵام نێوقه‌دی خۆم خۆش ده‌وێ؛

كچێتی خۆم له‌ باوه‌ش ده‌كه‌م،

دەمەوێ تێر بۆنی بکەم

تێر ماچی تێبسووم‌.

ل۵٦

دەبینین بە ئاسانترین شێوە، شاعیر وەک شارۆمەندێکی ئەم کۆمەڵگایە، تەنانەت ئەگەر بیشیەوێ بە ‌دڵی خۆی بژیێت و بە سەلیقەی خۆی هاتوو چۆی بێت، دانیشتووانی ئەو کۆمەڵگایە ئەیخەنە بەر توانج و لۆمە و تەشەر و ئا لێرەیە کە شاعیر وەک کەسێکی ئاگادار و گۆشەنشین، ناتوانێت متمانە بە کەس بکات و پەنای بردۆتە شیعر و تەنیاییەکانی خۆی، تاکوو لە‌و ماڵەی کە تێیدا کرێچیە، چێژ لە چووکەترین و ئاساییترین شت کە سوورکردنەوەی تەماتەیە ببینێت.

لە شیعرێکی تردا ئەڵێ:

_ بۆچی؟

وا هه‌ست ده‌كه‌م بكوژێكی منداڵانم،

هه‌ڵاتوویه‌كی زیندانم،

قاسه‌ی پڕ پاره‌ی دزراوم،

زیناكارم…

بۆچی ماچی لاملم، كه ‌ده‌بینن بارمته‌یه؟

بۆچی زیاتر له‌ خیانه‌تكارێك ناوده‌زڕێم؟

ل ٦۰

بە جوانی و بێ هیچ وێکچوون و خوازە و خوازیارێک ئەم ڕستانە بۆقمان پێوە دەنێن بۆ دونیای ئەم ڕۆژانەی خۆمان و بەردەنگیش لەم وشانەدا ئەو گرفت و ناهومێدیانە ئەبینێتەوە کە خۆی نەیتوانیوە بینووسێ و بیڵێت. شاعیری شقارتە زۆر بە وریاییەوە زمانێکی سادەی هەڵبژاردووە و بەردەنگی ئێستە، توانا و کاتی ئەوە دانانێت تاکوو چەن سەعات وەک سەردەمی پێش، بەدوای مانای ڕاستەقینەی شیعرەکە لە خەیاڵ و پێهاتەیەکی کلاسیکدا بگەڕێت.

ئێمەی مرۆڤی سەردەم، هەمیشە گیرۆدەی دێتێرمێنیسم و جەبرێکی مێژوویین و بەردەوام خەریکی شەڕ و ئاژاوەین لە مێشکی خۆماندا لەگەڵ ئەو چارەنووسەی کە هاتۆتە سەرڕێی ژیانمان و خۆمان هیچ دەسەڵاتێکمان نەبووە تاکوو بیگۆڕین و نەمانتوانیوە خۆمانی لێ لابدەین. ماریۆ ڤارگاس یووسا ئەڵێت ئەدەبیات هیچوەخت بۆ کەسێک کە هیچ ناڕەزایەتییەکی لە ژیاندا نییە، ناتوانێت بە‌سوود بێت. نووسەران و شاعیران بۆیە ئەنووسن چوونکە ناڕازین و دەردمەند و پڕ لە ڕەنج. ئێشی خۆ، یان ئەوی دی. چەرمەسەری و نەگبتی ئێستە، یان ڕابردوو.

_له‌ یادم چوون

هزرم له‌ توالێتدا،

پێڵاوه‌كانم له‌ سه‌رمدا،

ئه‌وین له‌ یاده‌وه‌ریمدا،

باڵه‌كانیشم، له‌ چوارچێوه‌ی دیوه‌خانی عه‌شیره‌ته‌كه‌مدا

پێده‌كه‌نێ…

ل٦۵

ئێمەی دانیشتوانی ئەم کۆمەڵگایە و نەوەکانی پێش و پاش ئێمەش، دایم ڕزگاریان نابێ لەم ڕۆحە شەڕانگێزانە و بە کەسەرێکی زۆرەوە ڕابردووی تاڵی ئێمە، چ تاکی و چ ڕابردووی هەموو خاک و نەتەوە، بەشێکی لکێنراوە بە ژیانی ئێمەوە و شاعیر، لێرە ئەرک و بەرپرسیاریەتی چارەسەرکردنی نییە و تەنیا ئەبێ پیشان بدات و وێنە بنەخشێنێ و جوانییەکان و تاڵی و ناشیرینیەکانی ڕابردوو و  ڕۆژگاری ئێستە و خەیاڵ و ئاواتە دوورەکانی لە داهاتووی خۆیدا پیشانی ئێمە بدات.

دوا وتە:

کۆمەڵە شیعری شقارتە دەقێکی تەواو ئیمڕۆژی و سەرکەوتووە و بەش بەحاڵی خۆی هەوڵ وهەنگاوێکی بەپێزە بۆ دەربازبوون لە ئاستەنگەکانی شیعری نوێی کوردی لە باشووری کوردستان. لەبەر ئەوە وشەی “هەوڵ” بەکار دێنم چوونکە لە هەندێ شوێندا لە شیعرەکان، هەنووکە هارمونیی تەواو لەنێوان دوو فەزا و دۆخی واقیع و ناواقیعدا کامڵ و تەواو نییە و هەندێ جار هۆنیار، لەپاڵ باسە گشتییەکاندا بە سادەیی گوزەر ئەکات و ئەمەش زۆربەی کات یان بایسی بچڕان و نەبوونی تەناسوبە، یان دووپات کردنەوەیە لە چوارچێوەی دروشم و شتێکی ئاساییدا کە هەموو شاعیران ئەتوانن بیڵێن. دەقەکانی شقارتە مزگێنی دەقی باشتر، جوانتر و بەهێزتر ئەدەن لە نەوڕەس محەمەد لە داهاتوودا و لەبەر ئەوە خاڵە پۆزەتیڤەکانی شقارتە زۆربوون و لاوازییە کەمەکانی داپۆشی بوون، منیش لەم وتارەدا هەوڵم دا بە فوکوس کردن لەسەر چەمکی ئەزموون و تەجرەبە، ئاوڕێکی خێرا و کورتم دابێتەوە لەم دەقانە. هیچ کتێب و بەرهەمێکی ئەدەبی خاڵی لە خەسار و لاوازی نییە، چوونکە نەوڕەس محەمەدیش هێشتاکە تەمەنێکی وەهای نییە و کاتی زۆرە بۆ داهێنان، لەگەڵ ئەوەشدا کە شقارتە یەکەم بەرهەمی شاعیرە، پێم وابێ بە توانا و هێزێکی باشەوە خۆی ناسیوە و ئەو ئومێدەم هەیە لە داهاتوودا کەم کەم لاوازییەکان تێپەڕێنێ و باشتر و داهێنانەتر بنووسێت. هیواخوازی بەردەوامیم بۆ شاعیر و چاوەڕوانی کتێبی باشتر لە شقارتەم لە داهاتوودا.