سوپاس بۆ ناساندنی بەراهەنی
ئیدریس عەلی
سڵاو ئازیزان… زاری و شنەی شاعیر:
دەمێک بوو دووراودوور ناو و شورەتی بەراھەنیم وەک داھێنەر و ڕەخنەگرێکی بلیمەت بیستبوو، لێ ھەر بیستن و عەشقێکی تاکلایەنەی من بوو بۆ ئەو، تینوێتیم پتر دەبوو کاتێ ناویم لێرەولەوێ دەبیست، دەمبیست لەبارەی پێگە و ناوبانگ و ھزر و داھێنانە فرە ڕەھەندەکانیەوە، لێ ھەر بیستن بوو… تامەزرۆییم… کونجکوڵیم… باوەخولێم… بۆ پەیداکردنی بەرھەمەکانی وی، سنووری تینوێتی تێپەڕاند و لە ڕۆخ برسێتی و پێداویستییەکی ھەنووکەیی ڕایگرتم و نەوسنانە شێواز، تەکنیک و زمان و جیھانبینیی ئەدەبی و شیعریی ئەو دەھێنایە پێش چاو و نێو خەیاڵی خۆمەوە… شارەزا نەبوون لە ھیچ زمانێکی دی، خەمساردیی وەرگێڕە باشەکانی ئێمە، دێوارێک بوون ڕێگریی سەختیان دەکرد لە گەیشتنی سێبەری ئەو بە حەوشە و سەرای تامەزرۆیی من… بەڵام پێشتر ھەواڵی ئەوەی کە دوو نازدار، گەنج و جدیی وەک ئێوە ھەڵباژدەیەک لە شیعرەکانی ئاغای بەراھەنی دەکەن بە کوردی، دڵخۆشی کردم، بەپێی ئەزموون و بەرکەوتنم لەگەڵ شێوازی نووسین و سەلیقەی ورد و زمانپاراوی و بەرپرسانە کاربەڕێکردنتاندا، چ نووسین، چ وەرگێڕانتان، گرەوم لەگەڵ خۆمدا کرد کە لەسەر ھەموو شتەکانی بەراھەنی، جوانترین کتێبمان پێشکەش دەکەن… گرەوەکەم لە خۆم بردەوە و ئێستا بەھۆی کتێبی «پەیامبەرێک کە خوداکەی ئەوی لە خۆی تاراندبوو» ئەدیب و بیرمەند و داھێنەرێکی مەزنی وەک ڕەزا بەراھەنی دەناسم، سوپاس بۆ ئەو کوردییە جوان و سەلیقە ورد و ڕۆحە سەرکێش و لەخۆبوردووەتان… ھەم نووسینەکان گرنگ و بەپێزن، ھەم کوردانە شیعرەکانتان شیعراندووە، تەکنیک و مانا و کەش و ڕیتم دەلالاتەکانتان جوان و ورد گواستۆتەوە بۆ نێو زمانی کوردی… ھیوادارم چاپی نەمێنێت و چاپی دیکە و دیکەی بەدوادا بێت… ئومێدەوارم نووسەر و خوێنەری کورد خۆیان لە چێژ و جوانی و گرنگی ئەم کتێبە بەنرخە بێبەش نەکەن… دووبارە دەستتان خۆش شنە و زاری ئازیز.
پەیامی شاعیر و نووسەر «ئیدریس عەلی» بۆ کتێبی «پەیامبەرێک کە خوداکەی ئەوی لە خۆی تاراندبوو» لە نووسینی ڕەزا بەراهەنی و لە وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شنە نوری و زاری.