555528842 1354624019998739 8853024158365487223 n

2025/09/27

دەربڕینەکانی ناواخنی ئەم کتێبە وەک تەنزن

ئارام حاجی

لەمێژە ئەم کتێبەم خوێندووەتەوە و وایکرد شتێکی کورتی لەبارەوە بنووسم… سەرقاڵیم بە کاری دیکەوە وای کرد نەمپەرژێتە سەری. لەم شەوانە هاوڕێی نووسەرم کاک “ئارام محەمەد” پۆستی لەبارەی ئەو دوالیستییەوە کردبوو کە لە کەسێتی هایدگەردا هەبوو، بەوەی لە جێیەک وەک بیرمەند و داهێنەرێك دەیخوێنینەوە و لەلایەک وەک مرۆڤێکی لاڕێ، لەپاڵ ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ “هانا ئارنێت” هەیبووە، یان ڕوانینی بۆ دوو فاشیزمی وەک مۆسۆلینی و هیتلەر. بە کورتی ئەم پۆستەی کاک ئارام دنەی دام بگەڕێمەوە سەر کتێبی شاعیرەکانی “پەیاک مالینۆڤیسکی” کە وەرگێڕ “ئالان پەری” لە دانمارکییەوە وەریگێڕاوە، کە باس لە دوالیستی کەسێتی شاعیر دەکات. یەکیان ئاشکرا و ئەوی دیکە نادیار. یان ئاشکراو ماسک بەدەم. وای بۆ دەچم وێنەی دەموچاو بەماسکی سەر بەرگی کتێبەکەیش هەر گوزارشت لەو دۆخەی شاعیر بکات کە کەسێتییە ماسکاوییەکە بۆ هەموانە و بێ ماسکییەکەیش بۆ ژینگە نهێنییەکە. ئەشێ دەربڕینەکانی ناواخنی ئەم کتێبە وەک تەنزیش یان ساتیر هەژمار بکرێ. چونکە زۆرترین جار پێداگرە لەسەر ئەو جوڵە و ڕفتارە سەیرانەی کە لای شاعیران هەیە کەمترین جاریش ئاوەڕدانەوەیە لە لایەنە داهێنەر و توانا دەگمەنەکانی شاعیر. بە دیوێکی تریشدا ئەم کتێبە ڕێی تێدەچێت وەک دانپێدانان یان (ئۆتۆ بایۆگرافی) تەماشای بکەین، چونکە نووسەری کتێبەکە دەستی لە ڕفتارە سەیرەکانی خۆیشی نەپاراستووە و ئاشکرای کردووە. ئێمەی کورد کە هەم شاعیرمان زۆرە و هەمیش ژانرێکی زیندووە تێماندا تا ئیستەیش، ئەوا ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی باشە بۆ بینینەوەی دیوە پەنهانەکەی شاعیرانی هاوڕێمان. نایشارمەوە ڕۆژێک کۆڕێکم هەبوو لەگەڵ شاعیرێکی هاوڕێم، من بەڕێکەوتم بۆ هۆڵەکە، لە ڕێگە ئەوم دیت وەستاوە. گوتم: کاکە هێندەی نەماوە، لەسەرمان دەکەوێت ئەو خەڵکە لە چاوەنۆڕیماندا بمێنێتەوە. وتی، وا خۆشە کەچوویت ئەوان لە چاوەنۆڕیتا بن(مەبەستی ئەوە بوو، بەمە گەورە و سەنگین تر دەرەکەویت). بۆیە لەناو ئەم کتێبەدا گومانم نییە سیفەتێکی پەنهانی هاوڕێ شاعیرەکەت دەبینیتەوە تێدا.
خودی کتێبەکە لە شێوەی خاڵ لەدوای خاڵ ئەو ڕفتارە سەیر و پەنهانانەی شاعیری ڕیز کردووە.

چەند نموونەیەک لە کتێبەکە

١-ئەو شاعیرانەی ئاواتیانە حەزلێبکرێن و ئەوکاتەی حەزلێدەکرێن، شیعر و عەیبەکانی بە جێ دەهێڵن.
٢- شاعیرانی ئۆنلاین
٣- شاعیرێکی زۆر جوان هەرگیز تەنها نییە
٤-ئەو شاعیرەی شانازی بەوەوە دەکات، نازانێ تۆتۆمبێل لێبخوڕێت.
٤-ئەو شاعیرەی بەسەر کەللەسەری ستالیندا دەڕوات.