ئەم ڕۆمانە ناوی خۆت بیر دێنێتەوە
هەندرێن تەها
بیرۆکە و خەون و خەیاڵی زیندوومانەوەی ئینسان لە دێرزەمانەوە هەیە، لەوەیە گرنگترین بەڵگە بۆ ئێمە گلگامێش بێت. ئینسان بە پێی سەردەم و قۆناغەکان نەوەستاوە و هێشتا هەموو جۆرە هەوڵێکی داوە بۆ مانەوە. هەوڵدان بۆ گەشتن بە نەمری، بیرۆکەیەکە ناکرێ زەینمان یەکجاری جێ بهێڵێت. بۆ گەیشتن نەمریی، مرۆڤ سڵی لە هیچ نەکردووەتەوە. هەر جارەو بە هۆکار و بیانویەک ئەو تەقەلایەی داوە، ئیتر هۆکاری ئاینی، یان سەروەت و سامان، یان چێژ و لەزەتەکانی دنیا. وێڕای هەموو ئەو هەوڵانە، نەتوانراوە ئەو ویستە بێتە دی و مەرگ ئامادەییەکی کۆنکرێتیی هەبووە و هەیە.
دەکرێت فۆڕم و تێگەیشتنمان سەبارەت بە پرسی نەمریی، بگۆڕێ، بۆ نموونە: نووسین بەگشتی و ئەدەبیات و داهێنانە هونەرییەکان بەتایبەتی، جۆرێک لە مانەوە و نەمری بە نووسەر و هونەرمەند و بەهرەمەندان دەبەخشێ. دوای پێشکەوتنی کۆمەڵگەکان، بیر و تێڕوانینەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، ئێستاکە بایەخێکی زۆر بە چەمکی نەمریی، لە ئەدەب و هونەر دەدرێت. بۆ ئەوەی بەرهەمێکی ئەدەبی یان هونەری نەمر بێت و زەمەن ببڕێ، بێگومان دەبێت لە ناوەڕۆک و زمان و وردەکارییەکان ئەو توخمانەی تێدابێ، کە وا دەکا، کارەکە نەمر بێت. ئێمە زۆرینەمان دەتوانین بنووسین، بەڵام هەموو ناتوانن کارێک بکەن بە نەمری بمێنێتەوە.
ئیشکردن لەنێو مێژووی ئێمە، کە پڕیەتی لە حەسرەت و چەرمەسەری، ئاسان نییە، بەتایبەت ئەگەر بتەوێت کارێکی هونەریی نەمر پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەیت. با باس لە ڕۆمان بکەین، کە هونەرێکی یەکجار بەرز و گرنگە، کارێکی زەحمەت و پڕ وردەکارییە. لە ڕۆماندا فۆڕمی نوێ و هونەر و گێڕانەوەی نوێمان پێویستە، بەو مانایەی ئێستاکە گۆڕانی جۆراوجۆر لەهەموو لایەنەکان ڕووی داوە.
ئەم ماوەیە خۆشبەختانە، ڕۆمانی(ناوی خۆیان بیر نەماوە)ی ( ئارام محەمەد)م خوێندەوە. ئەم پێشەکییەم لەبارەی نەمریی، بۆیە نووسی، تا بڵێم: نووسەر کارێکی کردووە، کە هەم بەرهەمەکەی و هەم ئازار و ناسۆری ئێمەی کوردی بە جۆرێک نووسیوەتەوە، کە بە نەمری دەمێنێتەوە. لە ڕۆمانەکەدا بە گشتی چەند سەرنجێک دەخەمە ڕوو:
– گێڕانەوەکە هەر لە دەستپێکەوە پێناسەی خۆی دەکات و ناوی خۆی ڕوون دەکاتەوە. ئەمە مێتافۆڕێکی سەرنجڕاکێشە.
– دروستکردنی کارەکتەرێکی وەک بوشرا و نمایشکردنی لەبەردەم خوێنەردا، بەم تایبەتمەندیانەوە کارێکی زەحمەتە، ئاخر ئەو کارەکتەرە دەبێت پڕبکرێت لە کاریگەریەکانی کلتوور و ئایین و سیاسەت و مێژو…هتد، لەبەرئەوە پێم وایە: خوێنەر دەبێت بیانوگربێت لە نووسەر، چونکە ئەگەر بە چاوێک کە پڕنەبێت لە گەڕان بە دوای کەموکوڕی لە کتێبێک دا، ڕەنگ بێت نەتوانێت بە تەواوی هەست بە بەرجەستەیی کارەکتەرەکانی بکەیت، بەڵام ئەوەی لێرە خوێنەر شاگەشکە دەکات ئەوەیە دەبێ تۆ پێ پێ لەگەڵ ئەو بڕۆیت.
– زمانی ڕۆمانەکە زمانێکی مۆسیقایی و شیعریە، بەڵام نەک بەدەر نییە لەقووڵی، بگرە ئەگەر بە دیقەتەوە لە ڕستەکان ورد نەبیتەوە، فێڵت لێدەکات و ماناکەیت لێ ون دەکات. ئەوەش دەبێتە خاڵێکی دیاریی تەکنیکی ڕۆمانەکە، کە خافڵ نەبیت لە گێڕانەوە و هێڵی پێچاوپێجی گێرانەوە و پێوەندی کارەکتەرەکان، ئەگەرناچیرۆکەکە ون دەکەیت.
– ژن- دنیای ژنانە- پانتاییەکی زۆریی ڕۆمانەکەی گرتووە. بە دەیان فۆڕم و شێواز نائارامیی دەروونی و نەخۆشی و کێشەکانی ژنان دەبینین. دەکرێ بڵێین: ژن پێناسەی هەموو گێڕانەوەکەیە.
ناوی خۆیان بیر نەماوە جەختکردنەوەیە لە ئاسمانی گەلێکی بەشمەینەت، کە پەڵەهەورێکی ڕەش بەری خۆری خۆشی و هیوای لێ گرتووە، نە دادەبارێت نە دەڕوات. یاد و هاواری ئافرەتێکی بێ موراد و بێ باوکە، کە پیاوەسالاری ئەوەندە دەقی بە ژیانیەوە گرتووە، پیاسەیەکی ئێوارانی بە خۆیەوە نەدیوە. ناوی خۆیان بیرنەماوە لە ناویدا ناوی خۆتت بیر دێنێتەوە!