دیدگای شاعیرانە
سوهەیب فارووق
لە بارەی وتارەکەی “سۆران محەمەدسوورە”وە لە مەراسیمی بردنەوەی خەڵاتی نووسیاردا
شاعیری نوێ وەزیفەی شاعیرانە و ڕەخنەکارانەشی هەیە، کە هەردوو وەزیفەکە دێن بە دەم یەکترەوە، وەختێ لە بارەی شیعرەوە دەدوێت دەشیعرێنێت و وەختێکیش شیعر دەنووسێت کۆڵێک دنیابینیی خۆی لەمەڕ دۆخەکە جێ ئەکاتەوە، ڕێک ئەکەوێت شاعیرانێک لە پەنای وشەگەل و بابەتگەلی وەک مانیفێست و پێشەکی و دنیابینی و ڕوانینی شاعیرانەوە دەنووسن و دەڵێن وەلێ کە بەوردی لێیان دەڕوانیت جگە لە خۆحەشاردان لەپاڵ ئەو دۆخانەدا هیچ شتێکی ئەوتۆیان نەوتووە و بەوردی مەبەستەکەیان نەپێکاوە.
ڕوانینی شاعیر بۆ شیعر، یان شتێک وەک تیۆر وەک مانیفێست گەر لە دۆخی مێژوویی شیعردا گرنگییەکی ئەوتۆی نەبووبێت و شیعر هاتبێت و دواتریش تیۆر لە شیعرەوە ڕێی خۆی گرتبێت، ئەمڕۆکە لە سەردەمی تازەدا، تیۆرەکان و ناسینیان و ڕوانینی شاعیرانە لە دەرەوەی فۆڕمی شیعر بایەخی ئەوتۆی خۆی هەیە، جۆرێک لە جیددییەت و هۆشیاریی شاعیرانەیە دەرگا بۆ زۆر دۆخ دەکاتەوە بە ڕووی شیعردا، بەو مانایە نا گرێی ددانەکان بە دەست دەکاتەوە و کۆدەکان کەشف ئەکات، بەو مانایە جۆرێک له دیالێکتیک درووست دەکات، لە نێوان ئەوەی شاعیر بە شیعر گوتوویەتی و ئەو دنیابینییەی لە دەرەوەی فۆڕمی شیعر هەیەتی، کە دواجار ئاوی ئەم گفتوگۆیەش ئەچێتە ناو باخەکانی شیعرەوە.
ئەم نووسینەی سۆران هەرچەند له چەند لاوە قابیلی قسەی زیاتر و گفتوگۆی وردتر و زیاتر و ڕەخنەی زیاترە وەلێ کەم نین ئەو ڕستگەلەی کە کۆڵێک “گوتن”یان لە خۆیاندا جێ کردووەتەوە لە نموونەی [هەر شتێک لەنێو خۆیدا بکوڵێت ناتوانێت جێگیر بێت] ڕستەیەکە لە وتارەکەی سۆراندا، ڕوانینێکی ورد و ئەرێنی و کەشفێکی شیعرناسانەیە، کوڵان-جگە لە دۆخە سایکۆلۆژییەکەی شاعیر دالێکە مەدلوولەکەی دۆخی زمانی شیعرییە، ئەو دۆخەیە کە زۆرێک ناوی خزانی زمان، تەقینی هەست و هاژەی شعوور، لادانی زمانی و واتا… و هەروەها ئاماژەیەکی وردی هەردوو دۆخی چیبوون و چۆنبوون-ی شیعرە، دۆخێکی ناوەکی و “خۆبوون”ی داوەتە شیعر، ڕزگاری کردووە لەو پێناسە و ئەرکگەلەی لە دەرەوە شیعری لەسەر بار ئەکرێت، کوڵان دۆخی خزان و جووڵە و بەسەریەکداکەوتنی گەردیلەکانی زمانە، درووستکردنی دۆخە لە پلە و پێوانەی جیاوازدا، درووستکردنی تاقیگەیە بۆ زمان تا بزانین هێز و سیحرەکەی ڕاددەی جیڕییەکەی فشارەکانی و توانای مەتاتییەت و بەرگەگرتنی چەندە، تا بزانین حەوسەڵەی برادەرایەتیی نێوان وشە و وشە و ڕستە و ڕستەی چۆنە و چەنده، تا بزانین بەکورتی ئەم دۆخی شیعرە لە چەند پلەدا دەکوڵێت و لە چەند پلەدا دەیبەستێت.
لە ڕستەیەکی تری وتارەکەوە[ ئەم کوڵانە پڕۆسە و دۆخێکی وەبەرهێن و بووژانەوەییە] ڕوونە لە پڕۆسەی “کوڵان”دا تەنیا یەک دۆخی جێگیر و متمان نییە، چ لە ڕووی دۆخی ناوەکیی ماددەی کوڵێنراودا، چ لە ڕووی فۆڕمی ماددەکەوە، وەک فۆڕم ماددە لە دۆخی کوڵاندا هەمیشە لەگۆڕاندایە، ڕەق، شل، گاز… هەروەها لە ڕووی قەبارە و کێش … تاد یش جگە لە ڕووی دۆخی ناوەکیی ماددەی کوڵێنراویشەوە، کە چەندین گۆڕانکاری بەسەردا دێت لەوانەیە بگاتە ئاستی مەرگیش، شیعریش بەم شێوەیە لە کوڵان و گۆڕانکاریدایە، گەر بە مەرگی خۆیشی کۆتایی پێ بێت، ئەم بینینە بۆ شیعر نیگایەکی تازەگەرانەیە بۆ شیعر و دۆخی نوێخوازانە.
بەستنەوەی دۆخی شیعر و کردە ناوەکییەکانی و کوڵانەکانی و بەستنەوەی بە دۆخی کوردەوە، یەک لەو سەرنجانەیە کە بەردەنگ ڕائەگرێت، سۆران خاڵی هاوبەشی نێوان کورد و شیعر بە کوڵان و نەوەستان و هاتوچۆ و سەرووخوار ناو ئەهێنێت، سۆران ورد دۆخەکەی دۆزیوەتەوە و چواندوونی بە یەکتر بەئاگایی سۆران لەوەدایە تەنیا وشە، شیعر، ڕستە ڕیز ناکات و بڕوات، شاعیربوون لای ئەو جۆرێک لە پەیمان و پابەندبوونە بە گەلەکەیەوە، لە فۆڕمی گوتاری حەماسی و هوتاف و سروود و شیعری بەرەنگاری و حەماسیدا نا، جۆرێک لە درک و قووڵبوونەوەیە، جۆرێک لە بینین و دۆزینەوە و پێناسەکردنە، بە خواستنێک لە “عیرفان مستەفا” کە دەڵێت:”دۆخی کورد دۆخێکە، لە نێوان سەردار و کۆیلەدا، نە سەرداری کۆیلەکانە و نە کۆیلەی سەردارەکانیش” دۆخێکە ڕێک وەک ئەو دۆخەی سۆران ناوی ناوە کوڵان، کوڵانێکی بەردەوامه نە دەبێته هەڵم و کۆتایی دێت نە سارد دەبێتەوە و ئاگرەکەی دەکوژێتەوە.
لە بەشێکی تری وتارەکەوە[ دنیای کوردی دنیایەکی شیعرییە، بەبێ شیعریش ئازادیمان لێ تەنگە] لەم دێڕەدا بەر وشەگەلی “کورد، شیعر، ئازادی” ئەکەوین، کێشەی کورد و دەوڵەتە سەردەستەکانی کێشەی خۆبەدەستەوەنەدان و سرکی و جووڵەیە، مەرجی بنەڕەتیی دۆخی شاعیرانە و زمانی شیعریش هەمان ئەو سرکی و بزێوییەیە، شیعر چییە جگ لە زمانێکی بزێو و جووڵاو و جیوە ئاسا، کە هەر دەمە و دۆخێکی هەیە، کورد چییە جگە لە سیزیفێک کە بە قەولی “عیرفان مستەفا” کە هەمیشە لە دۆخی خلۆربوونەوە و سەرکەوتندایە، مەگەر کێشەی دەوڵەتانی سەردەست و کورد کێشەی کۆنترۆڵنەکردنی کورد نییە، بە هەمان شێوەش کێشەی سیاسەت و سەلەف-یش لەتەک شیعردا هەمیشە کێشەی کۆنترۆڵنەکردن نییە! ترسی سەلەف لە شیعر لە فرەمانایی و فرەمەدلوولی نییە، لەوێوە نییە کە شیعر باوەڕی بە تاکێتی نییە؟ ترس لە شیعر ترس نییە لەو زمانە سرک و بزێو و فرەدال و فرە دۆخەی کە شیعر هەیەتی؟ مەگەر کێشەی داگیرکەرانی کوردیش هەمان فرەیی و فرەدۆخی و فرە کولتووریی کورد نییە؟
سۆران کە دەڵێت دنیای کوردی دنیایەکی شیعرییە، دنیا شیعرییەکە بە مانا ناوەکی و قووڵەکەی کورد و شیعر دەڵێت نەک بەو مانا مێژووییەی کە زۆرێک شاعیر و ڕەخنەکاری ئێمە دەیڵێن، پەیوەندیی کورد و شیعر پەیوەندییەکی مێژینەیە، کورد خاوەنی چەندەها شاعیره، بەم مانایە نا، دیدگای سۆران بۆ کورد و شیعر دیدگایەکی پیشەیی و مەعلووماتی و حیکایەتییانەی ناو مێژوو نییە، ئەوەندەی ڕوانینێکە لەسەر بنەمای چییەتی کورد و شیعرە نەک، شیعر چۆنە و کورد چۆنە.
ئەوەی کە گرنگە ببێت ئەوەیە، ئەمانە تەنیا قسەن و دۆخێکی سۆفیستییانەن لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتێکدا، یان هەر بەڕاست ئەم دنیابینیە لە شیعری سۆران و بەتایبەت کتێبی “قوژبن”دا ئەبینرێت، بەش بە حاڵی خۆم تاک و تەرا بەر شیعر شیعری سۆران کەوتووم ئەو دنیابینییەم هێندەی مەودای شیعرەکە تیا بینیوە، ئەمەیان جێ ئەهێڵم تا قوژبن- ئەبینم و ئەیخوێنمەوە،
وتارەکە خاوەنی کۆڵێک ڕستە و پنتی لەسەروەستانە، لە نموونەی:
١- شیعر گرێیەکی ئۆدیپۆسییە، ئەم گرێیە شاعیر دەتوێنێتەوە.
٢- ئەمڕۆ شیعر بۆ کورد، جەختکردنەوەیە لە بێحاڵی و بێناسنامەییەکەی.
٣- شیعر دەمودووی هزرە.
و گوتنی زیاتریش بەهیوام لە داهاتوودا بتوانم جارێکی تر بچمەوە سەری و هەقی خۆی بدەمێ، دڵخۆش بووم کە وتارێکی وام بینی و خوێندمەوە.
دەقی پەیامی براوەی نووسیار