دەقێکی ڕۆحانیی
ئاهەنگ کاوانی
كتێبی دەیەمی ٢٠٢١ ( بەرەو ڕێگەی درەوشانەوە: کیاکسەر ئەحمەد)
ڕۆمان، پێش هەمووشت گەشتپێکەر (ڕێنیشاندەری)ی خوێنەرە بۆ گەشتێك، گەشتێک بەرەو ڕووناکی یان تاریکی، زۆرجار لەناو خۆیدا قەتیست دەدا، زۆرجار بیرخەرەوە و زیندووکەرەوەی چەندین یادەوەریی تاڵ یان شیرینە، هەندێ ڕۆمان هێندە تاریک و پڕبەسەرهاتی تاڵن، وەک ئەوە وایە بچیتە ژوورێکەوە و دەرگات لەسەر دابخرێ و کلیلیشت لەدیوی ئەودیوی دەرگاکەوە جێهێشتبێ.. کات و وزەیەکی زۆری گەرەکە تا لەو دۆخە تاریکە بێیتە دەرەوە. ڕۆمانیش هەیە هێزی ئەوەی تێدایە زلـلەیەکت لێبدا و بەخەبەرت بێنی، لە دۆخێکی تەواو نائاگاییتەوە بتخاتە دۆخێکی ئاگا و زیندوو، ئەمانە لەو ڕۆمانانەن کە لەگەڵ دەستپێکردن بە خوێندنەوەی دەچیتە گەشتێک و لەگەڵ تەواوبوونی لەشت سووک دەبێ و ڕۆحیشت ئارامییەک بەخۆیەوە دەبێنێ.
• بەرەو ڕێگەی درەوشانەوە کتێبێکی ١١٣ لاپەڕەیییە، یەکەم ڕۆمانی نووسەرە و براوەی خەڵاتی وەشانی نووسیارە بۆ کتێبی یەکەمی ٢٠٢٠.
• ڕۆمانەکە بە دیمەنێکی ناوازەی عاشقانەی ئاسایی بەڵام تێر لە جوانیی سروشت و مێیینە و سەمای ناو گەڵا و گوڵ دەستپێدەکات، گەشبینانە لەگەڵ خۆی دەتبات ، لە بوونی کامڵیی جەستە و ڕۆحەوە، هێدی هێدی بەرەو تاریکیی و نائومێدی دەچێ، ڕۆح لەنێوان خۆتەسلیمکردن و شەڕە لەگەڵ واقیع، لە ناوەڕاستی ڕۆمانەکادا ڕووناکاییەک بەدەردەکەوێ، وردە وردە ئەو ڕووناکییە دەبێتە درەوشانەوە، لەوێدا، لە ئەوجی درەوشانەوەیە کە جەستە وجوودێکی زیندەیی نامێنی و ڕۆح بە تەواوی ئاگایییەوی تەسلیم بە درەوشانەوەکە دەبێت، ڕۆح و جەستە دەبن بە یەک.
• ڕۆمانەکە دەقێکی ڕۆحانیی (مەعنەویی) و عیرفانییە، هەربۆیەشە ئەوانەی ڕۆحانیین و لەگەڵ سروشت و بوونی گەردوونیدا ئاشنان، زووتر (ئاوێتەی بەسەرهات و زمانی ڕۆمانەكە دەبن) تێکەڵ بە بەسەرهات و زمانی ناو ڕۆمانەکە دەبن. لەگەڵ حەکایەتەکانی ناو ڕۆمانەکە، حەوت پیاڵە شەراب بەدەم پاڵەوانی ناو ڕۆمانەکەوە دەکرێ وەک ئەوەی ئەو پیاڵانە زیندووکەرەوە و ڕزگارکەری ڕۆحی پاڵەوانەکەبن، لەگەڵ هەر حەکایەتەدا، ڕۆحی پاڵەوان دۆناودۆن دەکات و دێتەوە ناو بوونی ڕاستیی، ئەو حەوت پیاڵەیە دەکرێ حەوت چاکراکانی هاوسەنگیبوونی ڕۆحیی و جەستەیی بن.
• زمانێکی سادە، لێ قووڵ، لەگەڵ بەسەرهاتەکان ڕەنگی خۆی دەگۆڕێ، بەڵام لە خوێنەر ناگۆڕێ.
• بەسەرهاتێکی سەرەکی ڕۆحی ڕۆمانەکەیە، حەکایەتەکانی ناو ڕۆمانەکەش بوونی واقیعی مرۆییە هەنووکەییەكەیە، کە دەکرێ هەر حەکایەتە حەكایەتی من یان تۆ یان ئەو بێت، ئەو حەكایەتانە دۆناودۆن بە ڕۆحی پاڵەوانەکە دەکەن تاكو لە شەڕی دەستەویەخەی ڕۆح و جەستە ڕزگاری دەکەن.
• پەیامی سەرەکیی ڕۆمانەکە: ئەم ژیانە دونییایی و مادییەی مرۆڤی ئێستا پێوەی سەرقاڵە و تێدا دەژی، لە سروشت و ڕۆح و ئاگایی خۆی دووریخستۆتەوە، ڕۆح بەپەراوێزخراوە و جەستە بۆتە سەنتەر، بۆیە پێویستە لە ڕێی شەرابی وجودییەت (بوونخوازانە) و تێکەڵبوونەوە بە سرووشت، ڕامان (مێدیتەیشن) و قوڵبوونەوە بەناو ناخ و بینینی یەکبوونەوەی ڕۆح و جەستە، یەکبوونەوەی مردن و ژیان ،مرۆڤ بگات بە ڕێگەی درەوشانەوە. لێرەشەوە شتێكمان لەسەر ناونیشانی ڕۆمانەكە بۆ دەردەكەوێت: ڕۆمانێك لەبارەی چۆنێتی گەیشتنی مرۆڤ بە درەوشانەوەی مەعنەوی و ڕۆحی.
• لە تەواوی ڕۆمانەکەدا بە ڕوونیی دیارە، کە نووسەر بە بەسەرهات و پێشزەمینەی حەكایەتەکان ئاشنایە، نووسەر کەسێکی ڕۆحانیی، یان گەڕیدەی سرووشت و شاخ و ڕامان نەبێت ناتوانێ ڕۆح بەبەر وشە و دێڕەکانی ڕۆمانێکی وەهادا بکات.
• تاکە شتێ کە من لام وایە نزیکییەکی زیاتری لە نێوان خوێنەر و ڕۆمانەکەدا دروست دەکرد ، ڕۆڵبینینی نووسەرە وەک پاڵەوان خۆی، واتا ڕاناوی (من) لەبری (تۆ )و (تۆ) لەبری (ئەو).
• ئەو دێڕانەی منییان خستە دۆخی ڕامانەوە:
– “خەڵکی تۆیان وەک خۆت قەبووڵ نییە، بەڵکو وێنەکانی خۆیانیان لەسەر تۆ قەبووڵە، وەک ئەو وێنانە تۆیان دەوێت کە خۆیان لەناویاندا گیریان خواردووە.”
– ” سەما بە ڕۆح دەکرێت، نەک قاچ، باڵەکانت بکەرەوە و باوەش بە ئاسماندا بکە!”
– “بۆ من مەرگ کۆتایی بوون نییە،بەڵکو گۆڕینی فۆرمی کورتی ژیانێکە بۆ فۆڕمێکی تر.”
– “شەپۆڵی زەریا شێتەکەش لە گشت لایەکەوە زمانی لە پیرەکەشتی هەڵدەسوو… قرچە و نرکەی دارەکانی کەشتییەکەت هەواڵی تێکشکانی کەشتییەکەتییان ڕادەگەیاند.”
– “خۆشەویستی چاوێکە مرۆڤ وەک گشت دەبینێت، وەک مانا، وەک باڵایی بەرامبەر هەموو ئەخلاقە (ئاكارە) سووک و نزماکانی ژیان.”
– ” تێگەیشتم کە لە شوێنێکدا ئازادیی و خۆشەویستی ڕووبەڕووی یەکتر دەوەستنەوە. دەبێت یەکێکیان هەڵبژێریت، بەڵام بۆ مرۆڤ ناکرێ بەناوی خۆشەویستییەوە ئازادی خۆی بفرۆشێت… ئازادی لە خۆشەویستی باڵاتری، بەڵام شتێکی تریش هەیە بیزانە، هەر خۆشەویستییەک ئازادی تێدا نەبێت کوێرە، هەر ئازادییەک خۆشەویستی تێدا نەبێت سەرلێشێوانە..”
– ” هەموو گەڕان بۆ خۆشەویستییەک لە مرۆڤ، ئاژەڵان، یان هەموو بووندا، هیچ نییە جگە لەگەڕان بۆ خۆشەویستییەکی گەورەتر و ئەبەدی، کە مرۆڤ لەم فۆڕمانەدا ونیکردووە.”
– ” من خۆتم، من هەر لەناو خۆتدام، من لە دەرەوەی تۆدا نیم. واز لەو وەهمە پووچانە بهێنە! چاوت بکەرەوە! هیچ شتێک لە دەرەوەی خۆتدا بوونی نییە.” (ئەو بە هەڵە نووسیوێتی: بوونی نییە، هەڵەیە، نییە ئەو مانایە دەگەیەنێت و تەواو)
– ” دوایین و بەرزترین بینین لە ژیاندا، بینینی ڕەگەزەکەی ترە لەناو خۆتدا.”
ئەوە مایەی دڵخۆشییە، كە لە ئێستای كۆمەڵگەی ئێمە و لە هەنووكەی شەپۆلی ڕۆماننووسی ئێمەدا، گەنجێك لە سەرەتاكانی ژیانیدا ئەو گەردەلوولی چێژ و جەستەپەرستییە ڕەتدەكات و شوێن ئاپۆرا ناكەوێت و زەنگی مەترسیی لە دەستدانی ڕۆحییمان بۆ لێدەدات. ئەو لەسەردەمێكی تاریكەسەلاتی ڕۆحییدا، باسی درەوشانەوەمان بۆ دەكات. ڕۆمانەكە ئومێدەوارانە هەلێك دەخاتە بەردەمی مرۆڤ.. ئەمەش خاڵێكی جیاكەرەوەی ئەم ڕۆمانەیە لە شەپۆلی باڵادەستی ڕۆمانی كوردی، كە پڕە لە ڕەشبینی و مرۆڤ و نیشتمان لەبەرچاوخستن.