bo sit

2021/04/05

ئێستا زۆر شت هەیە هیچ مانایەکی نییە

ڕێکەفت جەلال

(ئەگەر مردن شتێکی بردوویت بۆی بگەڕێنەوە) ئەمە ناونیشانی کتێبێکە لەلایەن شاعیر و چیرۆکنووسی دانیمارکی “ئایا مارییا ‌ئایت” نووسراوە کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2017 لە دانیمارک چاپ و بڵاوکراوەتەوە و لەوێ ناوبانگێکی زۆر بەدوای خۆیدا هێناوە و دواتر ناوبانگی ئەم کتێبە دەگاتە ئەمریکا و بەریتانیا و بە فرۆشراوترین کتێبی نێودەوڵەتی ناوی دەرکرد. لە ئەمریکا خەڵاتی باشترین وەرگێڕانی وەرگرتووە. ئەم کتێبە بۆ 13 زمان کاری وەرگێڕانی بۆکراوە و هەمان ناوبانگی دەرکردەوە لە نێوان زمانی سویدی و نەرویجی و زمانی عەرەبی‌.

 لەسەر بەرگی ئەم کتێبەدا نووسراوە (کتێبی کارڵ) کارڵ کوڕی نووسەری ئەم کتێبەیە، و لە ساڵی 2015 بە کارەساتێکی دڵتەزێن گیان لە دەست دەدات.

نووسەر لەم کتێبە دا کۆمەڵێک بیرەوەری خۆی و کوڕەکەی دێنێت و لەبارەی مەرگ نمونەی هزر و بیری فەیلەسوفەکان لەبارەی مەرگەوە دێنێت لەوانە:  ئەفلاتون و سوکرات. لە لاپەرە 47 زۆر باش باسی دەکات، وە لە زۆر شوێنی دیکەی ئەم کتێبە شیعری شاعیری گەورەی فڕەنسا مالارمێ دێنێت.

لەم کتێبەدا باسی “یادداشتەکانی گلگامێش دەکات کە بەر لە 4000 ساڵ کۆنن و ئاماژەش بە کۆنترین شاکاری دەقی ئەدەبیی دەکات کە هەتا ئێستا ئێمە پێی ئاشنابووبین. ”گلگامێش هاوڕێیەکەی “ئەنکیدۆ کێوی” لەدەست دەدات و هەموو دونیا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە ئۆتۆناپشتم بپاڕێتەوە کە خواکان ژیانی نەمرییان پێ بەخشیوە. داوای هاوکاری لێ دەکات تا لە مردن ڕزگاری بکات. دوای چەندان هەوڵ و تێکۆشان بەخت یاوەری دەبێت و ئۆتۆناپشتم دەدۆزێتەوە، بەڵام بەخشینی نەمریی لە لا دەست ناکەوێت.” لاپەڕە 96.

نمونەی نووسین و ئەدەبی چەندین نووسەر و شاعیر دەهێنێتەوە کە بەهۆی لەدەستادنی کەسانی نزیکی خۆیان نووسراون. وەک لەم نمونەیە:

”لە ساڵی 1580دا شاعیری پۆڵۆنی (جان کۆشانۆفسکی) شیوەننامەیەکی نووسی. شیوەننامەكه‌ی نۆزدە سرووده‌، له‌باره‌ى لەدەستدانی کچە بچووکەکەیه‌وه‌يه‌‌. کچەکەی دوو ساڵ و نیو و ناوی (ئورزولکا) بوو. یەکەمینە لە ئەدەبی پۆڵۆنیادا. بەڵێ، لە تەواوی ئەدەبی ئەورووپای ڕۆژهەڵاتیشدا بەو پێیەی شاعیرێک شیعر لەسەر ئەو جیهانە تووڕەیە بنووسێت. شیعر کۆشکی ڕزگارکەر بوو، خوای خواکان بوو. سەبارەت بە لەدەستدانی کچە منداڵەکەی دەينووسی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کچ بوو… پێشوازيلێکراو نەبوو. ئەو شیوەننامانەيه‌ بە شێوەیەکی سارد و سووک لە قەڵەم درا. ئێستا کۆشانۆفسکی وەک ناودارترین شاعیری پۆڵۆنی هەژمار دەکرێت.

دەنووسێت:

لە هەرکوێ بیت، ئەگەر تۆ هەیت، ئەوا لە خەمبارییەکەمدا خەمڕەوێنم بە!

ئەگەر نەشتوانی لە شێوەی ئورزولکادا دەر بکەویت،

ئەوا تا دەتوانیت خەمڕەوێنم بە! بەڵێ، بە ڕوونی دەر بکەوە!

وەک ڕۆحێک، وەک سێبەر یان خەونێکی تاڵ و دژوار…” لاپەڕە 54

ئەم کتێبە ناکرێت لە ژێر ناوی یەک ژانری تایبەتی ئەدەبیدا هەژمار بکرێت، ناتوانم بڵێم ڕۆمان، چیرۆک یان شیعرە یان بەمانا تایبەتەکەی کتێبێکی دیاری کراوی ئەدەبی نییە بەڵکو چەند کۆژانرێکی لە خۆگرتووە. ئەوەی زیاتر دەبینرێت زمانی شۆک و دووبارەکردنەوەی ڕوداوی بیستنی هەواڵی مەرگی کوڕی نووسەرەکەیە و کە ئەمەش دووبارە جەخت کردنە لەسەر مانەوە و شیوەن گێڕانی نووسەر بۆ نزیکترین کەسی خۆی. هەروەها لە زووربەی لاپەڕەکانی ئەم کتێبە دا نووسرا وە: ”لە دەفتەری ڕۆژنەمدا نوسیم” کەواتە ئەم کتێبە لە کتێبی بیرەوەری دەچێت و کومەڵێک سەرەنجی خۆی نووسیوە کە زوور غەمبارن، لەبارەی مردن.

 شاعیری ڕوسی یەسەنین بو هاوڕێی خۆی مایاکۆڤسکی دەنوسێت: ”مەرگ لەم دونیایەدا تازە نییە، هەر بەڕاستی مەرگ تازە نییە و ئێمە دەزانین ڕۆژێک دێت هەموومان دەمرین، بەڵام مردنی نزیکەکانی ئێمە زوور بو ئێمە غەریبن و ئیمە توشی شوک دەکەن، لە کاتێک دا ئێمە دەزانین مردن چارەنووسی هەموومانە بەڵام هەر دەبێت بو کەسی نزیکی خۆمان غەمبار و نارحەت بین.”

لە چاپە کوردییەکەی کە بە سوپاسەوە کاک ئالان پەری لە زمانی یەکەم (دانیمارکی) بۆ کوردی وەرگێڕانی بو کردووە. خۆێنەر لەکاتی خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا هەست دەکات کە ئەم کتێبە بە تەواوەتی دیزانی ناوەڕۆکی تیا نەکراوە بەڵام وانییە و دیار بووە ئەمە حاڵەتی شۆک بوونی نووسەرەکەیە و پێویستی بەم جۆرە کاری نەخشەسازی ناوەڕۆک هەیە.

ئەگەر مردن شتێکی بردوویت بۆی بگەڕێنەوە – کتێبی کاڕڵ

وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری

لە بڵاوکراوەکانی وەشانی نووسیار ـ چاپی یەکەم 2021.