لەبارەی (مرۆڤی هەرزان)ەوە، سەرنجێکی کورت
بەدران حەبیب
رۆمانی خەیاڵی زانستییانە، جۆرێکە لە رۆمانی نوێ و بووە بە جۆرێکی باویش لەو جڤاکەیلەی کە ژیانی کۆمەڵایەتی تیایاندا تەواو هێووریوەتەوە و بابەتی کۆمەڵایەتییان دەشێ بڵێین بۆ نووسین کەم بووەتەوە. ئەم جۆرە رۆمانە، راستیت دەوێ زیاتر لە ئەنجامی ئەوەشەوە سەری هەڵداوە کە پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆجیا، لەم سەردەمەی ئێمەدا هەنگاوی گەورە گەورە بە شێوەی رۆژانە دەنێتە پێش و هەموو مرۆڤایەتی سەرسام و حەپەساوە ئاخۆ دوای پەنجا یان سەت یان هەزار ساڵی تر دەبێ ژیان چۆن گۆڕابێ؟ یان چۆن چارەسەری هەموو دەردێکی چەتن و ئاسێیان دۆزیبێتەوە؟ یان مرۆڤ چەند بە ئاسانی توانیبێتی بە ناو بۆشاییی بوونەکیدا بۆ خۆی وەرە و بڕۆ بکات؟ بگرە هەزار خەیاڵی سەمەرەترمان بە هزردا دەبوورێ و خۆزگە دەخوازین ئێمەیش وێدەمێ چاوێکمان لێ بوایە.
گۆران سەباح، رەنگە یەکەم کەس بێ خەیاڵی زانستیی هێنابێتە ناو ئەدەبی کوردییەوە. ئەوەی دڵی خۆش کردم و سەرنجی بەکێش کردم، ئەوەیە لە خەیاڵی رۆماننووسدا، کوردستانی خۆمان بووە بە جەرگەی رووداوەیل و لە هەر چوار نکاری دنیاوە بەو کۆنفرانسە زانستییەدا دەڕوانن کە لە هەولێر هاتووەتە بەستن لەبارەی کێشەیەکی فرە ئاڵۆزی ئەو داهاتووەوە، ئەویش کێشەی ئەو خۆکوژییەیە کە ملیۆنان مرۆ لە گش ساتێکدا خۆیان هەڵدەدێرن و گیان لە ناو دەبەن. خۆشتریش لەوە، زانایەکی کوردستان لەو داهاتووە خەیاڵییەدا بە ناوی خاتوون (شووشە)وە توانیویە مرۆڤایەتی لەو کارەساتە گەورەیە رزگار بکات و چارەسەرێکی زانستییانەی بۆ وەدۆزێ.
گۆرانییەکی فۆلکۆریم کتوپڕ هاتەوە بیر، دەڵێ
(لە دنیایە بۆم نەبووی، چیت لێ بکەم لە قیامەتێ؟)
لە سیاسەتدا، خەونەکە وەک خەونی ئەو گۆرانیبێژە نییە، خەباتکارانی کوردستان و شاعیرانی کۆن خەونیان بە یەکسانیی گەل و وڵاتی خۆمان بە گەل و وڵاتانی ترەوە بینیوە تەنانەت ئەگەر لە داهاتووێکیشدا بێ کە ئەوان خۆیان بە ژیان نەمابن و بە چاوی خۆیان نەیبینن. هەر ئەمەیشە وا دەکات کە خەونی نیشتمانپەروەری، ببێتە خەونێکی پیرۆز لای مرۆ، کە هیچ جۆرە چاونەبەری و خۆپەروەرییەکی تێدا نییە.
بۆیە، خەونی رۆماننووسەکەی ئێمە (گۆران سەباح)، دووجار پیرۆزە، جارێکیان وەدۆزینی چارەسەر بۆ دەردێکی کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمە داهاتووە خەیاڵکردە و جاری دووەمیش کە زوانی کوردی و مرۆڤی کوردستان و وڵاتەکەیان دەباتە رێزەی هەموو دنیا و لە گشت سووچ و کەلێنێکەوە، مرۆڤایەتی بە پیرە هەولێری ئێمەدا دەڕوانێ. هەی دەستی خۆش بێ.
زوانە کوردییەکەی رەوانە ئەم رۆمانە. گۆران، رۆژانە گەنجینەی دەربڕینی خۆی دەوڵەمەندتر دەکات.