144231372_143448524178543_6532915739690820883_n

2021/02/04

‘ژاوەژاوم’ لە ژاوەژاویدا خوێندەوە

کامۆ ئاراز
‘ژاوەژاوم’ لە ژاوەژاویدا خوێندەوە، لە ئامێزی دەنگی خشەی هێڵە ئاسنینەکانی شەمەندەفەر، هۆڵی چاوەڕوانی سەفەرکردن، سەر پردێکی ڕووباری سێن و ژاوەژاوی پاریسییەکان. هەڵبەتە من پێشنیار ناکەم ‘ژاوەژاو’ لە ژینگەیەکی هەراوهۆریایی وەهادا بخوێننەوە، وەلێ یەک لەو چەند جارەی دەیخوێنیتەوە، با کەشی خوێندنەوەکە هاوشانی ناونیشانی کتێبەکە بێت. بەڵێ ‘چەند جارێك!’ چونکە چیرۆکەکانی ناو ئەو کتێبە وا لە خوێنەر دەکەن کە چەند بارێک بیەوێت پێیاندا بچێتەوە، هێندە بە ژیرانە و کارامەییەوە نووسراون.
کتێبەکە لە ١٢ کورتە چیرۆک پێکهاتووە، زۆرینەیان کورتیلەن و هێندە کاتی کەسێک ناگرن بیانخوێنێتەوە، وەلێ بیرکردنەوە لە چیرۆکەکان کاتی زیاتری دەوێت، هەر بۆیە ناهاوسەنگییەکی جوان هەیە لە نێوان خێرایی لە خوێندنەوە و هێواشی لە یادگە دەرچوون. ئەم چیرۆکانە هەموو کەسێک دەتوانێت بە ئاسانی بیانخوێنێتەوە و تێیان بگات، مەگەر کەسێک خاوەنی ڕێژەیەکی زۆر کەم لە ئای کیو بێت نەتوانێت مەتەڵەکانی مەبەستی پشت چیرۆکەکان هەڵبهێنێت. ئەوە نەبێت ئیدی چیرۆکەکان سانان و تەواو، بەڵکو هەر خوێنەرە و دەتوانێت لە ئاستی جیاوازدا شیکاری و لێکدانەوەیان بۆ بکات، پێم وایە ئەمە لایەنێکی جوانی دیکەی کتێبەکەی جێگرە: هیچ خوێنەرێک لە شەمەندەفەری ئەو کۆمەڵە چیرۆکە جێنامێنێت.
هەڵبەتە تەواوی چیرۆکەکان سەرنجیان ڕاکێشام، لە یەکەم تا دواهەمین پیتی کتێبەکە بێئومێدی نەکردم، تەنها یەک دانەیان نەبێت کە ڕام لێی نییە، ئەویش بریتییە لە چیرۆکی ‘سەرخۆش.’ لە ڕووی گێڕانەوەوە گومان لەوەدا نییە کە چیرۆکەکە بە لێهاتووییەوە چیرۆکخوانی کراوە، گومان لەوە ناکرێت دۆزی چیرۆکەکە بایەخدارە، بەڵام ئەو چیرۆکە گیرۆدەی چەند کێشەیەکە. ئەم چیرۆکە هاوشێوەی چیرۆکی ‘خۆکوژی’ پرسی پاتریساید [دایەبابکوژی] تێدا جوڵێنراوە، بەڵام چیرۆکی ‘خۆکوژی’ ژیرانەتر مامەڵەی لەگەڵ پرسەکەدا کردووە. بەهەرحاڵ، نامەوێت زیاتر هەڵوەستە لەسەر ئەم چیرۆکەیان بدەم، تەنها ئەوەندە دەڵێم: چیرۆکەکە بە شێوەیەک نووسراوە وەکو ئەوەی بڵێیت نووسەر ویستوویەتی لە کۆڵ خۆی بکاتەوە.
هەرگیز ویستووتە فێری نووسینی چیرۆک بیت؟ ئەم کتێبە جیا لە چێژ گەیاندن بە خوێنەر، قوتابخانەیەکە بۆ پێگەیاندنی چیرۆکنووس.