شقارتە’کەی نەورەس
نەهرۆ هۆمەر
لە تایتڵی کتێبەکەوە باکگراوندێک خۆی نمایش دەکات. ئایا بە مەبەستە؟ یاخود بێ مەبەستە؟
لە ھەر بیست و دوو شیعرەکە(من دەڵێم شیعر)، بۆمان ڕوون دەبێتەوە: بە مەبەست ئەم تایتڵەی بۆ دانەندراوە و خاوەن باکگراوندێکە، دەکرێت ھەر یەکێ لە ئێمە شیکارییەکی بۆ بکات.
باشە ئیشی شقارتە چییە؟
ئایا بەس بۆ ھەڵگیرساندن دەشێ؟ بێگومان ئیشی شقارتە تەنیا ئامڕازێک نییە بۆ ھەڵگیرساندن، بەڵکە زۆر جار بۆ ھەڕەشە و نەکردنی کارە سەرەکییەکە، کەڵکی لێوەردەگیرێ. نووسەر دەیەوێت چی ھەڵگیرسێنێت؟ ئەی باشە دەیەوێت بە نیشاندانی دنکی(کەرستەی شیعر) شقارتەکە، ھەڕەشەی چی بکات(من دەڵێم ھەڕەشە).
بە خوێندنەوەی تەواو شیعرەکان، ئەمە ڕوون دەبێتەوە: نووسەر دەیەوێت چی ھەڵگیرسێنێت و چ ھەڕەشەیەکیش لە کۆمەڵگایەکی دۆگما بکات.
دنکێک شقارتە، لە پەیڤەکان دەدات و گڕ دەگرێت. چی دەسووتێت؟نۆستـالۆژیا؟ ئازار؟ کۆمەڵگا؟ پەیوەندی …تاد، من پێموایە: ئەم ھەموو پەنگ خواردنەوەی ناخ، دەسووتێنێت و لای خۆی نایھێڵێت. خۆڵەمێشەکان چیان لێ ئافرێندرا؟ بوون بە پەیڤ و ڕستەی شیعری. بە بڕوای ئەرستۆ: شیعر دەبێ لە زوبانی ڕۆژانە جیاواز بێت. نووسەر دەیتوانی، بە گوتار و قسەی ڕۆژانە باسی ئەم فرەبابەتانە بکات، لێ بە زوبانێک باسی لێوەکردووە، خودی ئەمە شیعر و ناشیعر لە یەک جیادەکاتەوە.
بۆ کۆمەڵگایەکی دۆگما، ئازادی(بە تەواوی مەفھومەکەوە) بە ھەڕەشە دەزانێت و زۆر جاریش ناوی لێ دەنێت: بەڕەڵلایی! ئەی باشە ناکرێت ئیشی نووسەر ئەوە بێت کە ئەمە پێچەوانە بکاتەوە؟ لە شیعری: بێژینگ(ل.٥٥)، ئیستاتیکا خۆی نمایش دەکات و ھاوارێکی ئازادییانە دێتە بەرگوێ. یان لە شیعری: یادەوەری ئاودا
«ئەو ڕۆژانەی لە زمانی یەکترمان دەخوارد
چاوی داب و نەریت، گوللە بوو؛
بەڵام ئێمە گوڵ و سەمامان ھەڵبژارد. ل٢٧» ویستی جوانی، بۆ کۆمەڵگایەکی دۆگما، جۆرێک لە ھەڕەشەیە.
لە لە کتێبەکە دا، تاوناتاوێ دێڕی سوریالی بەر چاومان دەکەوێت« دەنگت لە قوڕێ وەردەدەم ئەگەر …ل.٢٢»، «تەرمێک لە سەرم دا، خۆی دەشوا … ل. ٣٢»، «ھەر ئێستا تەرمی خۆم لە شان دەکەم و شاخان دەنۆڕم. ل.٣٦». سوریالیزم(سەرووی واقیع) دژ بە ئاقڵانی و لۆژیكی و چشتە باوەکان کار دەکات. سوریالییەکان پێیانوایە: دەتوانن لە نێو وڕێنە و خەون و شێتیدا، جوانی بئافرێنن«نموونە: فلیپ سووپۆ و نیرۆدە و پروتۆن و دواتر سلڤادۆر دالی…تاد». بە گشتی شیعرەکان گرجوکاڵ نین، بۆ تێگەیشتین دەستەوەستان ناوەستین و دەتوانین لێیان تێبگەین. شیعرەکان بە خود’یانە نووسراون. بابەتە سەرەکییەکانی نێو کتێبەکە: ئازارە، ئازادییە، ئیستاتیکایە، نۆستالۆژیایە… فرەبابەت لە خۆدەگرێت و چڕ نەبۆتەوە بۆ یەک بابەت. خۆی ئیشی شیعر ھەر ئەوەیە: پەل بھاوێژێت و دوور بڕوات.
سەرنجێکی ڕەخنەییانە:
لە نووسین دا، باشترە پەراوێز، پەراوێز نەخرێت و ئاسانکاریش بێت بۆ زیاتر تێگەیشتن. ئەگەرچی لە شقارتە دا، تەنێ لە یەک شیعر دا«ئیرۆس، ل.٧٥»پێویستمان بە دووسێ پەراوێز دەبێت، بۆ زیاتر تێگەیشتن و زانیاری دەربارەی خواوەندەکان(من وەک خۆم کێشەم نییە، لێ مەرج نییە بۆ ھەموو کەس وابێت).
لە شیعری بێژینگ ھەڵەیەک لە نیشاندانی وێنە شیعرییەکە دا ھەیە:
ئەو پیاوەی ھەناوم پڕ ماچ دەکات
ڕۆژێک دەمانچەیەک دێنێ،
بێژینگم لێ دروست دەکات.
خەڵووزم لێ وە دەست دەخات.
لە زیندانێم دەنێت(ل.٥٦).
ڕستەی ئاخیری وێنەکە دەشێوێنێت و دژییەک دروست دەبێت. دوای کوشتن و بوون بە خۆڵەمێش، زیندان بوونی نامێنێت. بۆیە دەکرا ئەو ڕستەیە لە شوێنی گونجاو بەکار بھێندرایە، بۆ نموونە بەم شێوەیە بووایە:
ئەو پیاوەی ھەناوم پڕ ماچ دەکات
ڕۆژێک دەمانچەیەک دێنێ،
لە زیندانێم دەنێ و
بێژینگم لێ دروست دەکات،
خەڵووزم لێ وە دەست دەخات.
لە ھەر کتێبێک دا، پێویستە خاڵبەندی و ڕێنووس(خۆی تەواوی ڕێساکانی نووسین) پشتگوێ نەخرێت و ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە بێ خاڵبەندی و ڕێنووس … کتێب ناتەواو دەبێت و تانەشی لێدەدرێت. دیارە شقارتەش لە کەموكوڕی، بێبەری نییە. ھەندێ ھەڵەی زەقی تێدایە و خۆزگە دەکرا ئەم ھەڵانەش بەسەری دا، تێنەپەڕییایە.
…
تێبینییەک:
من لەسەر باشی و خراوی کتێبەکە قسەم نەکردووە، تەنێ گوتوومە: شیعرن.
ھیوای بەردەوامی و زیاتر نووسین.