122017452_200404608148488_9176328304776053132_o

2020/10/20

دەربارەی کۆمەڵە شیعری “شقارتە”

سەنگەر کەریم
دەربارەی کۆمەڵە شیعری “شقارتە”ی نەورەس محەمەد
شیعر باڵاترین نێوەندە بۆ گوزارشتی زمان و چڕکردنەوەی واتا و چۆڕاندنی هەست و سۆز و پرسینی پرسیارگەلێک کە لە فۆرمەکانی تری وێژەدا کاری نەکردەیە.
نەورەس محەمەد لەم کۆمەڵە شیعرەیدا بە چڕی کاری لەسەر زمان کردووە، دایڕشتۆتەوە و مانای دیکەی پێداوە، جیاواز لەو سادەنووسیەی ئێستا باوە، بە زمانێکی چڕ و جوان پرسیارە بوونگەرایەکانی خۆی دەکات.
خاڵێکی جیاکراوەی تری کتێبە شیعریەکە، خۆ ڕزگارکردنە لە دووبارەی و خۆجوینەوە، وەک خۆشی دەڵێت ” شقارتە بە مانای سوتاندنی شیعری دووبارەیە”. ئەو ڕەوتە شیعریەی کە دەکوڕزێتەوە و پڕە لە نووزانەوە، لێرەدا نابینرێت، جەربەزەیی و یاخیبوونێک هەیە بۆ درککردن بە مانای بوون و شوێنی تاک لەو بوونەدا و جەنگان بۆ سەلماندنی تاک ( لە کۆمەڵگایەکی نێرسالاری داخراوی خۆهەڵورتێندا).
لە هەمووی گرنگتر دەنگی مێینەیی نەورەسە، جیاواز لە زۆرینەی شاعیرە مێیەکانی تر، نەورەس کۆژان و خەمەکانی بە دەنگێکی مێینە دەگێڕێتەوە، هەڵقوڵاوی ئەزموون و دونیابینی و خوێندنەوەی خۆی بۆ ژیان.
ئەم شیعرانە لە گۆترە نەنووسراون، ماندووبوونی زۆری پێوە دیارە، هەرچەندە هەندێک لە شیعرەکان سادەترن، کە ڕەنگە کاری پێشتری نەورەس بن؛ بەڵام ئەوانی تر بە زمانێکی چڕ و تۆکمە نووسراون و کاری زۆریان تێداکراوە.
تێبینی/ ئەم سەرنجانە وەک خوێنەرێک نووسیومن، نەک وەک باتەتێکی ڕەخنەیی یان ئەکادیمی. تێگەیشتی خۆمن بۆ شیعرەکان.