دەربارەی ڕۆمانی ” بەرەو ڕێگەی درەوشانەوە”
سەنگەر کەریم
دەربارەی ڕۆمانی ” بەرەو ڕێگەی درەوشانەوە”ی کیاکسار ئەحمەد
شتێک کە لە ڕۆمانی کوردیدا زۆر جێی لەسەر وەستانە، لەگەڵ هەبوونی چەندین بابەت و پرسی جیاواز کە ڕۆماننووس دەتوانێت دەربارەیان بنووسێت، کەچی تەنیا بە دەوری چەند تێما و بابەتێکی کۆن و سواودا دەخولێنەوە ( ئەنفال، شەڕی ناوخۆ، جەنگ، ئەوینی ناکام)، بەڵام ئەم ڕۆمانەی کیاکسار هەوڵێکی جوانە بۆ دەرچوون لەو کۆتە تێماییە. هەرچەندە بابەتەکە هێندەی دێرینی مرۆڤ دێرینە.
ئەم ڕۆمانە ڕۆحانییەکی نائایینییە، دەربارەی یەکێتی بوون و شوێنی مرۆڤ لە سروشتدا و چیەتی مرۆڤ دەدوێت، یان هەوڵدەدات بدوێت و بگەڕێت، لەڕێی سوود وەرگرتن لە نەریت و فەلسەفەی یۆگاوە. کە خالی سەرنجڕاکێش ئەوەیە نزیکە لە ئەزموونی نووسەرەوە و هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە حەقیقەت، یان چوونە سەر ڕێی حەقیقەت ( بێگومان بۆ نووسەر).کاراکتەر دەپرسێت من کێم و چیم، شوێنم چییە لە سروشت و گەردوونەدا، ڕۆمانەکە گەڕانی کاراکتەرە بەدوای ئەو پرسیارانەدا.
چیرۆکی ڕۆمانەکە باس لە کەسێک دەکات کە دوای کۆچی خۆشەویستەکەی، لە ڕێی مەراسیمێکی ڕۆحی شامانیزمیەوە گەشتێکی ڕۆحی دەکات بۆ درکردن و ناسینی حەقیقەتی خۆی.
نووسەر زۆر لێزانانە دۆنادۆنی* ڕۆحی کارەکتەرەکەی بەکارهێناوە بۆ گێڕانەوەی چەندین چیرۆکی تر لە نێو چیرۆکی سەرەکیدا، وەک خوازەیەک بۆ قۆناغە ڕۆحیەکانی کارەکتەر، لە ڕێی دۆنادۆنەوە کاراکتەر ژیانەکانی پێشووتری بیر دەکەوێتەوە و درک بە حەقیقەتی بوونی دەکات.
زمان زۆر تۆکمە و بەپێزە، شیعری و وەسفیە. هەندێک بەشی زمانێکی سادەترە، ڕەنگە لەبەرئەوە بێت کە گێڕانەوە وا پێوست دەکات سادە بێت. گرێچن زۆر باش ڕێکخراوە، تەکنیکی دۆنادۆن بۆ گێڕانەوە و گێڕانەوەی چیرۆک لە نێو چیرۆکدا لە ڕێی دۆنادۆنەوە سەرنجڕاکێشە.
دەربارەی ناونیشانەکەی، ئەگەر بڕیار بێت ناونیشان ڕەنگدانەوەی ناوەوە بێت، پێموایە باشتر بوو تەنیا “ڕێگەی درەوشانەوە” بێت، لەبەرئەوەی تەواوی ڕۆمانەکە باسی پڕۆسەی درەوشانەوە دەکات نەک ڕۆیشتن بەرەو ڕێگەی درەوشانەوە.
ئەم ڕۆمانە براوەی خەڵاتی نووسیارە بۆ کتێبی یەکەمی ڕۆمان ۲٠۲٠
ــــــــــــــــــــــــــــــــ
*دۆنادۆن/ لە ئەفسانە و ئایینە هیندیەکاندا، ڕۆحی مرۆڤ دوای مردنی جەستەی دەچێتە جەستەی کەسێک یان ئاژەڵێکی دیکەوە، بەگوێرەیی چاکەخوازی و شەرخوازی کەسەکە، بەو جۆرە ڕۆح نامرێت و هەتا کۆتایی بوون جەستەکان دەگۆڕێت. هەمان باوەڕ لای ئێزیدیەکانیش هەیە و پێی دەگوترێت ” کراس گۆڕین”.