104143793_359755571669748_7755737481561595034_n

2020/07/24

زمان پایسکلێکی شکاو لێدەخوڕێت

کاروان حەسەن سلێمان

ڕۆمانێکە لەدووتۆیی(١٨٢)لاپەڕەدا و لەنوسینی نووسەری لاو (ڕێبین خدر)ـە،لەبڵاوکراوەکانی نووسیار-چاپی یەکەم (٢٠٢٠)

ئەم ڕۆمانە یادەوەریێکە بەناو کوچە و کۆڵانەکانی گەنجیدا دەڕواو یادویادەوەرییە خۆش و ناخۆشەکانمان نیشان دەدات.
ڕۆژگاری زێڕین و دژوار، پەردە هەڵماڵین لەچەند داب و نەریتی کۆمەڵایەتی میللەتی کورد وب ەکەم تەماشاکردنی ئافرەت لەکۆمەڵگەی پیاوسالاریدا. کچێک بە پایسکلەکەیەوە ڕێ دەکات چەندین تانە و تەشەر و توانجی لێ دەدرێ کچ و پایسکل ئاخیر زەمانە!

لەم ڕۆمانەدا جیهانێکی خەیاڵی تێکەڵ بە جیهانی واقیع کراوە وزۆرجار شێوەیەکی سوریالی وەردەگرێ بەڵام لەبنەڕەتدا واقیعە و ئێش و ئازار و ڕۆژگارەکانی دوای ڕاپەڕینمان بۆ نمایش دەکات.
کارەکتەرانی ناو  ڕۆمانەکە گەنجن و لاوی کوردستانن و هەوڵ بۆ خەون وخۆزگە و خەیاڵەکانی خۆیان دەدەن. بەڵام ڕووبەرووی زۆر بەربەست وئاستەنگ دەبنەوە.
زمان لەڕۆمانەکەدا گونجاوە و لەڕووی وشە و دەستەواژە و ڕستەکانەوە بێ گرێ وگۆڵە و نووسەر بەسەرکەوتوویی دایڕشتوون و بە پاشخانێکی ئەدەبی جوانەوە نوسراوە
شوێن لەڕۆمانەکەدا شاری هەولێر و دەوروبەریەتی وەک:(قەڵا، سێتاقان، پیرزین، باغی شار،گڵکەند،گردی قالینج ئاغا،چایخانەی مەچکۆ، بازاڕی قەیسەری)هەموو گەڕان وسوڕانێک لە هەولێرەوەیە.

کارەکتەرەکان دابەش دەبنە سەر دووگ روپی سەرەکی.
گرووپی یەکەم: (ئارەزوو،زامدار،ئازاد،ڕامش) بەردەوام یەکتردەبینن و گروپێکیان پێکهێناوە ئێش و ئازار و مەینەتییەکانی کۆمەڵگا و دەورووبەرت اوتوێ دەکە ن و لێکی دەدەنەوە.

گروپی یەکەم

١- ئارەزوو کە کچێکە کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە کچێکی چالاک زیندوو چوست هاوکاری هەژاران پشت و پەنای لێقەوماوان بەڵام خەڵک و کۆمەڵگە و دەووروبەر بەخراپ و بێ ڕێز سەیری دەکەن. هەموو تاوان و گوناهەکەشی ئەوەیە پایسکلێکی هەیە و لە دەرەوە کارەکان و ئیشی خۆی پێ جێ بەجێ دەکات، کە ئەمەش بەلای کۆمەڵگا و خەڵکەوە نامۆیە و جێگای قبوڵ نییە. ئارەزوو دەرچووی بەشی کوردییە. بەڵام لەکۆلێژ دەرکراوە.

٢- ئازاد: کوڕێکی بیست ساڵانە و کوڕێکی لاوازەی چاوسەوزە، زۆر حەزی بە ئەدەبیاتە و هەموو گفتوگۆیەک دەباتەوە سەر ئەدەبیات، لە پۆلی شەشەمی ئامادەیی وازی لەخوێندن هێناوە. دوای کارەساتی کوشتنی دایکی لەلایەن باوکیەوە ماڵەوەی جێهێشتووە.

٣-ڕامش: کوڕێکی بەنگلادیشییە یەکێک لەکۆمپانیاکان بەناوی ئەوەی دەیبەنە دوبەی و لەوێ دەکەوێتە ناو ناز و نیعمەتەوە، لە هەولێر دایدەبەزێنن و کوڕێکە شاعیرە و خەون و ئامانجەکانی لە خاک نراون بەڵام خۆشحاڵە لەو گرووپە خۆی دۆزیوەتەوە.

٤- زامدار: کوڕێکە لە کۆلێژی کشتوکاڵ دەخوێنێ بەشی خاک و ئاو، مینی مارکێتێکی داناوە و زۆربەی جار مینی مارکێتەکەی شوێنی کۆبوونەوە و گفتوگۆی ئەوگرووپەیە.
.
گروپی دووەم

لە مانە پێکهاتووە (ڕێبین، سەڵاح، ڕاماڵ، ڕووبار)
ئەمانە خەون بە جیهانێکی تازەوە دەبینن و بە جۆرێکی تر بیر لە ژیان و واقیعی کۆمەڵگا و جیهان دەژین. بەڵام چونکە هەریەکەیان خەڵکی شارێکن دوای تەواوبوونی کۆلێژ لە یەکتر دەدەبڕێن.
نووسەر بە باگڕاوندێکی ئەدەبی قوڵەوە ڕۆمانەکەی نووسیووە. زەبەلاح و زەوی خۆرەکان لە زیادبووندان و ئەوانیش دەیانەوێ خۆیان لێ ڕزگاربکەن و بەجۆرێکی تر بژین و خۆیان خاوەنی خۆیان بن نەوەک لەژێر سێبەر و چەتری ئەوان بەسەر شۆڕی بژین.
زمانێک بە سەرپایسکلێک بەناو ئەو هەموو تاریکییە دادەڕوات، زمانێک بەداڵانە تاریک و بۆگەنەکاندا دەڕوات وب ەسەرشاخی زبڵدا هەڵدەگەڕێت.

زمانێک کەوتۆتە شەڕی زەبەلاحەکان ،ئاسمان خۆرەکان،زەمین دڕەکان. ئیتر گێڕانەوەکان چیڕۆکەکان گفتوگۆ و تێڕامان و کێشەکان کۆتاییان نایەت. لەم  ڕۆمانەد اڕەمز وەک تەکنیکێکی ئەدەبی ڕۆڵی تەواوی هەیە و ئەبێ خوێنەر زۆر وریایانە لەگەڵ ڕووداوەکان بڕوات ئەگەر نا، تێگەیشتن و لێ حاڵیبوونی چنگ ناکەوێ، وەستان و  ڕووبە ڕوو بوونەوەی زۆر هەیە بەرامبەر دژواری و داب و نەریت و مەینەتی و ئێش و ئازاری میللەتێک کە لە دوای ڕاپەڕینەوە تێی کەوتوون و بەدەست هەندێ لەو گرفت و ئازارانەت واونەتەوە.