(ئارام) ئارام نییە!
شەفیقی حاجی خدر
لەگەڵ خوێندنەوەی هەر بەندێکی ئەم کورتە ڕۆمانەی کاکە ئارام، مەراقبووم ئاخۆ بەندی دواتر و پاشان پاشبەندەکەشی بەهەمان سەلیقەی تێراو نووسیوە؟
ئەوەی ڕاستی بێ لەگەڵ ڕستە و بڕگەکاندا چاوم بڕوای نەدەکرد، ئەم گەنجە شتێکی وا بە پێز و ناوەڕۆک باڵا بنووسێ. ترسام نەبادا وەک هەندێ لە ڕۆمانە خۆماڵییەکان درێژداڕیی و پەرتەوازەیی و تێهەڵکێشکردنی هێمای ناقۆڵا سەر لە منی بابای خوێنەر بشێوێنی و میزاجم تێکبدا، بەڵام خۆشبەختانە وا دەرنەچوو.
پێکەنین و گریان دوو هێمای حاشاهەڵنەگری ژیانن، بەڵام لەم ڕۆمانەدا بە شێوەیەک جێگۆڕکێیان پێکراوە مەگەر هەر لە دەستڕەنگینی ڕۆمانووسێکی بە ئەزموون بوەشێتەوە، خۆ باسی کورتبڕی دەربڕیش هەر ناکەم.
لێ گەلۆ لە ڕووی واتاوە لە هەمووی گرنگتر و سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کاتێ شۆشگێڕ دەبێتە باندی مافیا. لەم ڕۆمانەدا قوربانیەکە قوربانی دەستی هەردووکیانە، قوربانی هاواری نیشتمانە، ئەو نیشتمانەی ئەو خێروبێرەی لە سەرەیەتی و ئەوەی لە ژێریەتی حوکمڕانە، حوکڕانێک تا دوێنێ بوو، بە ناوی قەبە و پیرۆزی وڵاتپارێزی و شۆڕشگێڕیی، چەکی دەستی هەم مایەی هەم ترس و هەم شکۆ و هیواش بوو، کەچی دواتر کاتێ خۆویستی و منمنۆکێ و تەماع چاوی دڵی کوێر کرد و ڕووی ڕاستەقینەی دەرخست، هەر بەتەنیا ترس مایەوە. ئەو ترسەی دەستی بۆ لەباربردنی هیواش بردووە. لێرەدا ئەو پرسە دێتەگۆڕێ، تۆ بڵێ تۆوی ئەو دەرەنجامە هەر لە بەراییەوە نەڕژابێ؟!
هەندێ وردە تێبینیشم دەربارەی ڕێنووسەکەی هەن، بەڵام خوا هەڵناگرێ زمانێکی سادە و بێگرێو گۆڵە، هەرچەندە زۆریش لەگەڵ ناونیشانەکەی نیم، پێموایە لەگەڵ کورتبڕیی دەقەکە نایەتەوە. زۆر سوپاسی هاوڕێ (عەلی عوسمان یاقوب) سەرنجی بۆ لای ئەم بەرهەمە ڕاکێشام.
لە ڕوانگەی ئەم کورتە ڕۆمانە و بە بەردەوامبوون و کەڵەکەکردنی ئەزموون، ئایندەیەکی گەش بۆ کاکە (ئارام) لە نێو دنیای ڕۆمانی کوردیدا دەبینم، پێموایە دەبێتە سوارچاکێکی نایاب.