نارێکی و فەوزا لە رۆمانی (زمان پایسکلێکی شکاو لێدەخورێت)
پاڤێڵ کەمال حەسەن
ڕێبین خدر بۆ من ناوێکی دیار و درەوشاوەیە لە ئەدەبی کوردیدا. ڕێبین بە بەرهەمێکی شیعریی قەبارە بچووک هاتە دونیای ئەدەبی ئێمە، بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆک و فۆرم خاوەن قوڕسایی و هێزی کێشکردنی زۆر بوو. یەکەم بەرکەوتنی ئێمە بە تێکستی یەکەمی نووسەر بەرکەوتنێکی سادە و راگوزەر نییە، بەڵکو ساتێکی پڕ ئیست و ڕاچڵەکین و وەستانە. دەقەکانی ناتوانیت وەک هەر دەقێکی تر بە ئاسانی بەسەریاندا تێبپەریت و بیانخوێنیتەوە. ئەمەش زادەی ئەم هەستکردن بە بەرپرسارەتییەیە کە نووسەر لە بەرانبەر جیهانی نووسیندا هەیەتی. لە هەر ڕستەیەکدا هەست بەم ترس لە بەرپرسیارەتییە دەکەی لای نوسەر . کاتێک بەر دەقێکی شیعریی ‘رێبین’ دەکەویت هەست ناکەیت دۆخێکی سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتی ئەمی کردبێت بە شاعیر، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەست بە بوونی پاشخانێکی مەعریفیی گەورە دەکەیت لە پشت تێکستەکانی. ئاخر هەموو هەستێک دەتوانێت وەک پەرچەکردارێک لە شێوەی نوسینێک خۆی بەرجەستە بکات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ببێتە تێکستێکی کامڵ و زەمەن تێبەپەرێنێت و بمێنێتەوە. ئەوەی نالی نەمر کرد حەبیبە نەبوو، بەڵکو پاشخانە مەعریفییە قوڵەکەی نالی بوو کە وایکرد تێکستە شیعرەکانی شوێن و کات تێبپەڕێنن و هەتا ئێستاش بە زیندووی بمێننەوە. من هەرگیز بروام بەوە نییە ئەدەبیات بەرهەمی هەست و نەست بێت بەتەنیا، بەڵکو بوارێکی مەعریفی و عەقلانیشە. لە پشت هەموو دەقێکی ئەدەبی گەورە، مەعریفە و عەقل و زمانێکی باڵاش بوونی هەیە. ڕاستە پێش ‘رێبین’ لێرە و لەوێ جار جار تێکستی سوریالییمان لە ئەدەبی کوردیدا دەکەوتە بەرچاو، بەڵام ڕێبین توانی بە تێکستەکان سوریالیزم بگەینێتە لوتکە و پایەکانی لە ئەدەبی کوردی بچەسپێنێت. بەمەش دابڕانێکی ئەدەبیی لە رووی ناوەڕۆک و فۆرم لە ئەدەبیاتی کوردی دروستکرد.
نوێترین بەرهەمی ڕێبین بریتییە لە رۆمانێک بە ناونیشانی (زمان پایسکلێکی شکاو لێدەخورێت). لێرەدا بە کورتی چەند سەرنجێکی لەبارەوە دەخەمە ڕوو:
۱ـ ڕووداوەکانی ئەم رۆمانە بە شێوەیی زنجیرەیی و یەکتر تەواوکردن بەیەکەوە نەبەستراونەتەوە. بەو واتایەی کاتێک لاپەڕەی یەکەمی ڕۆمانەکە دەخوێنیتەوە هەست ناکەی لە سەرەتای ڕووداوێک بیت. کۆتایی لاپەڕەش کۆتایی رۆمانەکە نییە. ئەم شێوازە ناڕێک و ناڕێکخراوە لەوەوە سەرچاوە ناگرێت کە نووسەر لە توانایدا نەبێت رووداوەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە. بە پێچەوانەوە گێڕانەوە بەم شێوازە ناڕێکە قورسترە و سەلیقە و وردەکاری زۆرتری دەوێت. زۆرجار ئەم شێوازە لە نووسین بە شێوازێکی خەیاڵی و دوورکەوتنەوە لە ڕاستی وێنا دەکرێت، بەڵام لە ڕاستییدا زانستی نوێ وا ناڵێت. بەپێی بیردۆزی کوانتەم جوڵە لە سروشتدا بە شێوەیەکی ناڕێکە، نەوەک ڕێکخراو. ئەگەر سەرنجی جوڵەی ئەلیکترۆن بدەی پێشبینی نەکراوە و جوڵەکەی ئاڕاستەکراو و ڕێکخراو نییە، بەڵکو ئەلیکترۆنەکان جۆرێک لە ناڕێکی لە جوڵەکانیاندا هەیە و هەمیشە ئەنجامی جیاواز دەدەن بە دەستەوە. خەونەکانیش بە شێوەی وێنەی پچڕ پچڕ و ناڕێکخراو ڕوودەدەن، بەڵام لەبەرئەوەی توانای زمان سنوردارە و لە توانایدا نییە وەک ئەوەی ڕویداوە گوزارشتی لێبکات. ئێمە دێین ئاسانکاری بۆ زمان دەکەین و ئەوە دەگێڕینەوە کە خۆمان دەمانەوێت نەک ئەوەی کە بینیومانە. ڕووداوە کۆمەڵایەتیەکانیش بە هەمان ناڕێکی و ناڕێکخراوییەوە ڕوودەدەن، بەڵام لە زماندا ئەو شێوە ڕێک و ڕێکخراوەیە وەردەگرن. هەر لە پشت ناونانی ڕۆمانەکە مەعریفەیەکی قوڵ و ئامانجدار هەیە. نووسەر دەیەوێت پێمان بڵێت من ئەو ئەرکە قورسە دەگرمە ئەستۆ و وێنای ڕووداوەکان دەکەم بەم شێوە ڕەسەنە و ئەگەر زمانیش جڵەو نەکرێت سروشتی ئەویش بە شێوەی ڕووداوەکان کار دەکات و ناڕێکخراوە. نووسەر ڕووداوەکانی زۆر سەرکەوتوو و لێهاتوانە بەم شێوازە قورسەی گێڕانەوە داڕشتووە. ئەم بەش بەشکردنە بۆ خوێنەری سادە شێوازێکی ماندوکەر و تاقەت پروکێنە، بەڵام بۆ خوێنەری جددی و ئاشنا بە ئەدەبیات زۆر سەرنجڕاکێش و پڕ چێژە.
۲ـ ڕووداوەکانی ناو رۆمانەکە ڕووداوی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورە نین. گرینگی بە حیکایەتە گەورەکان نادات. نووسەر زیاتر گرینگی بە دونیای شتە بچوکەکان دەدات. نووسەر لە رێگەی ژیانی کچێکەوە بونیادی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئابوری کۆمەڵگەی کوردی و بە دیاریکراویش شاری هەولێر نیشان دەدات. کۆمەڵگەیەک لێوان لێو بە نۆرم و بەهای سەرکوتکەر و داخراو. کۆمەڵگەیەک دژ بە ئازادی و تاکایەتی و کرانەوە. سیخناخ بە غەریزەی مەرگدۆستیی و بکوژی خەون و جیاوازییەکان. کۆمەڵگەیەکی نیرۆسیی کە شارێک دەکات بە نەخۆشخانەیەکی گەورە. هەر کەسێکیش لە نۆرم و بەها نیرۆسییەکانی لابدات توشی نەفرەت و سزا و مەرگ دەبێتەوە. جگە لەم دیوە کۆنکرێتی و ئاسنینەی کۆمەڵگە، نووسەر باس لەم درز و چاڵاییانە دەکات کە لەم شێوە کۆمەڵگایانە بوونیان هەیە. بەو مانایەی کۆمەڵگە تا چەقۆکانی تیژتر بن خۆی خراپتر لە خوێن دەگەوزێت. تاوەکو زیندانەکانی گەورتر بن یاخیبوون و بەرەنگاربوونەوەکانیش زیاتر دەبن. بۆیە تەسلیمنەبوون و بەرەنگاربوونەوەی ئەم نۆرم و شێوە ژیانە پانتایەکی زۆری ڕۆمانەکەی داگیرکردووە. لەم ڕۆمانەدا نووسەر وەک سۆسیۆلۆجێکی قوڵ خوێندنەوە بۆ ئەم شێوە لە ژیانە دەکات و پەیوەستی دەکاتەوە بە بونیادی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی. بونیادێک کە ئەم شێوە لە سیاسەت و ئابوری و مەعریفە و شاعیر و زانکۆیە دێنێتە بوون. کۆمەڵگەیەک کە هەلهەلەیەک تاپۆ بێت لای، کارێکی نەکردەیە بتوانیت لە ڕێگەی بانگەشە و دروشمی بریقەدار بگات بە ئازادی و ژیانێکی مانادار. هەر ئەم هۆکارەشە وایکردووە لە ناو بازنەیەک بخولێینەوە و هەر جوڵەیەک لە بوارەکانی تر هیچ نییە جگە لە گەرانەوە بۆ هەمان خاڵی دەسپێک.
۳ـ لەم ڕۆمانەدا هەرگیز ناتوانیت خەیاڵ لە واقیع جیابکەیتەوە. نووسەر زۆر کارامە و لێزانانە ئەم دوو ڕەهەندە تێکەڵکێشی یەکتر دەکات و کارێکی نەکردەیە بتوانیت لە یەکتریان جیابکەیتەوە. خەیاڵ و واقیع دوو ڕووی یەک دراون. هەموو ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە واقعیین و دیوێکی خەیاڵیشیان هەیە، یاخود بە پێچەوانەوە. ئەوەی دیکارت دەڵێت بوون لەیەککاتدا لە ناو خەون و ئاگایداییە. ئەمەش وا دەکات خوێنەر قوڵتر لە دیاریدەکانی دەوروبەری ڕابمێنێت و هەردوو رووەکەی ببینێت.
٤ـ ڕێبین پێش ئەوەی رۆماننوس بێت شاعیرە. بۆیە زۆرجار نەستییەن زمانە شیعریەکە دێتە گۆ و نووسەر لە زۆر شوێندا گەمەی زمانەوانی دەکات و یاری بە وشەکان دەکات، بۆیە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە هەستم بەوە دەکرد جگە لە رێبین هیچ کەسێکی تر لە ناو رۆمانەکە بوونی نەبوو. ڕێبین هەم نووسەری رۆمانەیەکەیە و هاوکات لە بەشێکی ڕۆمانەکە وەک کارەکتەر بەناوی خۆی دێتە ناو ڕووداوەکان و هەروەها ڕۆحە یاخیی و سەرکێش و بەرەنگاریەکەی ناو ڕۆمانەکە جگە لە سروشتیی کەسایەتی نوسەر کەسێکی تر نییە.
لە کۆتاییدا دەڵێم رۆمانی (زمان پایسکلێکی شکاو لێدەخورێت) یەکێکە لە ڕۆمانە جوان و سەرنجڕاکێشەکان لە ئەدەبیاتی کوردیدا. پێویستە هەموو خوێنەرێکی ئەدەبیی لە ماڵەکەیدا هەیبێت و ئاشنا بێت لەگەڵ ئەم ژانەرە سوریالی و جیاوازە ئەدەبییە.