خەونێك لە كەللـەمدا خۆی هەڵدەكوتێت!
لهبارهی ڕۆمانی ڕۆژێك لهو ساڵانه ههڵدهگرم
ئاوێر حەسەن/وێبسایتی گەلاوێژ
ئەرێ دەبێ ژیان هەر ئهوەبێت، كە ئێمە بینیومانە، یان چەند جۆرە ژیانێكی دیكەیش هەن و ئێمە هێشتا پێیان نەگەیشتووین، یان باشترە بڵێین تێیان نەگەیشتووین؟ ئەرێ ئاوڕدانەوە لە ژیانی ڕابردوو چاكترە بڵێین بابردوو، بۆ هێندە ئاڵۆز و پڕ هەڵدێرگە و كەند و لەندە؟
خەڵكێكی زۆر حەزیان لە ژیانێكی بێ دڕكوداڵ و شیرینە، كەچی زۆر جار ژیانی تفتوتاڵ و سەخت و دژوار ئەنجامی باشترە!
ئەو مرۆڤانەی ئەمڕۆ ناوبانگیان هەوردڕ و سنووربڕە، لەنێو مەكۆی ژان و ئازاردا پێگەیشتوون…
هەر لە لاپەڕەكانی بەرایی ڕۆمانی: ” ڕۆژێك لەو ساڵانە هەڵدەگرم” نووسراوە: ” مرۆڤ كە لە دایك دەبێت ژیان ڕیسوای دەكات” دەروونناس و كۆمەڵناس هەردووكیان دەتوانن زۆر مانا لەم ڕستەیەوە هەڵێنجن و دەرخواردی خوێنەرانی بدەن، ئاخر هەر لەو ڕۆژەی مرۆڤ لە دایك دەبێت دەبێ ملكەچ بكرێت، بەڵێ ملكەچی باوك، دایك، خوشك و برا، دەستەڵات و یاسا، دابونەریت، دەروونی خۆی، سەدان كۆتوزنجیری دیكە…
بەشێك لەم ملكەچی و گەردەنكەچیەشی بە زەبر و داسەپاندنە، هەر وەختێك لێیان دەرچێت، ڕێك دەبێ لە كۆمەڵگە دەرچێت!
ئەم ڕۆمانە زۆر بە كورتی و كوردی ڕابردووی تاڵی ژیانمان بۆ دەگێڕێتەوە، بەڵام نایەوێ ژانەكان چارەسەر بكات، یادەروەرییەكان هەڵدەڕێژێت، بەڵام نایەوێ بۆ جارێكی دیكە كۆیان كاتەوە، چەندان وەڵام بێ پرسیار و هەوری بێ ئاسمان دەبینی. لەم ڕۆمانەدا هەموو پێكەنینەكانیش لەسەر حیسابی گریانن، ها ئەوەتە دەڵێ:” مرۆڤ كە دێتە ژیان دەگریت، بەڵام ئەو خوشكەی من كە لە دایك بووە پێكەنیوە، كەچی وامان زانیوە گریاوە.” هەر ئەمە نا، دواتر پێكەنین و گریان ڕیسواییان بەدوادا دێت: ” دایكم جاران دەیوت: گریان ئازار بەتاڵ دەكاتەوە، بەڵام ئێستا دەڵێ: پێكەنین و گریان مرۆڤ ڕسوا دەكەن!”
چیرۆك و ژانەكانی ئەم ڕۆمانە فرەجۆرن و هەمەچەشنن، هێشتا چیرۆكی ژانێك تەواو نەبووە، چەندان چیرۆكی دیكەی تر سەریان دەردەهێنن و چیرۆكی پێشووترت لەبیر دەبەنەوە.
لەم ڕۆمانەدا مرۆڤ جگە لە هیلاكی و شەكەتی شتێكی تر نییە، خەندەكان لە هەناوی خەم دێنەوە دەرەوە، بزەكان لەبن برژانگی ئەسرین خۆیان نمایش دەكەن.
تاكە شتێك كە هێمنی و ئۆخەی بە دەروون ببەخشێت نووسینە، یادهوهرییه، چونكە هەم خەمی خۆتی پێ هەڵدەڕێژیت و هەمیش بە پیت و وشەكانی، بەرەنگاری ئەو ژیانە سەیر و پڕ كێشمەكێشمە دەبیتەوە.
بەڵام لە كۆتایی ڕۆمانەكە ڕۆماننووس دەیەوێت ژیان لە دەستی تراژیدیا دەربهێنت و بیداتەوە دەست خەون و خەیاڵ، ئەوەتا دەڵێت: ” ژیان تەنیا مانەوە نییە لەنێو تراژیدیاكانی ڕابردوو، بەڵكوو سەفریشە بەناو خەون و خەیاڵی داهاتوو…”
كەواتە كۆتایی لە ڕۆمانەكەدا خەونێك هەیە دەیەوێت لە قەفەزی كەللـەسەرمان خۆی هەڵبكوتێت و بێتە دەرەوە و بەرەو ئایندەیەكی گەشتر و باشتر لە شەقەی باڵ بدات.
ڕۆمانی ” ڕۆژێك لەو ساڵانە هەڵدەگرم”، ئارام محەمەد نووسیویەتی، یەكێكە لەو ڕۆمانانەی جێگهی سهرنجه و شایهن به لێوردبوونهوه و ڕامانه، لایهنی فكر و بابهتی ڕۆمانهكه ڕامان دهگرێت و جێگهی شیكردنەوه و قسه لهسهر كردنه.
*ڕۆمانی ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم لە نووسینی ئارام محەمەد لە لایەن بڵاوکراوەکانی نووسیار لە مانگی دووی ٢٠٢٠ چاپ و بڵاوکراوەتەوە.