نووسیار خەونە! بیرۆکەیەکی لەمێژینەیە و لە ئێستادا پڕشنگی دەردەکەوێت
سازدانی/ شاخەوان سدیق
دەزگای نووسیار یەكێكە لە دەزگا تایبەت و ناوازەو چالاكەكانی ئێستای ناوەندی كتێب و ڕۆشنبیری كوردی، ئەم دەزگایە لەلایان كۆمەڵێك گەنجی چالاكی ئەدەب دۆستەوە دامەزراوەو بەردەوام لە هەوڵی فراوانكردنی كارو چالاكیەكانیاندان كە لە ماوەیەكی كەمدا توانیویانە چەندین كتێب لە بوارەجیاوازەكاندا چاپ و بڵاو بكەنەوە. لەم دیدارەدا (ئالان پەری) وەك سەرپەرشتیاری دەزگاكە تایبەت بە كارو چالاكیەكانیانمان دواند و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
كەی ئێن ئەی/ لەگەڵ ئەم هەموو جەنجاڵی ژیان و بەرەو ئەلکترۆنی بوونی هەموو شتەکاندا بیرکردنەوە لە دانان و دروستکردنی دەزگایەکی ئەدەبی کە گرنگی زاخاوی مێشک لەڕێگای خوێندنەوەوەو گەڕانەوە بەچاپی کاغەزی بۆ و چۆن بوو؟
ئالان پەری/ نووسیار خەونە! بیرۆکەیەکی لةمێژینەیە و لە ئێستادا پڕشنگی دەردەکەوێت. خۆشەویستی بۆ ئەو بوارە وای لە خەونی نووسیار کرد ببێتە ڕاستی. بەڵام خەونێکی بەردەوامە و ئیشی بۆ دەکرێت و هەمیشە لە نوێبوونەوەداین. هاتنی ئێمە لەو بوارە بۆ ئەوە هاتووە کە نووسەر بە خوێنەرانی بناسێنین، بەرهەمێکی کوالیتی هەڵبژێرین و دیزاینێکی تایبەتی هەبێت، ئینجا بەردەوام کتێب و بەرهەمەکەی لە یاد نەکرێت. سەبارەت بە هەڵبژاردنی بەرهەمەکان لە نووسیار لیژنەی خوێندنی بەرهەمەکان هەیە کە بەرهەمی هەر نووسەرێک دەخوێننەوە و هەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ نووسیار دەنێرن، دواتر بە تێکڕا بڕیار لەسەر بڵاوکردنەوەی کتێبەکە دەدەرێت.
چەند كتێبێكی بڵاوكراوەی دەزگای نووسیار
كەی ئێن ئەی/ هەر لەسەرەتای کارەکانتانەوە جیاواز دەستان پێکرد، زۆرێک لە دەزگاکانی چاپ پێش ئێوە ئیشیان لە سەر نووسەری گەورەو ناوی گەورە دەکرد، ئێوە ئەم ڕێچکەتان شکاندو گەڕانەوە بۆلای گەنج و نووسەری گەنج تەنانەت بۆلای ئەو نووسەرانەی یەکەم بەرهەمیان چاپدەکەن، ئەم ئاوڕدانەوەیە چۆن و نهێنی ئەمە چیبوو؟
ئالان پەری/ جیاوازی ئێمە هەر لە هەڵبژاردنی بەرهەم و ناو، تا دەگاتە دیزاینی بەرگەکان کە شێوازێکی تایبەتی خۆی هەیە. ئەوەی گرنگە لای ئێمە کوالیتی بەرهەمەکەیە. نووسەر و کتێبەکەی دەبنە خاڵێکی ناوەند لە نووسیار و هەمیشە لە ژێر ڕوناکی دەبن، چونکە پلانی ئێمە ئەوەیە کە ئیش بۆ نووسەر و بەرهەمەکەی بکەین بێ جیاوازی لەگەڵ نووسەرانی تر. ناوە نوێکان جێی بایەخن و زۆر شتی تازەیان لێ بەدی دەکرێت، هەر بۆیە ئەو موجازەفەیەش ئەبێ بکرێت بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان بە باشترین شێواز پێشکەشی خوێنەر بکرێت. هەتا پێمان دەکرێت کار بۆ نووسینی ناوخۆ بکەین، هەندیجاریش کاری وەرگێڕان بۆ کوردیش وەردەگرین، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە نووسینی گەورەکانیش فەرامۆش بکەین، ئەکەوێتە سەر هەڵبژاردن و جۆرێتی بەرهەمەکە. زۆربەی ئەوانەی کارمان لەگەڵ دەکەن گەنجن و بە گیانێکی نوێیوە ئیش دەکەن، هەمیشە بیرۆکەی نوێ و شێوازی تایبەت دێتە پێش. ئێمە لە نووسیار ڕستەیەکمان هەیە زۆر جار بە خۆمانی دەڵێینەوە: نووسیار کتێب لە دڵەوە چاپ و بڵاودەکاتەوە. بەو مانایە بە هەموو هێز و توانا و خۆشەویستییەوە کتێبەکە دەگاتە خوێنەر.
كەی ئێن ئەی/ لە ئێستادا قەیرانی دارایی هەموو سێکتەرە حکومی و ئەهلیەکانی داخستوە و بەهیلاکی بردون بەڵام ماشەڵا ئێوە هەر پڕکارن دەکرێ نهێنی ئەم نەوەستانەتانمان پێ بڵێن؟
ئالان پەری/ ئەوەی لای نووسیار گرنگە بەرهەمە جۆرییەکانە نەک بەرهەمی زۆر و چەندیی، بە ڕای ئێمە ناکرێت بواری ئەدەب و هونەر بوەستێت کاتێک قەیرانێک دێتە ئاراوە، چونکە کتێب هێزە و نەبوونی گەورەترین لاوازییە لە کاتە مەترسیدارەکاندا. لەم ماوەیە پەتای کۆرۆنا هاتۆتە پێش بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئێمە دوو کتێبمان چاپ و بڵاوکردەوە تەنها بۆ ئەوەی ئەو ئومێدە بهێنینەوە بۆ خوێنەر. ئەگەر هەموو شت بووەستێت نابێت بواری کتێب و ئەدەب و هونەر بوەستێت چونکە پەیوەستە بە ڕۆح و دەروونی مرۆڤەوە و خەمڕەوێنی هەموو ئێش و مەینەتییەکانە.
’’نووسیار کتێب لە دڵەوە چاپ و بڵاودەکاتەوە. بەو مانایە بە هەموو هێز و توانا و خۆشەویستییەوە کتێبەکە دەگاتە خوێنەر.’’
كەی ئێن ئەی/ هەمیشە باس لە نەمانی خوێنەرو نەفرۆشتنی کتێب دەکرێت لە هەرێمی کوردستان دەکرێ بزانین فرۆش و خوێنەری کارەکانی ئێوە چۆنە؟ بەتایبەت کە نووسەرەکانی ئێوە ناوی تازەو نووسەری تازەن؟
ئالان پەری/ کاتێک دەستمان بە دامەزارندنی نووسیار کرد، بیری ئێمە لای ئەوە چوو کە دەبێت کتێبەکان بە هەموو شێوازێک لەبەردەم خوێنەردا لەبەردەست بن، واتا دەبێت کتێبەکانی نووسیار لە هەموو کتێبفرش و کتێبخانەکاندا هەبن. کتێبەکانی نووسیار هەواڵی بڵاوکردنەوەیان بۆ دەکات و تا دەکریت کتێبەکان خوێندنەوە و ڕانانیان هەبێت، هەروەها هەمیشە مەراسیم واژۆکردنی کتێبەکانمان کردووە. خاڵێکی تری نووسیار ئەوەیە کە ئەبێ کتێبەکانیش لەدەروەی وڵات هەبن، چ بە شێوازی کاغەزی یان بە شێوازی ئەلیکترۆنی کە لە ئێستادا لە پێگەی ئەمازۆن بە شێوازی ئەلیکترۆنی دانراون و ئەوانەی کتێبە کاغەزییەکانیان دەست ناکەوێت، ئەوە بە شێوازی کتێبی ئەلیکترۆنی دەستەبەر کراوە. فرۆشی ئێمە وا خەریکە دەردەکەوێت بەو پێیەی بە شێوازی زنجیرەیی لەبواری ئەدەب و فەلسەفە کتیب چاپ دەکەین، بۆیە هەندێک لە خوێنەرەکان چەند زنجیرە کتێبێک پەسەند دەکات و هەندێکی تر ژانرەکانی تر پەسەند دەکات. نووسیار جورئەتی ئەوەی کرد کە کتێبە شیعرییەکانیش چاپ بکات و هەرگیز شیعری وەلا نەناوە. لەپاڵ ئەوەش چەند کتێبێک لە بواری ڕۆمان و فەلسەفەو دیدارە ئەدەبییەکاندا بەرهەم هێناوە.
كەی ئێن ئەی/ لەماوەی ڕابردودا خەڵاتی نوسیارتان بۆ ژانرە جیاوازەکان ڕاگەیاند بیرۆکەی ئەوە چۆن بوو وە بەچی گەیشت و ئامانج لێی چی بوو، بەنیازن بەردەوامبن ساڵانە؟
ئالان پەری/ بیرۆکەی خەڵاتی نووسیار لەوە سەرچاوی گرت کاتێک بیرمان لەوە کردەوە کە چ خەڵاتێک لەوبوارە زیاتر خزمەت بە نووسەر و کتێب دەکات، بینیمان هەمیشە چاپکردنی یەکەم کتیبی نووسەر سەخترین کارە و هەمیشە بەر ئاستەنگی و ڕەتکردنەوەی دەزگاکان دەبێتەوە، بۆیە خیرا بانگەشەی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم لە بواری شیعر و چیرۆک و ڕۆمان دا و تا ٣٠-٠٦-٢٠٢٠ بەرهەمەکان وەردەگرین. وەک هەر خەڵاتێکیش دەبێت بەشدار بوو چەند مەرجێکی تیا هەبێت و تا بێتە ناو پێشبڕکێکەوە، یەکێک لەو مەرجانە تەمەنی بەشداربووە کە لە ٢٠ بۆ ٣٥ ساڵانە و دیسانەوە جەختکردنە سەر بەرهەمی گەنج و ناوە نوێیەکان. بڕیاریشمان داوە کە ئەم خەڵاتە ساڵانە بکرێت و هەر خولێک بەناوی نووسەرێکی کاریگەری ئەوە ساڵە ناوبنرێت. لە خولی ساڵی ٢٠٢٠ بە ناوی محەمەد عومەر عوسمان ناونراوە.
كەی ئێن ئەی/ پڕۆژەی داهاتووتان چیەو بەنیازی چین؟ وەک نووسیار؟
ئالان پەری/ لە پڕۆژە پلانی نووسیاردا هاتووە کە نووسیار دەبێتە پردێک لە نێوان ڕۆژهەڵاوت و ڕۆژئاوا، لەو ماوەیەدا هەوڵ ئەدەین کە کتێبەکانی نووسیار وەرگێڕانی پێچەوانەیان بۆ بکرێن بۆ چەندین زمانە زیندووەکانی جیهان و لەوبارەیەوە پێوستیمان بە وەرگێڕی شارەزا هەیە لەو بوارە.