سەرئەنجام ئەم کتێبە چاپ و بڵاو دەبێتەوە
شاڵاو حەبیبەوە
سەرئەنجام ئەم کتێبە «مردن لە پێناو ئایدیاکاندا» چاپ و بڵاو دەبێتەوە. ساڵانێک لەمەوبەر (٢٠١٤ وا بزانم) لە ڕەخنەی چاودێر هەوڵێکی زۆرم دا نووسەری کتێبەکە- فەیلەسووفی ڕۆمانی-ئەمەریکی (کۆستیکا براداتان) بە خوێنەرانی کورد بناسێنم. ئەوکات گوتارەکانیمان وەردەگێڕا. هاوڕێمە و زۆر بە بایەخەوە تەماشای ئەوەی دەکرد کە لە کوردستان بە تایبەت لە سلێمانی ڕوو دەدات. کۆستیکا بۆ زۆرێک لە خوێنەران شیرین و سەرنجڕاکێشە، چونکە لە یەک کاتدا پەیوەندییەک لە نێوان، ئەدەب، فەلسەفە و سینەمادا دەدۆزێتەوە. دەستخۆشی لە نەبەز سەمەدی وەرگێڕی کتێبەکە دەکەم، ساڵانێک بەم کتێبەوە ماندوو بوو، هەم بە وەرگێڕانییەوە، هەمیش هەوڵدان بۆ چاپکردنی. کەسێکی فەلسەفەدۆست و خەمخۆرێکی زمانیشە.
پاژێک لە کتێبەکە:
بوون و کات (١٩٢٧) کتێبێکی مەتەڵییە و بە پەلە نووسراوە. ئاخر مارتین هایدێگەر لە ساڵی ١٩١٦ـوە شتی زۆر بڵاو نەکردبووەوە، بۆیە بە جۆرێک پیشە ئەکادیمییەکەی چەقی بەستبوو. هەرچەندە کاتێک بڵاو بووەوە، کتێبەکە یەکسەر بوو بە کلاسیکێک. بوون و کات کاریگەرییەکی توندی لەسەر فەیلەسووفانی دوای خۆی نواند، وەک جۆرج ستێنەر دەبێژێ ”لەنێو مێژووی هزری خۆرئاوادا هیچ ئیشێکی دیکەی وەک بوون و کات نییە” (Steiner 1980: 76). وەک زۆر لە کلاسیکەکان، کتێبەکە بە قەد بەناوبانگییەکەی نەخوێندرایەوە.
لەبەر ئەوەی بە پەلە نووسراوە و سەرکەوتنێكی مەزنی بە دەست هێناوە واتای ئەوە نییە کە کتێبەکە خوێندنەوەی ئاسانە و هەموو کەسێك پێویستە بیخوێنێتەوە. بە پێچەوانەوە، بوون و کات _بە تایبەت هەندێ بەشی_ یەکێکە لە قورسترین کتێبەکانی فەلسەفە تاکوو ئێستا نووسرابێت؛ بۆ زۆر لە خوێنەران کاتی خوێندنەوەی کتێبەکە زیاتر لە کاتی نووسینی کتێبەکە لە لایەن هایدێگەرەوە دەخایەنێت. بە جەختەوە، دواسەرکەوتنەکانی چەندین دەیەی کتێبەکە یەکێکی دیکەیە لە مەتەڵە زۆرەکانی کتێبەکە.
بەکارهێنانە تایبەتەکەی زمان لای هایدێگەر_نەک تەنیا لە بوون و کاتدا، بەڵکوو لە هەموو ئیشەکانیدا_ ناوبانگی بوونی بە ئەو داوە. لە یەک کاتدا، یەکێك لە خراپترین فەیلەسووفەکان کە هەردەم قەڵەمی خستووەتە سەر کاغەز (ئەگەر تۆ گوێ لە دژەکانی بگری)، هەروەها یەکێك لە مەزنترین سەروەرانی زمانی ئەڵمانی (ئەگەر تۆ باوەڕ بە پەسنەرانی بکەی). زمانی هایدێگەر بە سادەیی بە ڕێکەوت قورس نییە، بەڵکوو بە مەبەستەوە وەها قورسە. لە ڕاستیدا، یەکێك لە دەستکەوتە گرنگەکانی پڕۆژە فەلسەفەیییەکەی هایدێگەر دووبارە داهێنانەوەی خودی زمانی فەلسەفییە. بۆ هایدێگەر، فەلسەفەی خۆرئاوایی بە درێژاییی لێرەبوونی لەنێو قەیرانێکی قووڵدا بووە. ”بە زۆری” لەبەر ئەوەی پێش سۆکراتێس و پلاتۆن، کاتێك هەبووە کە تێیدا فەلسەفە گەشەی کردووە: قۆناغی پێش-سۆکراتی. هەرچەندە بۆ زۆر لە فەیلەسووفان هزری خۆرئاوایی لەتەک سۆکراتێس و پلاتۆندا سەرەتا دەگرێ، بەڵام بۆ هایدێگەر لەوێدا کۆتایی دێت. هایدێگەر ناوێکی بۆ ئەم نەخۆشییە هەیە: ”بیرچوونەوەی بوون”. فەیلەسووفان لە کاتی پلاتۆنەوە لەنێو فرەییی بوونەوەرە تایبەتەکاندا خۆیان ون کردووە، بیریان چووەتەوە سەرنج لەوە بدەن سەرجەم ئەوانەی وەک ئەوەی کە ئەوان هەن، چێ کردووە: بوون وەها.