ڕانانێک بۆ کتێبی ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێوازناسی
کارزان عەلی
کاروان عومەر کاکە سوور یەکێکە لە باشترین نوسەرانی ئێمە لە بواری تیۆریی ئەدەبیدا. تەنانەت دەتوانم بڵێم تاقە نوسەرێکە کە وەکو ڕۆماننوس و تیۆریستی ئەدەبی، لە یەک کاتدا بەرهەمەکانی بڵاو دەکاتەوە. پێشتر بەر دوو کتێبی ئەم نوسەرە کەوتووم لەم بوارەدا. “کوشتنی فیل و پاراستنی دوکانی شوشەوات” کە کتێبێکی ئەلیکترۆنییە، و دووەمیان کتێبی “گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام” کە لە لایەن ماڵی وەفایی لە ساڵی 2019 دا بڵاو کراوەتەوە. هەڵبەت ئەم کتێبەیان لە بواری تیۆر یان ڕەخنەی ئەدەبیدا، کتێبی “ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێوازناسیی” یە کە دەزگای نوسیاری ئازیز لە ساڵی 2024 دا بڵاوی کردوەتەوە.
لە کۆی هەردوو کتێبی پێشوودا، کاک کاروان زۆر شارەزا و لێزان باس لە بەشێکی گرنگی تیۆر یان ڕەخنەی ئەدەبی دەکات، بە شێوەیەک کە گەشتێکی ورد و پڕ سەرنجە بە ناو تیۆرە ئەدەبییەکاندا. بەڵام ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت قسەی لەسەر بکەین کتێبی (ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێوازناسی) ە کە یەکێک لە گرنگترین تیۆرە ئەدەبییەکان شی دەکاتەوە. هەڵبەت ڕەگی ئەم تیۆرەیە زیاتر لە تیۆری زمانناسی و ڕەخنەی کلاسیکی ئەدەبەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام کاک کاروان (وەک کاری هەمیشەیی) بۆ شیکردنەوە و باسکردنی ئەم تیۆرەیە دەگەڕێتەوە بۆ بنەما فەلسەفی و زمانەوانییەکانی بە تایبەتی لای نیتشە و سۆسێر، کە دووەمیان بە کۆکردنەوەی وانە زمانەوانییەکانی، بناخەی دروستبوونی زمانناسی و زۆر لە تیۆرە ئەدەبییەکانی سەدەی بیستی داناوە، وەکو بونیادگەری و پاش بونیادگەری.
ئەم کتێبەی کاک کاروان بەسەر دوو بەشی سەرەکیدا دابەش دەبێت، وەک لە پاراتێکستی کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، (بەرەو خوێندنەوەی بەرهەمەکانی بەختیار عەلی لە ڕێی شێواز و شێوازناسییەوە). ئەوەی گرنگە، لە بەشی یەکەمیدا کە بەشی تیۆریی کتێبەکەیە، گەڕان و کنەکردنێکی بەردەوام دەخوێنینەوە و دەڕواتە ناو بەشێکی زۆری تەوژمە فەلسەفییەکان و دواتر جیابوونەوەی تیۆرە ئەدەبییەکان لە ژێر کاریگەریدا، بە تایبەتی وەرگرتنی چەمکی حەقیقەت لای نیتشە، و تێپەڕین بەناو چەمکە فیکرییەکانی هایدگەردا. لێرەوە کاک کاروان گەشتێکی تیۆری و تا ئاستێکی زۆریش ئاسانکراومان پێ دەکات و بە ڕەچەڵەک و بنەمای تیۆری شێوازناسی و ئاماژە فەلسەفیەکانیمان دەناسێنێت. ئەمە لە ڕاستیدا هەوڵێکی ترە لە درێژەی ئەو هەوڵانەی کاک کارواندا کە دەیەوێت وەک (پرۆژەیەکی بەردەوام) کاری لەسەر بکات، پرۆژەیەک کە دەبێتە بەرچاوڕوونی و هەنگاوێکی گرنگ بە ئاراستەی دروستکردنی کەشی دایەلۆگ و لێکتێگەشتنی فیکری و ئەدەبیانە لەمەڕ کایە ئەدەبییەکان بە گشتی، و ڕۆمان بە تایبەتی.
لەم بەشە تیۆرییەدا، نوسەر جەخت دەکاتەوە لە ڕوونکردنەوە و تا ئاستێکی زۆریش ئاسانکردنەوەی بنەما فەلسەفییەکانی شێوازناسی، بۆ ئەم مەبەستەش بە شێوەیەکی گشتی، نەک ڕۆچوون و قووڵبوونەوەی زۆر، قسە لەمەڕ چەمکی شێوازناسی و پەیوەندی بە زمانناسی و سیمۆتیکەوە دەکات. لە پاژێکی تری ئەم کتێبەدا گرنگترین بنەمای ئەم چەمکە ڕوون دەکاتەوە کە بریتییە لە (چەمکی شیعرییەت). لێرەدا ناساندنێکی خێرای ئەم چەمکە بە گەڕانەوە بۆ جاکۆبسین و تۆدۆرۆڤ دەکات و پێناسەیەکی تەواوی ئەم چەمکە ڕوون دەکاتەوە. لە پاژی کۆتایی بەشی یەکەمدا، چەمکێکی تر وەردەگرێت کە وەکو بنەمای شێوازناسی دادەنرێت، ئەویش چەمکی ترازان (الانزیاح) و پەیوەندی بە دەقی ئەدەبییەوە ڕوون دەکاتەوە. هەریەکە لەم چەمکانەی نوسەر لەم بەشە تیۆرییەدا وەریدەگرێت و ڕوونی دەکاتەوە، گرنگی و ئەرزشێکی زۆری هەیە لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا، بەڵکو بەردی بناغەن بۆ دروسکردنی کەشی دایەلۆگ و گەڕانەوەی هەمیشەیی بۆ سەرچاوە و تیۆرەکان.
بەم شێوەیە نوسەر لە ڕێگەی ئەم کتێبە و دوو کتێبی پێشترییەوە، چەند چەمکێکی گرنگی ڕەخنە یان تیۆری ئەدەبی بەسەر دەکاتەوە کە پێکەوە هەنگاوێکی گرنگن بۆ ناسین و قووڵبوونەوەی زیاتری هەر کەسێک بیەوێت زانیاری و تێگەشتنی زۆرتر لەمەڕ ئەم چەمکانە دەستبخات. چونکە لە ڕاستیدا کاک کاروان تەنها گەشتێکی گشتی و هەمەلایەن بەناو ئەو چەمکانەدا دەکات.
بەشی دوووەمی کتێبەکە، کە بەشی پراکتیکی کتێبەکەیە، چەند ئاستێک لە خۆی دەگرێت کە لێرەدا و لە میانی سێ خاڵدا کورتی دەکەینەوە:
خاڵی یەکەم: ئەوەی لێرەدا گرنگە باس بکرێت، بەردەوامبوونی پرۆژەی کاک (کاروان)ە بۆ دامەزراندنی کەشی دایەلۆگ و گفتوگۆی فیکری و ئەدەبی لە مەڕ هەموو ئەو چەمکە ئەدەبیانەی ئەمڕۆ لە ناوەندی نوسینی کوردیدا قسەیان لەبارەوە دەکرێت. یان هەندێکجار (فڕێ دەدرێن). بێگومان لێرەدا کاک کاروان دەچێتەوە سەر ئەو هەوڵانەی کە دراون بۆ قسەکردن لەمەڕ ڕۆمانەکانی بەڕێز (بەختیار عەلی)، نەک خودی ڕۆمانەکانی، چونکە بەشێکی زۆری ئەوانەی ئەمڕۆ قسە لەمەڕ ڕۆمانەکانی ئەم نوسەرەوە دەکەن، لێرە و لەوێ، و کاک (کاروان) چەمکێکی تایبەتیان بۆ بەکار دەهێنێت کە چەمکی (ڕەخنەگری میللی) یە. و دەیەوێت بە دەستپێشخەری و بە مەبەستی دروستکردنی دایەلۆگ، بەردەوامی بەم نەریتە ڕۆشنبیرییە بدات.
خاڵی دووەم: لە بەشی پراکتیکی کتێبەکەدا، نوسەر لێرەولەوێ و بە پێی پێویستی دەقەکە، دەپەرژێتە سەر باسکردنی چەند بابەتێکی تیۆری تر، بە تایبەتی تیۆری (هەرەمسازی) لای هانا ئارێنت و چەمکی (فاشیەت) کە تا ئاستێکی زۆر هەردوو چەمکەکە سیاسین و کاک کاروان لە بوارە ئەدەبییەکەدا تەوزیفی دەکاتەوە. بە ئومێدی دامەزراندنی کەشی دایەلۆگسازی لەگەڵ هەموو ئەو نوسین و هەوڵانەی کە پێشتر دراون بۆ قسەکردن لەسەر ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی. ئەمەش بە مەبەستی زیاتر ڕۆچوون و قووڵبوونەوە بەناو هەوڵی بەردەوامی نوسەردا بۆ کەشفکردنی بنەمای فیکریی و فەلسەفی چەمکە بەکارهێنراوەکان.
خاڵی سێیەم: (وەکو خوێنەرێک) هەوڵی ئەوە بەرز دەنرخێنم کە نوسەر دەیەوێت ئیشی ورد لە سەر کۆی ئەو چەمکانە بکات کە ئەوانیتر لەسەر بەرهەمەکانی (بەختیار عەلی) دەینوسن، لەگەڵ ئەوەشدا (بە هیوام ) ئەم هەوڵە جەختی زیاتر بکاتەوە سەر ئیشکردن و لێکۆڵینەوە لە سەر خودی دەق و ڕۆمانەکانی کاک بەختیار بە جیا، بۆ ئەوەی جۆرێک لە کەشی گۆڕینەوەی دایەلۆگ بەدی بێت لە نێوان دوو لە باشترین نوسەرانی ئێمەدا لە بواری گێڕانەوەدا.