هاواری دڵداری شاعیرە
ڕەوەند جیهانگیر
ئەمن لە ناساندنەکاندا، ئەو کتێبەی گرینگبێ زۆرتری لەسەر دەڵێم و هەڵوێستەێکی زیاتر لەسەر ناوخنی کتێبەکە دەکەم، یاخود کەمی لەسەر دەڵێم و هەوڵدەدەم لە ناساندنەکەمدا، زمانی شیعر و هونەری وێنەسازی و لێکچواندنی بۆ ڕام بکەم، وێنەی کاکڵەی کتێبەکەی پێ بخەمە ڕوو.
بەڵام ئارام محەمەد کاتێک دەستەکانی گوڵە، بە نەرمی مامەڵە لەگەڵ وشەدا دەکات و بە فیڕۆیان نادات، کاغەز و خوێنەر وەڕەس ناکات، بە کورتی دەیدات لە بنی کولەکەکە. ئەمن بۆ بێم سەرتان بئێشێنم.
ئاخۆ هەر ئەوەندە بەس نیە کە بڵێم، ئارام محەمەد هاوار بە ڕووی هاوارێکی نەبیستراودا دەکات،
هاوڕێک، هاواری کوردە، هاواری دڵداری شاعیرە، هاواری کۆماری مهابادە…
هاوار لە هەموو هەست و سۆز و چەشنەکانیان دەکات کە هەڵقووڵاوی ژیان و و ڕووداوی سیاسی و کۆمەڵایاتی ئەوسای ژیانی دڵدارن.
ئاخۆ هەر هێندە بەس نیە بڵێم: گەر دەتانەوێت ڕۆمانێکی جوان و باش بخوێننەوە لەسەر دانەری سروودی ئەی ڕەقیب، ژیانی تایبەتی دڵداری شاعیر، ژیانی سیاسی و خەباتەکەی و کەسە نزیکەکانی،
ئاخۆ هێندە بەس نیە بڵێم دەچیتە نێو ژیانی دڵدارەوە و ئەی ڕەقیب دەڵێیت ، هێندە بەس نیە کە بڵێم هەوای ئازادی لەگەڵ خەبەری دامەزراندنی کۆماردا دڵت دەشنێنێتەوە و ئازارەکانیشی لەبیر ناکرێن…