گوزارشت لە ئاریشە تاڵەکان
هەرێم حەمە شەریف
دەمێکە بەرکەوتەم لەگەڵ ڕۆمانی ئاوا بەهادار نەبووە، کە بەم چەشنە کەمەندکێشی نێو کۆمەڵێک بوویەری خەمناک و ئاڵۆزت بکات. هەر بۆیە لە دەمی خوێندەوەی ئەم ڕۆمانە مرۆ نغرۆی کەشێکی خەیاڵی دەبێت بەرخوردی لەگەڵ واقیع دەپچڕێنێت. کاک ئارام ڤەگێڕێکی بەئەزموون و خودان وزەیە، بە زمانێکی دەوڵەمەند چیرۆکەکان دەخاتە ژێر ڕۆشنایی و بە وردی مامەڵەی لەگەڵ ڕووداوەکان کردووە؛ بە جۆرێک کە خوێنەر نەتوانێ، لە ڕستەیەک غافڵ بێت، تا بەتەواوی ئاشنای دیرۆکی کارەساتی “ئەنفال” و ژیانی ئەوێ ڕۆژێی کوردی خەمدۆست دەبێت.
نووسەر بە شێوەیەک گوزارشتی لە ئاریشە تاڵەکان و پوچگەرایی ژیان کردووە، ئیدی مەرگ ئەو شکۆ و سامەی نامێنێت، مرۆڤ ناچار بە سەرکێشی دەکات.
لەم ڕۆمانەدا زۆر به ڕوونی پەی بە ماندووبوونی نووسەر دەبەیت. هەر لە دابەشکاری ڕووداوەکان و ئافراندنی کاراکتەرەکان و هونەری بەرزی گێڕانەوە، جیاکاری لە تۆنی دەنگ و هەست و شێوازی ئاخافتنی کارەکتەرەکان. بە جۆرێک کارەساتی ئەنفال بەیان دەکات و گوێت لە هاوار و نرکەی چەوساوەکان دەبێت، کە چۆن وەک ڕەمووزن، میللەتێکی خۆشنەدیدە حەوجە بە مەرگ دەکەن. لە هەندێک شوێندا ناچار دەبیت، بۆ بەدبەختی و چارەڕەشی کەس و کاری ئەنفالکراون بگریت، کە حەسرەتی چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئێسک و پروسکی ئازیزانیان بڕستی لێ بڕیون .
ئامان لەو سەردەمە خەمناکەی ئەوسا کە “بشرا و تابان”ی تێدا ژیاوە، بە جارێک نەریتپەرستی مرۆڤی تەمابڕاو کردووە، بەڵام هێشتاکانە توانیویانە، بەبوێری پێ بەسەر ناخۆشییە چێنراوەکانی ڕۆژگار بنێن.
باسکردنی ئەم ڕۆمانە زۆر هەڵدەگرێت بە نووسینێکی لەم چەشنە دوماهیک نایەت. ئەوەی خستمە بەرباس، ستایش نییە بۆ کاک ئارام، وەلێ ڕۆمانێکە شیاوی خوێندنەوەیە، لەمێژە هیچ شتێکم نەنووسیوە، مەگەر بۆ دەردەدڵی خۆم نەبێت، ئەمما دوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە وام هزر کرد، ئەگەر چەپکێک وشە نەخەمە سەر پەرتووکەکەی کاک ئارام، ئەوا ستەمم لێی کردووە. بۆیە بە دڵێکی خەمین و بە چاوی پڕ ئەسرینەوە کتێبەکە دادەخەم. دروود بۆ (ڕۆحە پاکەکانی نێو جەستەی بیابان دەنێرم ) هیواخوازم هەمیشە هەر ئاوا جوان بنووسن.
ڕۆمانی( ناوی خۆیان بیر نەماوە) لە نووسینی ڕۆماننووس “ئارام محمد” کە لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن دەزگای نووسیارەوە چاپ و بڵاوکرایەوە.