515604088 1279762717484870 7999747801385870392 n

2025/07/04

شیعر؛ هونەری ئیستاتیکی

ڕێبوار فایەق

شیعر؛ هونەری ئیستاتیکی و بیر و خەیاڵ وازییە،خەیاڵیش بیرکردنەوەیەکی بێدەنگی ناوەوەی مرۆڤە، کە دەرچە ودەرکەی زۆر دەکاتەوە بۆ خاوەن خەیاڵەکە. خەیاڵیش هەندێ جار بە ناکامی دەمێنێتەوە، یان دەبێتە نووسین و وتن، یاخود کردار.
ئەوەی مرۆڤ جیادەکاتەوە لە هەموو بوونەکانی تر، بیر و ئەندێشە و خەیاڵە، مرۆڤ پڕاوپڕ ناتوانێت گوزارشت لەو خەیاڵانە بکات، هەر بۆیە گۆرانی شاعیر دەڵێت:
هەرچەند ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوار چێوەی هەڵبەستم.

کەواتە خەیاڵ پانتایی و دەنگ و ڕەنگی زۆر زیاتر و فرەتری هەیە، کە وشە ناتوانێت گوزارەیان لێ بکات و وەک خۆی بیهاوێتە دەرەوە، چونکە هەم نووسین و هەمیش وتن سنووردارن.
بۆیە شاعیرەکان و نووسەرەکان پەنا دەبەنە بەر میتافۆڕ” خوازە” تا هیچ نەبێت لەو مەبەست و مانایانە نزیک ببنەوە کە خەیاڵەکە داوای لێدەکات، یان دەیخوازێت.

کۆمەڵە شیعری( ژیان بێدەنگبە، مردن قسە دەکات) کە بە قەڵەمی ” ئەمیر ئەمین” نووسراوە. چڕکردنەوە و دڵۆپاندنێکی کۆی دەقە شیعرییەکانە و هەموو جەدەلەکان لێرەوە دەست پێدەکەن.
ژیان+ مردن، بێدەنگی + قسەکردن، ئێمە وەک دژیەک دەیان بینین، بەڵام لە بنەڕەتدا هەموو دژیەکێک تەواوکەر و دەرخەری بوونەکە، یان نیوەکەی ترە.

ژیان پڕۆسەیەکی گشتگیری ئیلاهییە، ژینگەی جۆراو جۆر و پێکهاتەی سەرسوڕهێنەری هەیە، پڕۆسەیەکی زۆریش ئاڵۆزە.
مردنیش دەروازەی دیوەکەی تر، یان نیوەکەی تری ئەو پڕۆسەیەیە کە ئێمە لە ڕووکاردا بە کۆتایی دەیبینین،بەڵام پڕۆسەیەکی بێدەنگی گواستنەوەیە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر.
بێدەنگیش خۆی هەر وتن و قسەکردنە، بەڵام لە بۆتەی بیرکردنەوە و خەیاڵدا.
ژیان زۆر لە مێژە دەئاخاوێت بە هەموو ئاواز و شێوەیەک دەڵێ و دەچڕێت، شاعیر مەبەستیەتی بە ژیان بڵێت: ئیتر ئێمە تێربووین لە وتنەکانی تۆ، لێگەڕێ با دیوەکەی ترت کە مردنە بێتەگۆ، تابزانین ئەویش چیمان پێدەڵێ و چیمان پێدەبەخشێت.
ئەمە خۆی هاوار و گلە و گازندەیەکی زۆر ڕەشبینانەیە لە بەرانبەر ژیاندا، وا دەخوازێت پشت لە ژیان بکەین و ڕوو لە مردن.
ئەم خەیاڵکردن و ڕووکردنە لە مردن، پاتە دەکاتەوە بە دێڕێکی تر .

من لە شەودا لە دایک بووم
بۆیە نیوە تاریکەکەی جیهان لە مندا پڕە.

خواستنی نێو شیعرەکە وەک میتافۆڕ ” شەوە “کە تاریکییە، یان ڕەشبینی و وێرانەیی و نەزانینە،دژیەک و دەرخەرەکەیشی ” ڕۆژە ” ڕووناکییە، بەڵام نادیارە، یان هەر نییە. چونکە شاعیر بەو نیوەیە کە شەوە پڕ بووە. پڕبوونیش جێی ئەوی تری تیا نابێتەوە، بە تایبەت بۆ تاریکی و ڕووناکی، دەبێت هەر یەکێکیان بێت.

بیرکردنەوە و خەیاڵەکان زۆر زاڵن، جەنگ و هەراو کێبرکێی خودە لەگەڵ ئاین و کلتوور و یاسا و هەموو ئەو قۆرخکاریانەی کە مرۆڤ بەرانبەر بە مرۆڤ و ژینگە و ژیان دەیکات. بۆیە هەموو دەقەکان دەچنەوە ناو هێڵ و خاڵ و پنتی ژیانەوە، ژیانێک کە تێیدا مرۆڤەکان بوونەتە ڕەنگکردنی و بە جۆڕێکیش شێواندنی.
هەمووکۆت و بەندێک کە لە شوێنی خۆیدا نەبوو، تاریکییە و کوشتنی جوانییە.