خوێندنەوەیەکی کورت بۆ ڕۆمانی کارمەندەکان
حەمەی کەریمی
” برایان مەک هێڵ ” نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی لە وتارێکدا بە ناو نیشانی ( خۆشەویستی و مردن لە نووسینی پاشمودێڕن ) دا
[ قاڵب ڕێژیی و هاوشێوەسازی مەرگ ] وەکوو یەکێک لە بەرچاوترین خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی نووسین و ئەدەبی پاشمودێڕنە. کارمەندەکان ڕۆمانێکە بە تێمێکی فەلسەفی و تا ڕادەیەکیش ڕەوانکاوییەوە، دیارە تێمی فەلسەفییەکەی زاڵترە و زیاتر لەوەش پاژەکانی ڕۆمان ئەوەمان پێ دەڵێت بگێڕەوەر کە کەسی یەکەمی تاکە، بە دید و بۆچوونێکی ئۆنتۆلۆژیکەوە ئاوڕ لە دیاردەی مەرگ دەداتەوە، کە هەمان بۆچوونی ” هایدگێر”ە و مەرگ ( وەکوو دوایین ئیمکانێک کە تەواوی ئیمکانەکانی دازاین قفڵ دەکات) دیسانەوە بەشێکی جیانەکراوە دەبێت لە ژیانی مرۆڤ ، ئێستا با بەشێوەی قاڵب سازی یان هاوشێوەسازیش بێت. دیاردەی مەرگ لە پاژەکانی ئەم ڕۆمانەدا دیاردەیەکی زەق و بەرچاوە و بگێڕەوەر خۆی وەکوو بەڕێوەبەری مەراسیمی ناشتنی کارمەندە مردووەکان خۆی دەناسێنێت.
2
پاژێک لە ڕۆمانەکە،
( من نازانم باوکم بۆچی هەمیشە وشەی دیاردەناسی بە هەڵە بەکار دەهێنا. بەڵام هەرگیز دڵم نەهات بۆی ڕاست بکەمەوە، لەوانەیە بۆ ئێوە سەرنجڕاکێش نەبێت. گوتی: مرۆڤەکان هەمیشە پێویستیان بە سێ شتە: خۆراک، گواستنەوە، مەراسیمی ناشتن. جا بەم جۆرە بوو که من بووم به بەڕێوەبەری مەراسیمی ناشتن) کارمەندەکان شایەتیی 37.
دیسان پاژێکی تر لە ڕۆمانەکە.
( لەوکاتەوە هێنراومەتە ئێرە، دڵنیام لەوەی مردووم، بەڵام حسابێکی تۆزێک جیاوازیان بۆ من کردووە و مۆڵەتیان پێ داوم لە هاوشێوەسازییەکەمدا بمێنمەوە. من گیایەکم کە هەموو بەشەکانی ژاکاوە، بێجگە لە چەکەرەیەکی سەوز کە هێشتا زیندووە و ئەم چەکەرەیە هەمان جەستە و زەینی منە و زەینیشم وەکوو دەستێکی لێ هاتووە- لەمس دەکات، نەک ئەوەی بیر بکاتەوە.) کارمەندەکان شایەتیی 35.
وەک باسمکرد برایان مەک هێڵ یەکێک لە خەسڵەت و تایبەتمەندیی ئەدەبی پاشمۆدێڕن بە هاوشێوەسازی و قاڵب سازی ناو دەبات. بگێڕەوەر پاش دڵنیابوونی لە مردنی خۆی مۆڵەتی پێ دەدرێت کە دیسان لە هاوشێوەی خۆیدا کارەکانی ڕاپەڕێنێ و ئەرکەکانی ئەنجام بدات، بەڵام نە بە شێوەی مرۆڤێکی ئاسایی، وەک ڕۆبۆتێک کە زەینی کوژراوە و ناتوانێت بیر بکاتەوە، تەنها دەتوانێت شتەکان و تەنەکان لەمس بکات.)
٭ کارمەندەکان ڕۆمانێکی پاشمۆدێڕنە و لە ژانری ڕۆمانە زانستی- خەیاڵییەکان- و ئەوەی کە برایان مەک هێڵ بە ” سیبرپانک ” ناوی دەبات، پۆلێنبەندی دەکرێت.
٭ ئەم ڕۆمانە لە چەندین پاژی لەت لەت پێکهاتووە و بە شێوەی پازێڵی لەت و کوتەکان دەخرێنە پاڵ یەکتر و ڕۆمانەکە دەبنە پێشەوە.
٭ گۆشەنیگای زاڵ لە گێڕانەوەی ” کارمەندەکان” دا، کەسی یەکەمی تاکە.
٭ بگێڕەوەر لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا لە زمانێکی شاعیرانە کەڵکی وەرگرتووە.
٭ تێمی ئەم ڕۆمانە تێمێکی فەلسەفی و ڕەوانکاوانەیە.
٭ شوێنکات : لەم ڕۆمانەدا شوێنی سەرهەڵدانی ڕووداوەکان کەشتییەکی فەزاییە، کەشتی ” شەشهەزار “
ڕووداوەکان لە سەد ساڵی داهاتوودا واتە لە ( سەدەی بیست و دووەم ) ڕوودەدات و دەگێڕدرێتەوە.
سپاس و دەسخۆشی بۆ ” ئولگا ڕاون ” شاعیر و ڕۆماننووسی دانیمارکی و هەروەها سپاس بۆ نووسەر و وەرگێڕی ئازیز کاک ” ئالان پەری ” بۆ وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە جیدییە بۆ سەر زمانی کوردی.